لە كوردستان خوێندن ڕاگیرا؛ كۆرۆنا ئێران دادەبڕێت‌و ئیتاڵیا‌و كۆریای باشوور شپرزە دەكات

25-02-2020 08:11
نەخۆشخانەیەكی ئێران تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا


پەرەگراف

هێشتا كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەكراوەو ئەو دوو حاڵەتەی لە سلێمانی گۆمانیان لێ دەكرا، دەركەوت تووش نەبوون، لە هەرێم‌و كەركوك‌و نەجەف پشووی خوێندن ڕاگەیەندراو هاتووچۆی عێراق‌و 7 وڵات قەدەغە كرا.

ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهان بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە، لە ئێران بە خێرایی تەشەنە دەكات‌و ڕێژەی مردن بەرزە‌و ئەو وڵاتەی دابڕیوە لە چواردەورەكەی، كۆریای باشورو ئیتاڵیاش شپرزە بوون بەهۆی تەشەنە سەندنی كۆرۆناوە.

كۆرۆنا لە كوردستان‌و عێراق

ڕێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە بە تەواوی تووند كراونەتەوەو ئەمڕۆش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد، بۆ خۆپارێزیی لە كۆرۆناو پشووی لە ناوەندەكانی خوێندن ڕایگەیاند، لە قوتابخانەو باخچەكان لە سبەینێوەو لە زانكۆو پەیمانگاكانیش لە ڕۆژی شەممەوە تا 24-3-2020 پشووە.

هەروەها بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەكانی دیكەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەكی دیاریكراو سنووردار بكرێت و پشكنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بكرێت كە دێنە ناو سنوورەكانی هەرێم، جموجۆڵی بازرگانیش بەردەوام دەبێت بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان.

ڤایرۆسەكە نەگەیشتووەتە شارەكانی هەرێم، دوو كەس لە سلێمانی كە سەردانی ئێرانیان كردووەو گەڕاونەتەوە نیشانەكانی ڤایرۆسەكەیان تێدابوو، خرابوونە ژێر چاودێرییەوە تا ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینەكانیان دەرچوو دەركەوت تووش نەبوون.

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند"ئەو دووكەسە خەڵكی سلێمانین‌و لە ئێران گەڕاونەتەوە‌و گومانیان لێدەكرا، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینەكانیان دەركەوت كۆرۆنایان نییە".

ئەو دوو كەسە لە نەخۆشخانە نامێننەوەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لە ئێستادا هیچ حاڵەتێكی دیكەیان نییە كە گومانی تووشبوون بەو ڤایرۆسەی لێ بكرێت.

هاوكات ئەمڕۆ 4 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە كەركوك ڕاگەیەندرا كە ئەندامی یەك خێزانن‌و لە ئێران گەڕاونەتەوەو تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بەوەش حاڵەتەكانی تووشبوون لە عێراق گەیشتنە 5 دوای ئەوە دوێنێ لە نەجەف یەكەم حاڵەت تۆمار كرا.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەو چوار ھاووڵاتییەی لە كەركوك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون ئەندامی یەك خێزانن. ئەو ھاووڵاتییانە پێشتر سەردانی ئێرانیان كردووەو لەو وڵاتە گەڕاونەتەوەو تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا بڕیاریدا، لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن(قوتابخانە، زانكۆو پەیمانگاكان) خوێندن ڕابگیرێت‌و تا كاتێكی نادیار بكرێتە پشوو. هاوكات سبەینێ‌و دوو سبەی لە زۆربەی فەرمانگەكانی كەركوك كرا بە پشوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئیدارەی كەركوك، پشكنینی گشتگیر لە پارێزگاكە بەڕێوەدەچێت و هەموو پرسە، ئاهەنگ و كۆبونەوەیەكی جەماوەری بۆ ماوەی 15 ڕۆژ قەدەغەكرا. هەروەها تیمی پزیشكی لەگەڵ ئەفسەرانی تەواوی بازگەكاندا هەڵدەستن بە پشكنینی هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پارێزگاكە بە شێوەی بەردەوام.

لە قوتابخانەو زانكۆكانی نەجەف بۆ ماوەی 10 ڕۆژ خوێندن ڕاگیرا، وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای لە خەڵك كرد نەچن بۆ نەجەف و ئەوانەشی لەوێن نەچنە دەرەوەی شارەكە، مەگەر بۆ كاری زۆر پێویست بێت.

هەر ئەمڕۆ شانەی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق، گەشتی هاتن‌و چوونی 7 وڵاتی قەدەغەكرد تا كاتێكی نادیار، وڵاتەكان ئەوانەن كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بەربڵاویی تێیاندا بڵاوبووەتەوەو بریتین لە؛ چین، ئێران، تایلەند، كۆریای باشوور، یابان، ئیتاڵیا‌و سەنگافوورە.

كۆرۆنا لە ئێران‌

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ نوێترین ئاماری تووشبووانی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ڕاگەیاندو دەڵێت: ٩٥ كەس تووشبوون و ١٥ كەس گیانیان لەدەستداوە. جێگری وەزیری تەندروستی ئێران‌و پەرلەمانتارێك لەناو تووشبووەكاندان.

وەزارەتی تەندروستی ئێران داوای لە ھاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد لە ماڵەكانیان بمێننەوە ئەوەش وەك ھەنگاوێكی خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

دكتۆر ئیرەج حەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت "لە دوێنێوە تام هەبوو. پشكنینەكانم پیشانی داوە كە تووشی كۆرۆنا بووم و دەست بە وەرگرتنی چارەسەر دەكەم".

حەریرچی كە بە ورەیەكی بەرزەوە سەبارەت بە تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە لە ئێران قسە دەكات، دەڵێت "لە ماوەی چەند هەفتەی ئایندەدا بە هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی و دەوڵەت بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا سەردەكەوین و دڵنیا بن كە شكست بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەهێنین".

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران سەبارەت بە چارەسەری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژە بەوە دەكات كە "دەرمانی كاریگەرمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە".

هاوكات مەحمود سادقی پەرلەمانتارو نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران، لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند، تووشی كۆرۆنا بووەو ئومێدی بەوە نییە بمێنێت.

ڤیدیۆ؛ دكتۆر ئیرەج حەریرچی باسی تووشبوونەكەی دەكات

لەگەڵ تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ژمارەی ئەو وڵاتە دراوسێیانەی سنوورەكانیان بە ڕووی ئێراندا داخستووە، بۆ شەش وڵات بەرز بووەوە؛ عێراق، توركیا، گورجستان، ئەرمەنستان، پاكستان‌و ئەفغانستان.

هەر بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە چەندین پارێزگای ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن داخراون، ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرە و دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە.

مردن بە كۆرۆنا لە ئێران ڕێژەیەكی بەرزی هەیەو نزیكەی لەسەدا 20ی تووشبووان دەمرن بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی ڕاگەیەندراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەیەو زۆرترین تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەن، ئەوانەی دەمرن كەمترە لە لەسەدا 3ی ژمارەی تووشبووان ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەكان.

كۆرۆنا كۆریای باشوورو ئیتاڵیا شپرزە دەكات

ڤایرۆسەكە بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە‌و لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان 80 هەزار كەسی تێپەڕاندووە كە لەسەدا 97یان لە چینن‌و دوای چین، كۆریای باشوور بە پلەی دووەم دێت كە نزیكەی هەزار تووشبووی هەیە‌و ئیتاڵیاش سێیەم وڵاتە بە 229 تووشبوو.

ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە زیاتر لە 2 هەزارو 700 كەسن كە زیاتر لە 40 كەسیان لە دەرەوەی چینن‌، دوای چین، ئێران پلەی دووەمی هەیە لە بەرزیی ژمارەی مردن‌و دوای ئەویش كۆریای باشورە بە 11 كەس‌و ئیتاڵیاش چوارەم وڵاتە‌و 7 كەس لەوێ بە كۆرۆنا مردوون.

هەرچەندە كۆرۆنا بەردەوام ڕێژەی نوێتری تووشبوون تۆمار دەكات لە وڵاتانی جیهان، بەڵام لە كۆریای باشوور و ئیتاڵیا بە خێرایی تەشەنە دەكات‌و حكومەتی ئەو دوو وڵاتە لە دۆخی لەناكاودایەو دەیان هەزار كەس خراونەتە ژێر چاودێریی‌و چەند ناوچەیەك دابڕێندراون بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی زیاتر.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە، هەرچەندە چەند هەواڵێك هەن باسلەوە دەكەن زاناكان لە چین‌و ئەمریكا نزیكبوونەتەوە لە دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا، بەڵام هێشتا بە فەرمیی ئەوە ڕانەگەیەندراوەو دیار نییە كەی چارەسەری ڤایرۆسەكە دەگات بەو كەسانەی دووچاری بوون.