29 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەرەفكەندی و هاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت؛ ڕزگاربوویەك ساتەكانی ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە

17-09-2021 02:28

پەرەگراف

"لە دەرگای نێوان دوو داڵانەكەوە كەسێك هاتە ژوورەوە. سەرەتا تەنیا پێیەكانیم بینی و وامزانی ئەویش لە بانگهێشتكراوەكانە. ئینجا سەرم بەرزكردەوە بۆ سەرەوە، تەماشای باڵای ئەوم كرد تا بزانم كێیە... ئەوەی كە ئێستا دەینووسم تەنیا یەك ساتە، ڕووداوێكی چەند چركەییە كە دەبوو ئێستا كەسێكی دی باسی منی كردبا"، پەروێزی دەسماڵچی، ڕزگاربووی ڕووداوی تیرۆركردنی د. سادقی شەرەفكەندی و هاوڕێكانی، چركەساتی ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە.

نووسینی: پەروێزی دەسماڵچی، ڕزگاربووی ڕووداوەكە

و. لە فارسییەوە: سەڵاح سالار

سەرچاوە: بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی

دەستەیەك لە حیزبی دیموكرای كوردستانی ئێران كە پێكهاتبوون لە: د. سادقی شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حیزب و فەتاحی عەبدوولی، نوێنەری حیزبی دیموكرات لە ئەورووپا، هومایۆنی ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە ئەڵمانیا، لە ڕۆژانی 14 ـ 17ی سێپتەمبەری 1992 لە وڵاتی ئەڵمانیا میوانی كۆنگرەی جیهانیی حیزبە سۆسیالیستەكان و سۆسیال دیموكراتەكان بوون، كە لە شاری بەرلین بەڕێوە دەچوو. لەسەر خواستی د. شەرەفكەندی، بڕیار درا كۆبوونەوەیەك بۆ دەستەیەك لە نەیارانی ئێرانی لە شاری بەرلین ئەنجام بدرێت. ئامانج لەو كۆبوونەوەیە ئەوەبوو گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی ئێران و كوردستان و ڕەوشی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی ئێران بكرێت.

نووری دێهكوردی، ئەركی بەڕێوەبردنی ئەو كۆبوونەوەیەی كەوتە ئەستۆ، بەڵام چونكە خۆی لە ڕۆژانی كۆنگرەی سۆسیالیستەكان بەردەوام لەگەڵ وەفدەكەدا بوو، بۆیە تكای لە خاوەنی چێشتخانەی (میكۆنووس) عەزیزی هەیبەت غەفاری كرد كە ئەو كات و شوێنی كۆبوونەوەكە بە هەموو كەسەكان بگەیەنێت. (نووری دێهوكردی، چالاكوانێكی چەپی سەربەخۆی ئێرانی بوو، لە شاری بەرلین دادەنیشت و لە دۆستە هەرەنزیكەكانی د. قاسملوو و پاشانیش د. شەرەفكەندی بوو، چەندین ساڵ بە ناوی خوازراوی حسێنی ئەحمەدی لە كوردستانی ئێران لە دەوری حیزبی دیموكرات چالاكیی هەبوو).

من عەسری ڕۆژی چوارشەممە 16ی سێپتەمبەری 1992، لەسەر كار گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، لەسەر تەلەفۆنەكەم پەیامێكم بۆ جێهێڵرابوو لەلایەن ئاغای عەزیزی غەفارییەوە، كە كۆبوونەوە هاوبەشەكە لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، شەوی هەینی، كاتژمێر 7:30 لە چێشتخانەی (میكۆنووس) دەست پێ دەكات. هەمان شەوی چوارشەممە ڕۆشتم بۆ ڕیستۆرانتەكە و دڵنیاییم لەبارەی كات و شوێنی كۆبوونەوەكە وەرگرت.

پێنجشەممە 17ی سێپتەمبەر، نزیكەی كاتژمێر 7:50 دەقیقەی ئێوارە تەلەفۆنی ماڵەوە زەنگی لێدا، نووری دێهوكردی بوو، ئەوان لە دەوروبەری ڕێستۆرانتی میكۆنووسن و كەسە بانگهێشتكراوەكان نەهاتوون. پێشتر ئەو بە عەزیزی غەفاری وتبوو شەوی پێنجشەممە و ئەویش بە شەوی هەینی حاڵی بووبوو، شەوی هەینی بە بانگهێشتكراوان ڕاگەیاندبوو. ئەو تكای لە من كرد خێرا بڕۆم بۆ ئەوێ و لەو ماوەیەدا سەرجەم بانگهێشتكراوانی ئاگادار كردبووەوە و منیش ڕۆشتم.

كاتێك گەیشتمە ئەوێ، جگە لە وەفدە بانگهێشتكراوەكە و نووری دێهكوردی، كەسی دیكەی لێ نەبوو. من لە تەنیشت فەتاحی عەبدوولی و دەستی ڕاستی ئەو، بەرانبەر بە دێهكوردی و شەرەفكەندی دانیشتم، عەزیزی غەفاری، خاوەنی ڕێستۆرانتەكە لە هاتوچوو و پێشوازی مێوانەكاندا بوو. ئەو شەوە ئەو نە چێشتی هەبوو، نە شاگرد (گارسۆن).

پاش من، مەسعوودی میر ڕاشد هات و لە تەنیشتمەوە لە دەستە ڕاست دانیشت، ئەو لە بانگهێشتكراوان نەبوو، بە هەڵكەوت هاتبووە ئەوێ و لەسەر داوای نووری لەسەر مێزەكە دانیشت. پاشان مەهدی ئیبراهیمزادە هات، كە بانگكراوبوو، لەسەر خواستی خۆمان بەرانبەر بە ئێمە و لە دەستە ڕاستی شەرەفكەندییەوە دانیشت، كە لای دەستی چەپی شەرەفكەندی نووری دێهكوردی بوو ڕێك بەرانبەر بە من. بۆ ئەوەی زۆر بڵاو نەبینەوە بە دەوری یەك و بە نزیكییەوە دانیشتبووین. دواتر ئەسفەندیاری سادەقزادە هات، ئەویش بانگهێشت نەكرابوو، هەر بە ڕێكەوت هاتبووە ئەوێ و لەسەر داواكاری نووری ئەویش هات و لە بەرانبەری مەسعوودی میر ڕاشد و لە دەستەچەپی مەهدی ئیبراهیمزادەوە دانیشت.

ئەوكاتەی كە هاتم، باسوخواسیان بوو لەسەر كاتی كۆبوونەوەكە، كە كێ ئەم هەڵەیەی لە وادەی كۆبوونەوەكەدا كردووە؟ شەرەفكەندی دەیگوت: من شەوی هەینی پێم ناكرێت، چوون ڕۆژی هەینی كاتی گەڕانەوەم هەیە لە فڕۆكەخانە. نوورییش بۆ جەختكردنەوە لە قسەكەی شەرەفكەندی، دەیوت: من وتم شەوی پێنجشەممە. عەزیزی غەفارییش دڵنیابوو لەوەی ئەوان هەڵەیان كردووە و بەویان وتووە شەوی هەینی، بەهەرحاڵ نەگەشتنە دەرئەنجامێك و باسەكە هەر بە لێڵی مایەوە.

باس هاتە سەر باسی تیرۆرەكانی لەندەن و وین و پاریس، شەرەفكەندی دەیوت "ئەگەر ئەوان (كۆماری ئیسلامیی ئێران) بیانەوێت كەسێك تیرۆر بكەن، دەیكەن، ئێمە ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تەواو بەهێز بووینەتەوە. بۆتان بگێڕمەوە كە ڕۆژێك لە یەكێك لە كێوەكانی كوردستان، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا دانیشتبووین، باس هەتە سەر مەرگ و ژیان، یەكێك لە پێشمەرگەكان لە جێی خۆی هەستا و بازی دایە سەر تەپۆڵكەیەكی بچووك، لەو پەڕینەوە بۆ ئەولاتر، ڕووی لە من (شەرەفكەندی) كرد و وتی: كاك سەعید، (سەعیدی شەرەفكەندی، نازناوی ساد‌قی‌ شەرەفكەندی) بوو، نێوانی مەرگ و ژیان تەنیا ئەوەندەیە".

نزیكەی كاتژمێر 10:30 نانی ئێوارە ئامادە كرا، كاتژمێر نزیكەی 10 دەقیقەی دەویست بۆ 11ی شەو، ئێمە سەرقاڵی نانخواردن و باسوخواسی ئێران و كوردستان بووین. من بەرانبەر بە د. شەرەفكەندی و ئەوانەی لای چەپم قسەم دەكرد، مەسعوودی میر ڕاشد لای ڕاستمەوە دەستی كرد بە ئاخاوتن و گفتوگۆكەی من و د. شەرەفكەندیی بچڕاند.

من ئاوڕمدایەوە بۆ مەسعوود تا بزانم چی دەڵێت. لەو كاتەدا لە دەرگای نێوان دوو داڵانەكەوە كەسێك هاتە ژوورەوە، هاتە پشتی مەسعوودەوە و لە نێوانی من و ئەودا ڕاوەستا، من چونكە دانیشتبووم و چاوم لەسەر مەسعوود بوو، سەرەتا تەنیا پێیەكانیم بینی و وامزانی ئەویش لە بانگهێشتكراوەكانە، ئینجا سەرم بەرزكردەوە بۆ سەرەوە، تەماشای باڵای ئەوم كرد تا بزانم كێیە، ئەوەی كە ئێستا دەینووسم تەنیا یەك ساتە، ڕووداوێكی چەند چركەییە كە دەبوو ئێستا كەسێكی دی باسی منی كردبا. وەختێك چاوی من پەڕییە سەر ڕووخساری وی، كە ئەویش سەیری منی دەكرد، كە ڕەنگە یەك چاو تروكاندن بێت، ڕەشاشێكی دەرهێنا و دەستی بە گوللەبارنكردنمان كرد.

سەرەتا سێ قەباغی فیشەكم بینی كە وام هاتە پێشچاو دەستەسڕێكی لە ڕەشاشەكەیەوە پێچاوبوو، بەڵام دوایی دەركەوت كە فیشەكەكانی لە جانتایەكی وەرزشییدا قایم كردبوو. هەمان كات و سات چاوم چووە سەر ڕەشاشبەدەستەكە كە خوار چاوەكانی داپۆشی بوو، لەوكاتەدا وام بە خەیاڵدا هات كە چاوەكانی بە دەستەسڕ پێچاون، كەچی دوایی بۆمان دەركەوت لە یەخەیەوە تا چاوی داپۆشرابوو.

ئەوكاتە بەبێ ئەوەی دەرفەتی بیركردنەوەم هەبێت، لە خۆوە خۆم هاویشتە ژێر مێزەكەوە و بەسەر ڕوودا خۆم دا بە زەوییدا، هەر پاش چەند چركەیەك فەتاحی عەبدوولی، كە لە دەستەچەپمەوەبوو، كەوتە ژێر هەمان مێزی كە منی تێكەوتبووم، ئەو كە بە چەند چركەیەك درەنگتر لە من خۆی هاویشتە ژێر مێزەكەوە، لەو كاتەدا گوللە بەر دڵی كەوت و دەمی پڕ بوو لە خوێن و ئیتر هەناسەی نەكێشا، منیش بەرانبەر بەو لەسەر سك كەوتبووم و جووڵەم لەخۆم بڕیبوو.

دوو دەستڕێژ فیشەكی ڕەشاش تەقی و ئیتر بێدەنگ بوو، ئیتر بەبێ ئەوەی جووڵە بكەم، تەنیا ویستم بزانم چی بكەم، ئایا هەستمەوە یان نا؟ لەو ژێر مێزەوە چاوم بڕییە شوێنی ڕەشاشبەدەستەكە تا بزانم لەوێ ماوە یاخود ڕۆشتووە؟ لەوكاتەدا دەستە ڕەشپۆشەكەیم بینی كە بە دەمانچەوە چووبووە سەر شەرەفكەندی و دوافیشەكی پێوەدەنا تا تەواو بیكوژێت.

لەو ڕەنگە ڕەشەی دەمانچەكەوە تێگەیشتم ئەوە كەسی دووەمە، چوون كەسی یەكەم كە ڕەشاشبەدەستەكە بوو، بەرگی ڕەشی نەپۆشیبوو. لەو كاتەشدا هومایۆنی ئەردەڵان، كە بە دوو فیشەك بریندار كرابوو، بێهۆش بووبوو، هۆشی هاتەوە و بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت سەری بەرزكردەوە، فیشەك تەقێنەری كۆتایی ڕووە و ئەو ڕۆیشت و گوللـەیەكی بە سەریەوە نا و كوشتی.

هات بە خەیاڵمدا كە ئەو دانەدانە بە فیشەك هەموومان بە تەواوی دەكوژێت. هاتە سەر فەتاحی عەبدوولی كە لە تەنیشتمەوە كەوتبوو بە فیشەكەكەی بەر دڵی كەوتبوو مردبوو، یەك فیشەكی دیكەی پێوە نا و ئینجا ڕووی چەكەكەی كردە ناوچاوانی من و هیچی لێ دەرنەچوو، ئیتر پیاوكوژە لێزانەكان جێگەی تیرۆركردنەكەیان بەجێهیشت و هەڵاتن.

دوای چەند ساتێك گوێم لە دەنگی ئیبراهیمزادە بوو كە ناوی هەندێكمانی دەهێنا و بە دەنگی بەرز بانگی دەكردین، منی بانگ كرد، هەستام و ڕۆشتم بۆ لای تەلەفۆنەكە تا پۆلیس ئاگادار بكەمەوە، تاكە مشتەری هەمیشەیی ئەڵمانی ڕێستۆرانتەكە (پیپ) وتی: ئاگادار كراون.

د. سادقی شەرەفكەندی و فەتاحی عەبدوولی و هومایۆنی ئەردەڵان هەرسێكیان كوژرابوون. نووری دێهكوردی كەتوبوو بەسەر مێزەكەدا و سەری بەسەر پەرداخە شەرابەكەدا شۆڕش بووبووەوە و پەرداخە شەرابەكە پڕبوو بوو لە خوێن، هێشتا هەناسەی دەدا و لرخەلرخی هەناسەدانی بوو، بە تەواوی بەرۆكی لە خوێن هەڵكێشرابوو. ڕووە و ئەو ڕۆشتم تا هاوكاری بكەم، دەستم برد تا بیسڕووێنم، كەچی خێرا دەستم كیشایەوە و خۆشم نەمزانی بۆچی؟ خاوەنی ڕێستۆرانتەكە، عەزیزی غەفاری دوو فیشەكی بەركەوتبوو، دانەیەك بەر قاچی و ئەوی دییش بەر سكی كەوتبوو.

پاش چەند خولەكێك پۆلیس و پیاوانی یارمەتییە سەرەتاییەكان هاتنە شوێنی تیرۆرەكە، دەستبەجێ نووری و عەزیزیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە، گواستنەوەی تەرمەكان و لێكۆڵینەوە دەستی پێ كرد. پاش كاتژمێرێك تا دوو كاتژمێر پرسیار و وەڵامدانەوە، منیان بۆ بنكەی پۆلیسی بەرلین گواستەوە. نزیكەی دوو كاتژمێر پرسیاركردن لە من دەستی پێ كردبوو كە لێكۆڵەرەكە بۆ پشوویەك ڕۆیشتە دەرەوە، پاش چەند خولەكێك هاتەوە و وتی نووری دێهكوردییش گیانی سپارد.

ـ پاشخان

ـ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ـ لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مەهاباد بە سەرۆكایەتیی پێشەوای شەهید قازی محەمەد دامەزرا.

سەرۆكی یەكەم: قازی محەمەد. سەرۆكی دووەم: عەبدوڵڵا ئیسحاق (ئەحمەد تۆفیق)، بەعس بێسەروشوێنیان كرد. سەرۆكی سێیەم: د. عەبدوڕڕەحمان قاسملوو (1931ـ 1989). سەرۆكی: چوارەم: د. سادقی شەرەفكەندی (1938 ـ 1992).

حیزبی دیموكرات سەرۆكەكانی ڕابوردووی هەموو شەهید كراون. پێشەوا قازی محەمەد لە 30ی ئازای 1947 لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد لەلایەن حكومەتی شاهەنشای ئێرانەوە لە سێدارە درا. عەدبوڵڵا ئیسحاقی ساڵی 1973 ڕژێمی بەعس بێسەروشێونیان كرد و تا ئێستا تەرمەكەشی نەدۆزراوەتەوە. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە 13ی تەمووزی 1989 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا تیرۆر كرا. د. سادقی شەرەفكەندی لە 17ی سێپتەمبەری 1992 لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا لەلایەن حكومەتی تارانەوە تیرۆر كرا.

د. سادق شەرەفكەندی

ناوی تەواوی سادق شەرەفكەندییە و نازناوی د. سەعید شەرەفكەندی بووە

ساڵی ‌1938 ‌لە گوندی‌ تەرەغەی‌ بۆكان لە دایك بووە.

برابچووكی شاعیر و وەرگێڕی بەناوبانگی كورد مامۆستا هەژاری موكریانییە.

ساڵی 1959 لە تاران بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كیمیادا وەرگرتووە.

ساڵی 1964 لە شارەكانی ورمێ و مەهاباد بووە بە مامۆستا.

ساڵی 1989 پاش تیرۆركردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، بووە بە سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی ئێران.

لە 17ی سێپمبتەمەری 1992 لە شاری بەرلین لەگەڵ كۆمەڵە هاوڕێیەكیدا لەسەر مێزی گفتوگۆكردن بۆ چارەسەری كێشەی كورد، تیرۆر كرا.

جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، سادق شەرەفكەندی