پاسەوانی سنووری ئێران و توركیا لە هەشت ڕۆژدا پێج كۆڵبەری كوردیان كوشتووە

21-09-2021 02:27

پەرەگراف

لە ماوەی هەشت ڕۆژدا بە لای كەمەوە شەش كۆڵبەری كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچە سنوورییەكانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە. پێنج لەوانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنوور كوژراون كە دوانیان لەلایەن هێزی پاسەوانی سنووری توركیا تەقەیان لێ‌ دراوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "ڕۆژی دووشەممە 20-9-2021، لە كوێستانەكانی سنووری پارێزگای وان لە باكووری كوردستان، هێزە چەكدارەكانی توركیا كاروانێكی كۆڵبەرانی ئورمیەیان كردووەتە ئامانج، لانیكەم دوو كۆڵبەر كوژراون و سێ كۆڵبەری دیكە بریندار بوون، پێنج كۆڵبەریش دەستبەسەر كراون".

دوو كۆڵبەرە كوژراوەكە هەریەك لە "ئالیشان حەیدەری، تەمەن 18 ساڵ" و "سۆزدار ئەحمەدی، تەمەن 21 ساڵ" بوون، كە "سۆزدار مانگێك لەمەوبەر ژیانی هاوبەشی پێك هێنابوو".

ڕێكخراوی هەنگاو دەڵێت "بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2021 هەتا ئێستا (نۆ مانگ) لانیكەم پێنج كۆڵبەری خەڵكی شارەكانی ئورمیە، چالدێران، ماكۆ و كۆتۆڵ لەلایەن هێزەكانی توركیا كوژراون و شەش كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون".

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی هەنگاو، شەوی "شەممە 18-9-2021، هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سنووری دۆڵەبی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كردووە و لە ئاكامدا كۆڵبەرێك بە ناوی (ئومید محەمەدزادە، تەمەن 39 ساڵ)، كوژراوە".

ئێوارەی هەینی 17-9-2021یش كۆڵبەرێكی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی شەوكەت قوربانی، لە كاتی كۆڵبەری لە كوێستانەكانی سنووری (زاوەر)ی سەر بە شاری نۆدشە، "دوای ئەوەی كە كەوتووەتە بۆسەی هێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ئێران، بە هۆی هاتنە خوارەوەی زەخت و دڵەڕاوكێ، تووشی ڕاوەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە".

هەنگاو دەشڵێت "ڕۆژی پێنجشەممە 16-9-2021، هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سەر سنووری بانە، تەقەیان لە كاروانێكی كۆڵبەران كردووە و كۆڵبەرێك بە ناوی (محەمەد ئەمین قادری) كوژراوە".

ئێوارەی یەكشەممە 12-9-2021، كۆڵبەرێك بە ناوی (ڕەسووڵ كەریمی، ۳۲ ساڵ)ی خەڵكی بانە، لە كاتی كۆڵبەری لە ناوچە شاخاوییەكانی سەر سنووری بانە، بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژرا.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا و هاتنە ئارای بارودۆخێكی سەختی دارایی و هەڵكشانی بێكاری، بەشێكی زۆری دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەستیان داوە كۆڵبەری لە نێوان عێراق-ئێران و ئێران-توركیا، بەهۆی سەختیی ئەو ناوچانەی كاری تێدا دەكەن و تەقەری پاسەوانی سنووری ئێران و توركیا، سەدان كۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 1398ی ئێرانی (2019)، بە لای كەمەوە 70 كۆڵبەری كورد لەلایەن پاسەوانی سنووری ئێرانەوە و بەهۆی كارەساتی سروشتییەوە گیانیان لەدەست داوە، هەروەها 154 كۆڵبەری بریندار بوون.