ژمارەیەكی زۆر لە دەستگیركراوانی بادینان مانیان گرتووە و بارودۆخیان خراپە

13-09-2021 08:06

پەرەگراف

پارێزەرێكی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان دەڵێت "21 دەستگیركراوی بادینان مانیان گرتووە و بارودۆخی تەندروستی و دەروونییان خراپە. دوێنێ‌ هەندێكیان لەژێر گوشاردا مانگرتنەكەیان شكاندووە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "پێنج كەس لە مانگرتووەكان دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكانی شیلادزێن كە تا ئێستا دادگایی نەكراون".

نۆ كەس لەو دەستگیركراوانەی بادینان ئەوانەن كە لە ئێستادا پرۆسەی دادگاییكردنیان بەردەوامە، پێنجی دیكەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكانن و دوانەكەی دیكەش هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكین.

مانگرتنی دەستگیركراوانی بادینان لە ڕۆژی 6-9-2021 دەست پێ‌ كرد. پاش ئەوەی دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) جارێكی دیكە دواخرا. ئەو چوار دەستگیركراوە لەناو هۆڵی دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر "مانگرتنی تا مردن"یان ڕاگەیاند.

بەشدار حەسەن دەڵێت "ژمارەیەكی زۆر لە دەستگیركروانی خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ‌ تا ئێستا دۆسیەكانیان نەدراوەتە دادگا. كەسوكاری هەندێك لەو دەستگیركراوانە هاتوونەتە لای ئێمە، بەڵام دەبێت ئەو دەستگیركراوانە خۆیان وەكالەتنامەمان بۆ واژوو بكەن تا ببینە پارێزەریان، بەڵام ئاسایش ڕێگە نادات".

بەپێی قسەی ئەو پارێزەرە، كۆی دەستگیركراوانی بادینان كە لە زینداندا ماون "51" كەسن، لەو ژمارەیە تەنیا دۆسیەی 16 كەس نێردراوەتە دادگا و ناسنامەیان دیارە.

داواكاریی دەستگیركراوە مانگرتووەكان كە بەشدار حەسەن دەڵێت "بارودۆخیان خراپە و تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون"، ئەوەیە كە "دۆسیەكانیان یەكلا بكرێتەوە و چیتر دوا نەخرێت".

لە ئێستادا چوار لە سزادراوانی بادینان (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) گوازراونەتەوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر، تەنیا گۆهدار زێباری لە زیندانی ئاسایش هێڵدراوەتەوە، چونكە دۆسیەیەككی دیكەی لەسەر كراوەتەوە.

هەریەك لە (عامر خالید، سڵێمان كەمال، سلێمان مووسا، جەمال خەلیل، فەرسەت ئەحمەد، مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب)یش بە دوو دۆسیەی جیاواز دادگایی دەكرێن، بەڵام سێ‌ جارە دادگاییكردنیان بە پاساوی جیاواز دوادەخرێت

 * چوار سزادراوی بادینان بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر گوازرانەوە

* دواخستنی دادگایی چالاكانی بادینان تووڕەیی لێ‌ دەكەوێتەوە؛ كەسوكارەكانیان: مانگرتنی تا مردن ڕادەگەیەنین

* چوار زیندانیکراوی بادینان "مانگرتنی تا مردن"یان ڕاگەیاند