مووسڵییەكان زۆر توڕەن؛ كاندیدەكان پۆستەرەكان بەسەر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا هەڵدەواسن

14-09-2021 08:55

پەرەگراف

لەسەر وێرانە و داروپەردووی باڵەخانەكانی شاری مووسڵ، كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، وێنەكانی خۆیان هەڵواسیوە، دەیانەوێت خەڵكی شارەكە متمانەیان پێ بدات، لەكاتێكدا دوای چەند ساڵێك لە ڕزگاركردنی شارەكەیان لە دەستی داعش، هێشتا هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە زۆر بە خاوی دەڕوات و مووسڵ لە وێرانەیەك دەچێت.

كاندیدەكانی پەرلەكان لەسەر وێنەكانیان، بەڵێنی داهاتوویەكی گەش و ئاودانكردنەوە و ڕووبەڕبوونەوەی گەندەڵییان داوە، خەڵكی مووسڵیش ئەوە بە گاڵتەجاڕییەكی قبووڵنەكراو دادەنێن، بەهۆی ئەو وێرانە زۆرەی لەوێ هەیە.

دوای چوار ساڵ لە تەواوبونی شەڕی داعش و ڕاگەیاندنی هێزە عێراقییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی پارێزگای نەینەوا، هێشتا وێرانەیەكی تەواو دەبینرێت، بەتایبەت لە بەشی ڕاستی شارەكە كە توندترین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوان سوپای عێراق و داعش لەوێ ڕووی دا.

دروشم بەسەر وێرانەوە

ئەحمەد زەیدی، هاووڵاتییەكی شاری مووسڵە، ئاماژە بە ئاسەواری ئەو وێرانەیە دەكات كە لە هێشتا لەبەرچاوی هەموواندایە.

"ئەوەی قوڕەكەی خەستتر كردووەتەوە، كاندیدەكان هاتوون وێنەكانیان لەسەر ئەو وێرانەیە هەڵواسیوە، بیریان چووەتەوە چی بەسەر شارەكە هاتووە، ئەی كە بردیانەوە چی دەكەن؟!"، زەیدی وا دەڵێت.

ئەو هاووڵاتییەی شاری مووسڵ دەڵێت "بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا بابەتێكی گرنگە، بەڵام ئەو بێهیواییەی دروست بووە، خەڵكی دوودڵ كردووە لە بەشداریكردن و دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ، بەهۆی نەبوونی متمانە و خراپیی ئەو چینە سیاسییەی ئێستا".

متمانە بە پەرلەمان نەماوە

لای خۆیەوە هودا جارەڵا جبووری، ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران و كاندید بۆ خولی داهاتوو، دەڵێت "خەڵكی نەینەوا و عێراق بە گشتی، متمانەیان بە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی ناوەندی نەماوە، چونكە هیچ چاكسازییەكی ڕاستەقینە بوونی نییە، دۆخی كۆمەڵایەتی و تەندروستی لەوپەڕی خراپیدایە".

خەڵك پەشیمانە

ئەو كاندیدە بەشێكی زۆری ئەو وێنانە سەرنجی ڕاكێشاوە كە بە بینا داڕووخاوەكاندا هەڵواسراون و لەسەر شەقامە وێرانەكان دانراون، كە توڕەیی خەڵكی شارەكەی زیاتر كردووە.

ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە، ئەو گەندەڵییە زۆرەی هەیە، هەموو شتێكی خراپتر كردووە، وای لە خەڵكی كردووە نەفرەت لە چینە سیاسییەكە بكەن.

لای خۆیەوە نوور غانم عابد، كاندیدێكی دیكەی شارەكە، دەڵێت "چۆن بە یاسا كاندید بانگەشەی هەڵبژاردن لەڕێی ڕاگەیاندنی بینراو و هەڵواسینی پۆستەرەوە دەكات، دەبێت لە هەمان كاتدا ڕێز لە هەستی خەڵك بگرێت و شوێنی گونجاو بۆ دروشمەكانی بدۆزێتەوە".

غانم باسی لەوەش كردووە، ئەو كارانە بەهۆی ململانێ توندەكانەوەیە كە لە مووسڵ هەیە، چونكە هەموو دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بێت بگەنە پەرلەمان.

موستەفا میعماری، هاووڵاتییەكی دیكەی شاری مووسڵە و ئاماژە بەوە دەكات، ئەو هاوپەیمانێتییانەی ئێستا هەن، لەلایەن میلیشیاكانەوە پشتگیری دەكرێن، ئەوەش كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت، چونكە لە ئێستاوە پرۆسەی كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە دەستی پێ كردەوە.

میعاماری باسی لەوە كردووە كە نرخی كارتێكی هەڵبژاردن گەیشتووەتە 100 هەزار دیناری عێراقی، ئەوەش ترسی كاندیدەكانی زیاتر كردووە.

شاری مووسڵ دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 لە چنگی داعش ڕزگار كرا، پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی زۆر بە خاوی تێدا بەڕێوە دەچێت، ئەوەش نیگەرانییەكی زۆری لای خەڵكی شارەكە دروست كردووە.

هاووڵاتیان پرسیاری ئەوە دەكەن: ئایا كاندیدەكان ئەگەر بیبەنەوە، چ ڕۆڵێكیان لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیان دەبێت؟ چۆن هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە خێرا بكەن؟