یەكێتی لەبارەی سزادانی بەرپرسێكی لە دهۆك بە حەوت ساڵ زیندانی: بڕیارێكی ناڕاست و دوور لە یاسایە

19-09-2021 11:56
نەزیر عەلی __ قوباد تاڵەبانی

پەرەگراف

پاش سەپاندی سزای حەوت ساڵ زیندانیكردن بەسەر بەرپرسی كۆمەڵایەتیی یەكێتی لە زاخۆ لەلایەن دادگای دهۆكەوە، مەڵبەندی بادینانی یەكێتی بڕیارەكەی دادگا بە "ناڕاست و دوور لە بنەما یاسایی و دادوەرییەكان" ناو دەبات، دەشڵێت "دەزگا ئەمنییەكان لەژێر ئازاردان و ئەشكەنجەدا" دانپێدانانیان لێ‌ وەرگرتووە. هەر لەگەڵ مەلا نەزیردا، ئەندامێكی هەدەپەیش هەمان سزای بەسەردا سەپێندراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاوی كردەوە كە "لەسەر پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، مەلا نەزیر بەرواری، بەرپرسی كۆمەڵایەتیی یەكێتی لە زاخۆ و ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، لەلایەن دادگای دهۆكەوە سزای حەوت ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا".

دواتریش مەڵبەندی چواری بادینانی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "ئەو بڕیارەی دادگا ناڕاستە و دوورە لە بنەما یاسایی و دادوەرییەكان. لە ھەمان كاتدا پێویستە ھەمووان ئەوە بزانن دەزگا ئەمنییەكان لەژێر ئازاردان و ئەشكەنجەدا، دانپێدانانیان لە مەلا نەزیر و دەستگیركراوانی تری بادینان وەرگرتووە، ئەوەش پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە".

مەڵبەندی بادینانی یەكێتی دەشڵێت "لە كاتێكدا دۆسیەی زیندانیانی بادینان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ كەوتووەتەوە، ھەمووان چاوەڕوانی ئەوە بوون دادگا پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیدا بكات".

هەر لەو پرۆسەی دادگاییەدا، نیعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە، كە ماوەی 10 ساڵە لە هەرێمی كوردستانە و لە زاخۆ نیشتەجێ بووە، بە حەوت ساڵ زیندانی سزا دراوە.

میدیاكانی پەكەكە دەڵێن، ئەو كادیرەی هەدەپە لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو چووەتە هەولێر و لە 5-2-2021 لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە بانگهێشت كراوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە.

                                             نیعمەت گونەش

بەپێی بەدواداچوونێكی پەرەگراف كە لە 7-7-2021 بڵاو كراوەتەوە، لە یەك ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، زیاتر لە 25 كادیری یەكێتی و یەكگرتوو دەستگیر كراون، ژمارەیەك كادیری گۆڕانیش هەڵاتوون.

یەكێك لەو كادیرانەی یەكێتی لە بادینان، نەزیر عەلی بووە، لە شوباتی ئەمساڵەوە لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستگیر كرا و تا كاتی بڵاوكردنەوەی بەدواداچوونەكەی پەرەگراف كە چوار مانگ بوو دەستگیر كرابوو، كەس نەیبینیبوو.

"ئاسایش وتیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دەستگیر كراوە و دەتوانن لە ڕێی پارێزەرەوە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكەی بن"، نەبی بەرواری، برای كادیرە دەستگیركراوەكەی یەكێتی، بۆ پەرەگراف وای وت.

موحسین كێستەیی، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە زاخۆ، بۆ پەرەگراف وتی "كادیرەكەی ئێمە لە ماڵی خۆیدا دەستگیر كراوە و تەنیا ئەوەندە بە خێزانەكەی وتراوە كە پەیوەندیی بە پەكەكەوە هەیە، بەڵام زۆر هەوڵمان دا بیبینین، سوودی نەبوو، تەنانەت لە ڕێی لقی پارتیشەوە".

پەكەكە لە ڕووبەرێكی فراوانی خاكی هەرێمی كوردستاندایە كە ئێستا لە شەڕدایە دژی توركیا و هیچ یاسایەكیش نییە لە هەرێم كە بوونی پەیوەندی بەو حیزبەوە یاساغ بكات.

دەستگیركردنی كادیری حیزب هاوكات بووە لەگەڵ ئەو هەڵمەتە ئەمنییەی بەهۆیەوە لە ساڵی ڕابردووەوە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكوان بە تۆمەتی جیاواز لە بادینان دەستگیر كراون، هەڵمەتەكە بەردەوامە و چەندین كەسیش فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە و هێزە ئەمنییەكان دەستیان پێیان ناگات.

هیچ یەكێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان و دهۆك بە یاسای كاری ڕۆژنامەگەری یان یاسای خۆپیشاندان، یاخود خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ڕووبەڕووی دادگا نەكراونەتەوە، بەڵكوو بەپێی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

ڕەمەزان ئەرتیسی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە دهۆك، بۆ پەرەگراف وتی "لەگەڵ هەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكدا كادیرەكانی ئێمە بێ ئەوەی پێشێلی یاسایان كردبێت، دەستبەسەر دەكرێن و دوای لێپێچینەوە ئازاد دەكرێن".

چڕبوونەوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020 كە لە زاخۆوە سەری هەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی، بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس بریندار بوون.

لە دوای ئەو خۆپیشاندانەوە، دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاكوان و هاووڵاتی دەستگیر كران، هەریەكەیان بە تۆمەتێك، زۆرینە بە پاساوی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، لە نێویاندا پێنج كەسیان ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ بە شەش ساڵ زیندانی حوكمدران و سزاكەیان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ كەوتەوە، بەڵام پلەی كۆتایی وەرگرتووە و دادگای پێداچوونەوە دوو جار حوكمدانیانی پەسەند كرد‌، تەنیا سەرۆكی هەرێم دەتوانێت بە لێبوردنی تایبەت ئازادیان بكات كە ئەویش بێدەنگە.