هاوپەیمانێتییە نهێنییەكان لە عێراق و كاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو

20-09-2021 06:46

پەرەگراف

لە ئێستاوە كۆبوونەوەكانی شیعە-شیعە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستی پێ كردووە، ئامانج لێی دیاریكردنی سەرۆكوەزیران، سەرۆككۆمار، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانە بە ڕازامەندی و ڕێككەوتنی ئەو لایەنانە.

هاوپەیمانێتییەكان هێشتا بە نهێنین و ڕانەگەیەندراون، بەڵام بەشێكی لایەنە شیعەكان پێی قایل نین و بە هەوڵێكی دەبینین بۆ وەلاخستن و دوورخستنەوەیان، هەروەها پشتگیریكردنی مستەفا بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران، دوورخستنەوە نووری مالكی، سەرۆكوەزیرانی پێشوو لە دووبارە ئەگەری وەرگرتنەوە پۆستەكە، بەتایبەت ئەگەر موقتەدا سەدر پشتیوانی كازمی بكات وەك چۆن پێشتر بەڵێنی پێ داوە.

سەركردەی حیزبە گەورەكانی شیعە، موقتەدا سەدر، عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی كۆبوونەوەیەكەیان ئەنجام داوە، موفاجەئەی كۆبوونەوەكەش ئامادەبوونی هادی عامری بووە، ئەوان پێكەوە "بەڵێننامەی پشتگیری"یان واژوو كردووە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، تاكوو ببنە كوتلەی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

ئەو لایەنانە بە دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكە كورد و سوننە بۆ خۆیان ڕادەكێشن، بەوەش دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، هەر لایەنێك و بەپێی ئەو كورسییانەی هەیەتی، دەتوانن دانوستان و گفتوگۆ بۆ دیاریكردنی پۆستە باڵاكان بكەن.

بەڵام نووری مالكی، فالح فەیاز، قەیس خەزعەلی و حیزبی فەزیلە دژی ئەو ڕێككەوتنەی شیعە-شیعە وەستاونەتەوە و نیگەرانن لە بەشداری پێ نەكردنیان، بە تایبەت كە ئەوان بەهۆیەوە بوونەتە كەمینە.

ئەوان لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە ناتوانن لە پەرلەماندا هێز و كاریگەرییان هەبێت، تەنانەت پێكەوە ئەو ژمارەیە پێكناهێنن كە بتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ كورد و سونەدا بكەن و پۆستەكانیان لەگەڵ دابەش بكەن.

كورد لە بەغداد هەمیشە پشتگیر و پشتیوانیی لاینە شیعە بەهێزەكانە، بۆ ئەوەی بتوانێت مەرجەكانی خۆی لەگەڵیاندا بەش بكات.

ئەو لایەنە شیعانە ئێستا خاوەنی 189 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانن لە كۆی 329 كورسییەكە، هاوكات كورد بە نزیكەی 60 كورسییەوە دەتوانێت كاریگەریی خۆی هەبێت، بە مەرجێك پارتی و یەكێتی و حیزبە كوردییەكانی دیكە شكست نەهێنن لە ڕێككەوتنی نێوان خۆیاندا و بە یەك هەڵوێست بمێننەوە.

ئەم هەڵبژاردنە گەرم و گوڕییەكی زۆری پێوە دیار نییە، بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كە پێنجەم یاسایە لەوبارەیەوە لە عێراق دەردەچێت، هەروەها بەشداری پێنەكردنی عێراقییەكانی دەرەوەی وڵات لە پرۆسەی دەنگداندا، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دەنگدەری عێراقی متمانەی بە پرۆسەكە و بەڵێنی لایەنەكان نەماوە.

تا ماوەیەك پێش ئێستا گومان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبوو لە كاتی خۆیدا، بەتایبەت بەهۆی بایكۆتی پرۆسەكە لەلایەن چەند حیزبێكەوە كە دیارترینیان كوتلەی سەدری بوو، كە پێشبینیی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگیان بۆ دەكرێت، بەڵام دوای ڕێككەوتنێك لەگەڵ لایەنە شیعەكان كە ڕەوتی سەدریان وەك پێشەنگی خۆیان دانا، بڕیاریان دا بەشداریی پرۆسەكە بكەن.

دوای پاشگەزبوونەوەی موقتەدا سەدر لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، گومانەكان نەمان و بانگەشەی هەڵبژاردن بە گەرمی دەستی پێ كرد.

ڕەوتی سەدر كە كوتلەی سائیروون پێك دەهێنن، خاوەنی 54 كورسیی پەرلەمانین و یەكەمی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 بوون، بەوەش زۆرترین ژمارەی كورسییان لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، ئەوەش بەهێزی و ڕۆڵی كاریگەری ئەوان لە پرۆسەی سیاسیدا دەردەخات.

موقتەدا سەدر بۆ ئەم ڕێككەوتنە پێشوەختەی شیعە-شیعە، توانیویەتی هادی عامری بهێنێتە ڕیزەوە، كە نیگەرانیی بەشێكی لایەنە شیعەكانی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵیدا هاوپەیمانیی فەتحیان پێك هێنابوو.

هەموو ئەم لێكدانەوانە تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بە گریمانە دەمێننەوە، چونكە ئەنجامەكان هێزی هەر لایەنێك و شێوازی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و پۆستە باڵاكانی كابینەی داهاتوو دیاری دەكەن.