
پەرەگراف
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، سەرۆکوەزیران داوای لەمامۆستایان کرد ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
مەسرور بارزانی لە وتارێکدا سوپاسی مامۆستایانی کرد کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نەیانھێشت خوێندن بوەستێت، لە کاتێکدا بههۆی بڵاوبوونهوهی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پڕۆسهی خوێندن نهیتوانی بهشێوهیهكی ئاسایی بهردهوام بێت، داوایشی لە مامۆستایان کرد ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
سەرۆکی حکومەت لەو قوتابخانەیە بوو کە ساڵی رابردوو مامۆستایەک بەناوی ئیبراھیم سەباح لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا، دوای ڕووداوەکە قوتابخانەکە کرا بەناوییەوەو ئەمڕۆش منداڵەکانی ئەو مامۆستایە زەنگی دەستپێکردنی خوێندنیان لێدا.
سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی ئەو کێشانەی ڕوبەڕویان بووەتەوە نەیانتوانیوە وەک پێویست بەرنامەکانیان لەبواری پەروەردە جێبەجێ بکەن، تەئکیدی لە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە کردەوەو لە پەیامێکیشدا بۆ پەرلەمانتارانی داھاتووی کورد لە بەغداد، داوای لێکردن کاربکەن بۆ بەدیھێنانی داخوازییەکانی ھەرێم بەتایبەت لە بواری پەروەردەو پشکی کورد لە بەغداد.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، یەک ملیۆن و ٨١٥ ھەزار خوێندکار و ١٦٢ ھەزار مامۆستاو فەرمانبەری پەروەردەو ٢١ مامۆستای وانەبێژ ھەن.
وەزارەتی پەروەردە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دەمامک و ٥٠ ھەزار ماددەی پاککەرەوە(معقم)ی دابین کردووە بۆ سەرەتای پڕۆسەی خوێندن.
دوێنێش وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەك ڕێكاری بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن دەركردو ڕایگەیاند "ماسك پۆشین بۆستافی كارگێڕی، مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و خوێندكاران لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن ئیلزامییە و لە حاڵەتی سەرپێچیدادەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا بۆ گرتنەبەری ڕێكاری كارگێڕیی پێویست".