ئێران هەڕەشەی بەردەوامی و فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ سەر نەیارانی لەناو خاكی هەرێم دەكات

19-09-2021 03:32

پەرەگراف

سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەربارەی هێرشەكانیان بۆ سەر بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەنجام دران، درێژەیان دەبێت و هێزە چەكدارەكانمان بارەگاكانی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە لەناو دەبەن". باقری دەشڵێت "لە ڕووی هەواڵگرییەوە باڵادەستیی تەواومان بەسەر ئەو گرووپانەدا هەیە".

محەمەد حسێن باقری، سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، لە پەراوێزی مەراسیمی دەستبەكاربوونی عەزیز نەسیرزادە، جێگری سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، وتی "بە داخەوە كەمتەرخەمیی هەرێمی باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) و لاوازیی دەوڵەتی عێراق بەهۆی بوونی ئەمریكییەكانەوە، بووەتە هۆی ئەوەی كە گرووپە چەكدارییەكانی دژ بە شۆڕش لە باكووری عێراقدا چالاك بن".

محەمەد حسێن باقری وتیشی "نابێت دەوڵەتی عێراق و هەرێمی باكووری عێراق ڕێگە بدەن كە بەكرێگیراوانی ئەمریكا و ڕژێمی زایۆنی و گرووپە چەكدارییەكانی دژ بە شۆڕش لەو ناوچەیەدا بنكەی ڕاهێنان، بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، ئۆردووگایان هەبێت و كۆنگرە ئەنجام بدەن و ڕاهێنانی سەربازی بكەن. هێرش بكەنە سەر ناوچە سنوورییەكانی ئێمە و خەڵك تیرۆر بكەن، ئەم شتانە بۆ ئێمە قبووڵكراو نییە".

باقری ئاماژەی بەوە كرد كە "لە ڕووی هەواڵگرییەوە باڵادەستیی تەواومان بەسەر ئەو گرووپانەدا هەیە" و وتی "لە هێرشەكانی دوو هەفتەی ڕابردوودا كە بە ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە ئەنجام دران، بارەگای فەرماندەیی هەندێك لەو گرووپانەمان لەناو برد. ئێمە لە قۆناغی یەكەمدا ئامانجمان كوشتن نەبوو، هەر لەبەر ئەمە پێشتر ئاگادارمان كردنەوە".

سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران جەختی كردەوە كە "هۆشداری"یان داوەتە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و عێراق كە "بنكە و بارەگاكانی ئەو گرووپانە بپێچنەوە و ڕێگر بن لە چالاكییەكانیان".

محەمەد باقری ئاماژەی بەوەش كرد كە چەند ساڵە ئەو هۆشدارییەیان داوە، بەڵام "كاری پێ‌ نەكراوە" و وتی "ئەگەر بوونی ئەو گرووپانە و لاسارییەكانیان بەردەوام بێت، بە دووبارەكردنەوە و فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكانمان، لەناویان دەبەین، تا بە تەواوی بنكە و بارەگاكانیان بپێچنەوە و بڕۆن".

پێشتریش ڕۆژی 13-9-2021 لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەربارەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، داوای كرد "ئەو گرووپانە بە خێرایی چەك بكرێن و لە عێراق دەر بكرێن".

شەمخانی فراوانبوونی چالاكیی ئەو حیزبانەی لەناو هەرێمی كوردستان بە "نیگەرانكەر و مەترسی بۆ ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات" ناو برد.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی 6-9-2021، فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان كرد. سێ‌ ڕۆژ پاش ئەوەیش ئێران بە درۆنی خۆكوژ و تۆپ، بۆردوومانی بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی كرد.

لەبارەی ئەو هێرشانەوە حیزبی دیموكرات ڕایگەیاند "ئێران فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بەكار هێناوە. یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە تەقێندراوەتەوە و خراوەتە خوارەوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش ڕایگەیاند لە پێنج ڕۆژی سەرەتای هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی كوردستان لە سنووری هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی "دڕۆن، تۆپباران و كاتیووشاوە 15 هێرش ئەنجام دراون".

هێرشەكان پاش ئەوە هاتن كە محەمەد پاكپوور، فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ بەدواداچوونی جووڵە سەربازییە نوێیەكانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی، بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سوپای پاسدارانی لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران بەسەر كردەوە.

محەمەد پاكپوور دەربارەی بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی، ڕایگەیاند "بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە بۆ ئێمە جێگای قبووڵكردن نییە و وەڵامی پێویستی تیرۆریستەكان دەدەینەوە".

پێشتریش ئێران چەندین جار دەربارەی جووڵەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، هۆشداریی داوەتەوە بەرپرسانی هەرێم.

ڕۆژی 5-8-2021 سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشدارییان لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری نوێی ئێران كرد. ڕۆژی دواتریش شاندی هەرێم و ڕەئیسی كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا بابەتی بوونی هێزە ئۆپۆزسیسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمدا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە و سەرۆكی هەرێم جەختی كردووەتەوە كە "ڕێگە بە دروستكردنی هیچ مەترسییەك لە خاكی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران نادرێت".