لاهور شێخ جەنگی لەبارەی كێشەكانی یەكێتی: دادگا یان سەركردایەتی ڕێگەی دیكە قبوڵكراو نییە

21-09-2021 05:19
كۆبوونەوە جەماوەرییەكەی ئەمڕۆی ماڵی لاهور شێخ جەنگی. وێنە؛ سۆشیال میدیای نزیك لە لاهور شێخ جەنگی.

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دەڵێت، ئەگەر كێشەكانمان حزبییە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەگەر شتێكیش ڕوویداوە یاساییە ئەوا دەتوانین بچینە دادگا بۆ یەكلایی كردنەوەی.

"ڕێگەی دیكە قابیلی قبوڵ نییە تۆ بێیت هێزی چەكدار بەكاربهێنیت بەرامبەر براكەی خۆت‌و بەرامبەر كەسوكارەكەت" لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لە ماڵەكەی خۆی وای وت.

هاوسەرۆكی یەكێتی باس لەوەش دەكات، كێشەكانی یەكێتی كاریگەریی بۆ سەر بازاڕو تەنانەت پارچەكانی دیكەی كوردستانیش هەبووە.

كۆبوونەوە جەماوەرییەكەی ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەكاتێكدابوو، ئەمڕۆ بە فراوانیی هێزی ئەمنیی لە دەوری ماڵەكەی‌و گردی سەرچنار بڵاوەیان پێكراو چەند بازگەیەكی كاتییان دانا، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر لە بەردەم خەڵكدا تا ئامادەبن لە كۆبوونەوەكە.

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گرنگە، بەڵام ئامانجی ئەوان پەرلەمانی كوردستان‌و تێكشكاندنی ئەو زۆرینەو كەمینەیەیە كە لە پەرلەمانی كوردستان هەیەو ئەو بە "ساختە" ناوی برد، وتی " هەر پڕۆژەیەكمان پێشكەش كردووە لە پەرلەمان بوونەتە دروشم، چونكە ڕێگە نەدراوە تێپەڕبووبێت ئەگەر لە بەرژەوەندیی پارتی نەبووبێت، دەمانەوێت ئەو زۆرینە ساختەیەی لە پەرلەمانی كوردستان هەیە تێكی بشكێنین كە زیاتر لە 20 كورسیی ئەو زۆرینەیە بە ساختە هاتووە".

پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانەو بە دەنگی پێكهاتەكان كە 11 كورسییە، نیوە كۆ یەكی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بۆخۆی مسۆگەر كردووە.

هەر ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، وتی "لە ئێستادا كە چارەنووسی میللەتەكەمان كەوتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار، بە هۆی بێباكیی چەند سیاسییەكی نابەرپرس و بەرژەوەندیخواز".

"داوام وایە كە مامۆستایانی ئایینی لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەكانەوە خەڵكی كوردستان هۆشیاربكەنەوە لە سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆ ئەوەی میللەتەكەمان بەئاگا بێت و هەوڵ بدەین بە هەموو لایەكمان ڕێگریی بكەین لە بڕیارە چەوتەكانیان" لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا وای وت.