سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری: تاوانباری تاوانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستگیر كرا

18-09-2021 09:51
فەرهاد بارش ــ شوكری سەرحەد

پەرەگراف

پاش هێرشەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر بەرپرس و كادیرێكی پەكەكە، ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری، ڕایگەیاند "تاوانباری تاوانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستگیر كرا و ڕاپێچی بەردەم یاسامان كرد".

ئەژی ئەمین دەشڵێت "بە زووترین كات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم ڕایگشتی".

سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری دەستخۆشی لە "ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس" دەكات و دەڵێت "ڕیسوایی بۆ تێكدەرانی ناوماڵی كورد".

ئەمە لە كاتێكدایە كە كاتژمێر ٩ی بەیانیی دوێنێ‌ 17-9-2021، شوكری سەرحەد، ئەندامی كۆمیتەی شەھیدانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، لە گەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و "تیرۆر" كرا.

شەوی ڕابردوویش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێك وتی "دەربارەی ڕووداوە نەخوازراوەكانی 48 كاتژمێری ڕابردووی شاری سلێمانی، بە پاڵپشتیی دۆكۆمێنت و زانیاریی تایبەت، سەرەداوی وردمان دەربارەی ئەو ڕووداوانە دەستكەوتووە، پاش یەكلاكردنەوە و پشتڕاستكردنەوەیان بە بەڵگەوە، بۆ ڕایگشتیی كوردستان بڵاویان دەكەینەوە".

لە ڕاگەیەندراوەكەی دژەتیرۆدا هاتووە "جەخت دەكەینەوە لەوەی شاری سلێمانی هەمیشە وەك لانكەی فرەدەنگی و ئارامی دەمێنێتەوە، هیچ پیلانگێڕییەك سلێمانی و دەزگا ئەمنییەكانی بەلاڕێدا نابات".

هەر دوێنێش، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێم، لە ڕاگەیەندراوێكدا "بە توندی" ئیدانەی تیرۆركردنی ئەو بەرپرسەی پەكەكەی كرد و داوای لە‌لایە‌نە‌ ئە‌منییە‌كان كرد "شە‌و و ڕۆژ بخە‌نە‌ سە‌ر یە‌ك لە‌پێناو دە‌ستگیركردنی تاوانباران و ڕادە‌ستكردنیان بە‌ دادگا، بۆ ئە‌وە‌ی سزای یاسایی خۆیان وە‌ربگرن".

لەبارەی ڕووداوەكەوە، كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ڕێكخستنی كۆنترای دەوڵەتی فاشیستی تورك (میت) و كۆنتراكانینۆكەری سەربە میت، ماوەی دوو ڕۆژە لە شاری سلێمانی باشووریی كوردستان هێرش دەكەنە سەر نیشتمانپەروەرانی باكووری كوردستان و هەڤاڵانمان، هاوڕێمان یاسین بولوت (شوكری سەرحەد) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵەكەیدا لە شاری سلێمانی، بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كرا".

"هاوڕێمان یاسین بولوت، بەیانی ماڵەكەی بەجێ هێشت بۆ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە، لەم كاتەدا كۆنترایەكی تورك لە پشتەوە لێی نزیك بووەوە، تەقەی لێ كرد و شەهید بوو. ئەم كردەوە دڕندانەیە نەك هەر هێرشكردنە بۆ سەر ئێمە، هێرشكردنە بۆ سەر هەموو خەڵكی باشوور و سەقامگیریی سلێمانی"، كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە وا دەڵێت.

پەكەكە دەشڵێت "ڕۆژێك بەر لە ئەم كردەوە دڕندانەیە، هەمان هێز لە شوێنی كارەكەی هێرشیان كردە سەر نیشتمانپەروەری كورد (فەرهاد بارش قۆندو) كە پەنابەرێكی سیاسیی باكوورە. ئەم دوو ڕووداوە بەدوای یەك نیشانی دەدات كە ئەردۆغانی فاشیست و میتی تورك بە شێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان بە زنجیرەیەك كوشتار و كۆمەڵكوژیی سیاسی كردووە، میتی تورك زۆر بە ئاسانی و ئازادانە تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام دەدات".

یاسین بولوت كێیە؟

یاسین بولوت لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قەرسی باكووری كوردستان لەدایك بووە. ساڵی ١٩٧٨ پەكەكەی ناسیوە و لە كاتی كودەتاكەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ـدا لە توركیا دەستگیر كراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی كراوە.

ساڵی ١٩٩١ ئازاد دەبێت و ڕوو لە قەندیل دەكات. ماوەی ١٥ ساڵیشە وەك ئەندامی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری كوردستان كاری كردووە.