لە سلێمانی‌و كەركوك‌و نەجەف خوێندن ڕاگیراو هاتووچۆ لەگەڵ 7 وڵات قەدەغەیە

25-02-2020 02:16

پەرەگراف


پارێزگای سلێمانی پشووی لە ناوەندەكانی خوێندن راگەیاند بەهۆی كۆرۆناوە، لە كەركوك‌و نەجەفیش بە هەمانشێوە خوێندن ڕاگیرا، لەسەر ئاستی عێراق هاتووچۆ لەگەڵ 7 وڵات قەدەغە كراو ژمارەی تووشبووان‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لە ئێرانیش زیاتر بەرز بووەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنای تاوتوێ كردو دواتر بە 14 دەنگی بەڵێ و 10 دەنگی نەخێر بڕیاری ڕاگرتنی خوێندنی دا، پشووەكە لە سلێمانی لە سبەینێوە دەستپێدەكات تاوەكو 24ی مانگی داهاتوو.

هەرچەندە تائێستا ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام لە شاری كەركوك ئەمڕۆ چوار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا، وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، ئەو چوار ھاووڵاتییەی لە كەركوك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون ئەندامی یەك خێزانن. ئەو ھاووڵاتییانە پێشتر سەردانی ئێرانیان كردووەو لەو وڵاتە گەڕاونەتەوەو تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا بڕیاریدا، لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن(قوتابخانە، زانكۆو پەیمانگاكان) خوێندن ڕابگیرێت‌و تا كاتێكی نادیار بكرێتە پشوو. هاوكات سبەینێ‌و دوو سبەی لە زۆربەی فەرمانگەكانی كەركوك كرا بە پشوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئیدارەی كەركوك، پشكنینی گشتگیر لە پارێزگاكە بەڕێوەدەچێت و هەموو پرسە، ئاهەنگ و كۆبونەوەیەكی جەماوەری بۆ ماوەی 15 ڕۆژ قەدەغەكرا. هەروەها تیمی پزیشكی لەگەڵ ئەفسەرانی تەواوی بازگەكاندا هەڵدەستن بە پشكنینی هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پارێزگاكە بە شێوەی بەردەوام.

ئیدارەی كەركوك چاودێری دەرمانخانە و كۆگاكان دەكات بۆ ئەوەی نرخی دەرمان بەرزنەكرێتەوە، هەروەها دەڵێت "پێویستە ڕەزامەندی هەردوو وەزیری نەوت و تەندروستی وەربگیرێت بۆ بەكارهێنانی نەخۆشخانەی كەی وەن وەك شوێنی چارەسەر و مانەوەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

لە دوای حاڵەتەكەی دوێنێی نەجەف، كەركوك دووەم شاری عێراقە ڤایرۆسەكەی تێدا تۆمار كرا.

هاوكات ئەمڕۆ لە قوتابخانەو زانكۆكانی نەجەف بۆ ماوەی 10 ڕۆژ خوێندن ڕاگیرا، وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای لە خەڵك كرد نەچن بۆ نەجەف و ئەوانەشی لەوێن نەچنە دەرەوەی شارەكە، مەگەر بۆ كاری زۆر پێویست بێت.

هەر ئەمڕۆ شانەی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق، گەشتی هاتن‌و چوونی 7 وڵاتی قەدەغەكرد تا كاتێكی نادیار، وڵاتەكان ئەوانەن كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بەربڵاویی تێیاندا بڵاوبووەتەوەو بریتین لە؛ چین، ئێران، تایلەند، كۆریای باشوور، یابان، ئیتاڵیا‌و سەنگافوورە.

كۆرۆنا لە ئێران‌و جیهان

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ نوێترین ئاماری تووشبووانی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ڕاگەیاندو دەڵێت: ٩٥ كەس تووشبوون و ١٥ كەس گیانیان لەدەستداوە.

تەندروستی ئێران داوای لە ھاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد لە ماڵەكانیان بمێننەوە ئەوەش وەك ھەنگاوێكی خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

لەگەڵ تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ژمارەی ئەو وڵاتە دراوسێیانەی سنوورەكانیان بە ڕووی ئێراندا داخستووە، بۆ شەش وڵات بەرز بووەوە؛ عێراق، توركیا، گورجستان، ئەرمەنستان، پاكستان‌و ئەفغانستان.

هەر بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە چەندین پارێزگای ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن داخراون، ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرە و دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە.

مردن بە كۆرۆنا لە ئێران ڕێژەیەكی بەرزی هەیەو نزیكەی لەسەدا 20ی تووشبووان دەمرن بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی ڕاگەیەندراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەیەو زۆرترین تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەن، ئەوانەی دەمرن كەمترە لە لەسەدا 3ی ژمارەی تووشبووان ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەكان.

ڤایرۆسەكە جیهاندا بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە، لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان 80 هەزار كەسی تێپەڕاندووە كە لەسەدا 97یان لە چینن‌و دوای چین، كۆریای باشوور بە پلەی دووەم دێت كە نزیكەی هەزار تووشبووی هەیە، ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە زیاتر لە 2 هەزارو 700 كەسن كە زیاتر لە 40 كەسیان لە دەرەوەی چینن‌، هەروەها زیاتر لە 27 هەزار كەسی تووشبوو چاكبوونەتەوە.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە.