میدیای نزیک لە پەکەکە: بەرپرسێکی پەکەکە لە سلێمانی تیرۆر کرا

17-09-2021 11:30
شوکری سەرحەد کە ئەمڕۆ لە سلێمانی دەستڕێژی گوللەی لێکرا

پەرەگراف

میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردەوە، شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی شەھیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، "لە سلێمانی تیرۆر کرا".

"یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد، بەهۆی کێشەی تەندروستیی لە سلێمانی بووە، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی میتی تورکەوە لە سلێمانی شەهید کرا" ڕۆژنیوز نزیک لە پەکەکە وادەڵێت.

ھێرشەکە کاتژمێر ٩ی بەیانیی ئەمڕۆ لە گەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی ڕوویداوە، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەو بەرپرسەی پەکەکە دراوەتەبەر دەستڕێژی گولـلە.

دوای هێرشەکە، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی شوکری سەرحەد گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

یاسین بولوت کێیە؟

یاسین  بولوت ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قەرسی باکووری کوردستان لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٨ پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کۆدەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـدا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە.

یاسین بولوت لەوێ لەگەڵ کادێران و پێشەنگانی پەکەکە، لەدژی کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی  تورکیا بەرخۆدان نیشاندەدات، ساڵی ١٩٩١ ئازاد دەبێت و ڕوو لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەکات، ماوەی ١٥ ساڵیشە وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کاری کردووە.