هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: بنكەی هاوپەیمانان لەناو فڕۆكەخانەی هەولێر كرایە ئامانج

12-09-2021 12:52
ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر، وێنەکان لە ڤیدیۆ وەرگیراون.

پەرەگراف

وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەربارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، ڕایگەیاند كە بنكەی هاوپەیمان لەناو فڕۆكەخانەكە بە "دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" كراوەتە ئامانج و هەردوو فڕۆكەكە لەلایەن هێزەكانیانەوە خراونەتە خوارەوە.

وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە تویتەری فەرمیی دەڵێت "یەكێك لە فڕۆكە تێكشكێندراوەكان كەوتە نێو سنووری بنكەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆكەكەی دیكە كەوتە دەرەوەی سنووری بنكەی هاوپەیمانی".

مارۆتۆ ئاماژەی بەوە كردووە كە هێرشەكە لە كاتژمێر 11:43 ئەنجام دراوە و "هیچ زیانێكی گیانی و ماددیی نەبووە".

وتەبێژی هاوپەیمانان باسی لەوە كردووە كە ئەو هێرشانە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، هێزە عێراقییەكان، پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە و بە هەوڵی لەناوبردنی سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق ناوی بردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆیش دژەتیرۆری كوردستان ڕایگەیاند "لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".

دژەتیرۆر وتیشی "هێرشەكەی لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە"