نێچیرڤان بارزانی و بۆریس جۆنسن كۆبوونەوە؛ لەبارەی چییەوە گفتوگۆیان كردووە؟

17-09-2021 03:15

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن كۆبوونەوە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "تاوتوێی پەیوەندییەكانی بەریتانیا و ھەرێمی كوردستان، ھەڕەشەی تیرۆر و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستمان كرد".

لە كاتی پێشوازی لە سەرۆكی هەرێم، بۆریس جۆنسن وتی "دڵخۆشم بە بینینتان لێرە. ماوەیەكی زۆرە ئێوەم نەبینیوە. من دەمەوێت ئەوە بزانیت كە پەیوەندیی بەریتانیا لەگەڵ ئێوە زۆر گرنگە و ئێمە ئەم سەردانەی ئێوە بەرز دەنرخێنین".

سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا وتیشی "پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەكانمان دەدەین و من لە بیرمە كە لە هەولێر بووم و بە ئۆتۆمبێلی جاگوار لاندرۆڤەر گەشتێكی باشمان بەو شارە ئەنجام دا، ئۆتۆمبێلێكە كە ڕەواجی هەبوو".

نێچیرڤان بارزانییش لە وەڵامدا وتی "بەڵێ، ئێستاش هەر ڕەواجی هەیە نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە هەموو عێراقیش".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "خۆشحاڵ بووم كە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز بۆرس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن كۆبوومەوە. چەند بابەتێكی گرنگمان تاوتوێ كرد، وەك پەیوەندییەكانی بەریتانیا و ھەرێمی كوردستان، ھەڕەشەی تیرۆر و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

"سوپاسی سەرۆكوەزیران دەكەم بۆ پشتگیریی بەڕێزیان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و عێراق، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا"، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.