تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف: دوو حاڵەتی گومانلێكراومان هەبوو دەركەوت كۆرۆنایان نییە

25-02-2020 04:59


پەرەگراف

لە سلێمانی دوو حاڵەت هەبوون كە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان لێدەكرا، بەڵام ئەنجامی پشكنینەكانیان دەركەوت ئەو ڤایرۆسەیان نییە.

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند"ئەو دووكەسە خەڵكی سلێمانین‌و لە ئێران گەڕاونەتەوە‌و گومانیان لێدەكرا، كەمێك لەمەوبەر ئەنجامی پشكنینەكانیان دەركەوت كۆرۆنایان نییە".

ئەو دوو كەسە لە نەخۆشخانە نامێننەوەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لە ئێستادا هیچ حاڵەتێكی دیكەیان نییە كە گومانی تووشبوون بەو ڤایرۆسەی لێ بكرێت.

ئەمڕۆ 4 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە كەركوك ڕاگەیەندرا كە ئەندامی یەك خێزانن‌و لە ئێران گەڕاونەتەوەو تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بەوەش حاڵەتەكانی تووشبوون لە عێراق گەیشتنە 5 دوای ئەوە دوێنێ لە نەجەف یەكەم حاڵەت تۆمار كرا.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆناو پشووی لە ناوەندەكانی خوێندن ڕایگەیاند، لە قوتابخانەو باخچەكان لە سبەینێوەو لە زانكۆو پەیمانگاكانیش لە ڕۆژی شەممەوە تا 24-3-2020 پشووە.

بڕیارەكانی حكومەت

- رۆژانە زانیاریی دروست و رێنمایی پێویست لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بە رای گشتی بدرێت.

- لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 2020/2/26 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە وباخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 2020/3/10  بکرێتە پشوو ، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لە رۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23 /3/ 2020 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی 2020/3/24 پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە. هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.

- بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان ، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.

- بە هیچ شێوەیەک رێگە بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نادرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

- حکومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات کە گشت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات وجموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

- ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە پێداویستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات. پێشنیارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیش پەسەند کران و هەردوو وەزارەتەکە راسپێردران بۆ جێبەجێکردنیان.

- ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و رێنماییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بن و رێنماییەکانی خۆپارێزییش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.