كەجەكە هەڵوێستی خۆی دەربارەی تیرۆركردنی بەرپرسەكەی پەكەكە ڕاگەیاند

19-09-2021 06:07

پەرەگراف

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەبارەی تیرۆركردنی بەرپرسەكەی پەكەكە لە شاری سلێمانی، ڕایگەیاند "كەسانێك كە فەرمانیان بەو هێرشە كردووە و كەسانێكیش كە ئەنجامیان داوە، دەبێت سزا بدرێن". ئەمە لە كاتێكدایە كە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەستگیركردنی ئەنجامدەری هێرشەكەیان ڕاگەیاندووە، بەڵام پەكەكە دەڵێت كە بكوژانی بەرپرسەكەی دەستگیر نەكراون.

هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێت "بەڵێن دەدەین كە ئەو كەسانەی هێرشیان كردووەتە سەری و ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە، سزا دەدرێن".

"بە ڕوونی دەڵێین كە هەر دەوڵەت و هێزێكی سیاسی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بە ئاسایی و شەرعی ببینێت، ئەو دەوڵەت و هێزە سیاسییەش هاوبەشن لە كۆمەڵكوژیی دژ بە كورد"، هاوسەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان وا دەڵێت.

هاوسەرۆكایەتیی كەجەكە باسی لەوە كردووە كە ئاماژەكان دەری دەخەن "میت لە باشووری كوردستان خۆی ڕێكخستووە و بەردەوام دەبێت لەو هێرشانە". دەشڵێت "هێزە هەواڵگرییەكان، هێزە میلیشیاییەكان و هاوپەیمانەكانیان خزمەتیان دەكەن".

هاوسەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان هەڕەشەی ئەوە دەكات كە "لە هەر شوێنێك هێزی داگیركەری هەبێت، نەك هەر ئامانجی تێكۆشانی ئازادین بە پێشەنگایەتیی پەكەكە، بەڵكوو ئامانجی كورد و هێزە شۆڕشگێڕە دیموكراتییەكانن".

كاتژمێر 9ی بەیانیی ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، شوكری سەرحەد، ئەندامی كۆمیتەی شەھیدانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، لە گەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و "تیرۆر" كرا.

هەرچەندە ژووری ئۆپە‌راسیۆنی هاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی، دەستگیركردنی "تاوانباری سەرەكی"ی تیرۆركردنی بەرپرسەكەی پەكەكەی ڕاگەیاند، بەڵام میدیای پەكەكە ڕەتی دەكاتەوە كە ئەو كەسەی دەستگیر كراوە، بكوژی شوكری سەرحەد بێت.

میدیای پەكەكە دەڵێت "بەپێی هەندێك زانیاریی و سەرچاوە كە نەیان ویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسانەی هێرشیان كردووەتە سەر شەهید شوكری سەرحەد، چوار كەسن و یەكێكیان تەقەی لە شەهید شوكری كردووە، ئەوانی دیكەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەكە، بە ئۆتۆمبێلیلكی جۆری پیكاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون".

"هەروەها ئەو كەسەش كە دەوترێت دەستگیر كراوە، بكەری هێرشەكەی سەر (فەرهاد باریش‌)ـە، هێرشكارانی سەر شەهید شوكری سەرحەد هێشتا دەستگیر نەكراون"، میدیای پەكەكە وا دەڵێت.

پێشتر كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە ڕایگەیاند "فەرهاد بارش قۆندو كە پەنابەرێكی سیاسیی باكوورە"، ڕۆژێك بەر لە تیرۆركردنی بەرپرسەكەی پەكەكە، "هەمان هێز" لە شوێنی كارەكەی هێرشیان كردووەتە سەری و برینداریان كرد.

ڕۆژێك دوای كوژرانی بەرپرسەكەی پەكەكە، ژووری ئۆپە‌راسیۆنی هاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "توانرا لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێردا پیلانە‌كە‌ ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سە‌رە‌كیی ئەو دوو كردەوەیە دەستگیر بكرێت".

وەكوو لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ڕووداوی یەكە‌میان "ڕۆژی ۱٦ی ئەیلوول ڕووی دا و تێیدا كە‌سێك بریندار بوو. دووە‌میان ڕۆژی ۱۷ی ئەیلوول ڕووی دا و تێیدا كە‌سێك تیرۆر كرا".

‌ژووری ئۆپە‌راسیۆنی هاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی، وێنەیەكی تۆمەتبارەكەی بە چاو داپۆشراوی بڵاو كردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە ناسنامەی ئەو كەسە ڕانەگەیاندووە.

لەبارەی ڕووداوەكەوە، كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ڕێكخستنی كۆنترای دەوڵەتی فاشیستی تورك (میت) و كۆنتراكانینۆكەری سەربە میت، ماوەی دوو ڕۆژە لە شاری سلێمانی باشووریی كوردستان هێرش دەكەنە سەر نیشتمانپەروەرانی باكووری كوردستان و هەڤاڵانمان، هاوڕێمان یاسین بولوت (شوكری سەرحەد) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵەكەیدا لە شاری سلێمانی، بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كرا".

"هاوڕێمان یاسین بولوت، بەیانی ماڵەكەی بەجێ هێشت بۆ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە، لەم كاتەدا كۆنترایەكی تورك لە پشتەوە لێی نزیك بووەوە، تەقەی لێ كرد و شەهید بوو. ئەم كردەوە دڕندانەیە نەك هەر هێرشكردنە بۆ سەر ئێمە، هێرشكردنە بۆ سەر هەموو خەڵكی باشوور و سەقامگیریی سلێمانی"، كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە وا دەڵێت.

پەكەكە دەشڵێت "ئەم دوو ڕووداوە بەدوای یەكدا، نیشانی دەدات كە ئەردۆغانی فاشیست و میتی تورك بە شێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان بە زنجیرەیەك كوشتار و كۆمەڵكوژیی سیاسی كردووە، میتی تورك زۆر بە ئاسانی و ئازادانە تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام دەدات".

یاسین بولوت كێیە؟

یاسین بولوت لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قەرسی باكووری كوردستان لەدایك بووە. ساڵی ١٩٧٨ پەكەكەی ناسیوە و لە كاتی كودەتاكەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ـدا لە توركیا دەستگیر كراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی كراوە.

ساڵی ١٩٩١ ئازاد دەبێت و ڕوو لە قەندیل دەكات. ماوەی ١٥ ساڵیشە وەك ئەندامی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری كوردستان كاری كردووە.