یەکەی شەڕکەری ئەمەریکی لە ھەولێر و عەین ئەسەد کەم دەکرێنەوە

17-09-2021 12:37
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە کەرکوک/2020. وێنە؛ فرانس پرێس

پەرەگراف

فه‌رمانده‌یی ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، لەگەڵ لایەنی ئه‌مه‌ریكیی ڕێككه‌وتن تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ یه‌كەی شەڕکەری ئەمەریکی له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د کەم بکرێنە‌وه‌.

ئەو ڕێککەوتنە دوێنێ لە کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو لایەن ئەنجام دراوە، وەک به‌شێك‌ له‌ پڕۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی گفتوگۆی ستراتیجی عێراقی - ئه‌مه‌ریكی کە بەشێکی بریتییە لە؛ گۆڕینی ڕۆڵی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ شه‌ڕكردنه‌وه‌ بۆ ڕۆڵی راوێژكاری کە تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ھاوکات ئاستی نوێنه‌رایه‌تی و به‌رپرسیارێتی فه‌رمانده‌یی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌گای فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ له‌ ئه‌فسه‌ر به‌ پله‌ی فه‌ریق دادەبەزێت بۆ پله‌ی لیوا، کە کاری ئیداری، پشتیوانی لۆجستی، ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگریی و ڕاوێژكاریی دەبێت.

بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا ھەرێم لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە کە بەردەوام بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێتە ئامانجو ھێرشی دەکرێتەسەر.

ئاڕاستەكردنی ئەو مووشەكانە بەرەو ھەولێر لەكاتێكدان، مووشەكی سەرچاوە نادیار بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوودا لە بەغداد دۆخێكی ئاڵۆزی دروستكرد، بەردەوامیش پەنجە بۆ میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران ڕادەکێشرێت و وەک سەرچاوەی ھێرش و ھەڕەشەکان تەماشا دەکرێن.

ئەمەریكا چەندینجار جەختیكردووەتەوە هەوڵ نادات بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت یان بە بەردەوامی هێزی سەربازیی لەووڵاتە هەبێت، هەروەك چۆن لە ڕێكەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە ساڵی 2008دا هاتووە كە هاوكاری ئاسایش لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی هەردوولا دەكرێت.

ئەمەریكا دووپاتیكردووەتەوە كە ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت، لە یەكپارچەیی خاكەكەی‌و لەو بڕیارە پەیوەستانەی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانەر و جێبەجێكاری عێراق دەرچوون.

ئەو هەڵوێستانەی ئەمەریكاو بەردەوام بوون لە كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق، دوای ئەوە دێت پەرلەمانی عێراق ساڵی ڕابردوو لە دانیشتنێكدابەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە، زۆرینەی شیعە بڕیاریاندا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان بە تایبەت ئەمریكا لە تەواوی خاكی وڵاتدا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی بە ئامانجگرتنی سەركردە سەربازییەكانی ئێران و حەشدی شەعبی بەتایبەت قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس.