هەڵبژاردنەكانی عێراق.. پەیامی ئاگرین‌و تووندبوونەوەی ململانێكان

22-09-2021 05:18

پەرەگراف

ڕۆژ دوای ڕۆژ ململانێ و كێبڕكێی هەڵبژاردنەكانی عێراق توندتر دەبێتەوە، بانگەشەی لایەنەكان وەك كڵپەی ئاگری لێدێت، چونكە هەموویان دەیانەوێت زۆرترین دەنگدەر بۆ خۆیان ڕابكێشن.

لەبەشێكی شارەكانی عێراق ململانێكە هێندە توندە چووەتە قۆناغێكی نوێوە، پۆستەری بانگەشەی حزب و هاوپەیمانێتییەكان دەسوتێنرێن و تێكدەدرێن، داوا دەكرێت حكومەت لەسەر بابەتەكە بێتە دەنگ و كارێك لەوبارەیەوە ئەنجام بدات‌و بەجۆرێك چالاكی حزبەكان ڕێك بخات كە ململانێیەكی خاوێن بكەن و هەر لایەنێك ڕێز لە ئازادی بانگەشەی لایەنەكانی دیكە بگرێت.

لە هەڵبژاردنەكاندا زیاتر لە سێ هەزار و 200 كاندید بەشداری دەكەن، دەیانەوێت 329 كورسی پەرلەمان پڕبكەنەوە، ئەوەش لە 83 بازنەی هەڵبژاردن كە بەسەر شارەكانی عێراقدا دابەشبووە، كاندیدەكانیش زۆرینەیان سەر بە لایەنە سیاسییەكانن و بەشێكیشیان سەربەخۆن و بەپێی ناوچەكانیان خۆیان پاڵاوتووە.

مالكی و سەدر

چەند ڕۆژێكە ئاماژەكانی قەیرانێكی نوێی سیاسی دەركەوتووە، ئەوەش لەنێوان دوو بەهێزترین لایەنی ڕكابەری شیعەكان كە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالكی‌و ڕەوتی سەدرە بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر.

ململانێكە بەهۆی سوتاندن و دڕاندنی پۆستەری بانگەشەكانی كاندیدەكانی مالكی لە چەند شارێكی جیاواز توندتر بووە.

ئەو دوو لایەنە لیستێكی گەورەی ململانێی سیاسیان هەیە بەیەكەوە، كە ساڵانێكە بەردەوامە و لە 2006وە دەستیپێكردووە، لایەنە سیاسیی و ئاینییەكانی ناوخۆی عێراق‌و ئێرانیش هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیانداوە.

سەرەتای ململانێكانی ئەمجارە لە نامەیەكی حەنان فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتییەكەی مالكی دەستی پێكرد كە ئاڕاستەی موقتەدا سەدری كردبوو، تێیدا هاتبوو "چەند بەرپرسێكی ڕەوتی سەدر هەڕەشەیان لە خاوەنی باڵەخانە و ئەو دوكانانە كردووە كە وێنەی منیان بەرزكردووەتەوە بەوەی شوێنەكانیان دەسوتێنن ئەگەر وێنەكان لانەبەن"، داوایشی لە سەدر كردووە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكات.

"پڕۆسەی دەنگدان ئازادانەیە، كێبڕكێش تێیدا لەسەر بنەمای بیروباوەڕە، ئێمە ڕێزمان لە بڕیاری كشانەوەی سەدر و دواتر پاشگەزبونەوەی گرت، ڕەنگە دواتریش بكشێنەوە و پاشگەزببنەوە، پێویستە ڕێز لە بیروباوەڕی خەڵكی بگیرێت، ئەو كارانە بۆ هەمووان خراپە" فەتلاوی لە نامەكەیدا وادەڵێت.

هەفتەی ڕابردوو چەند كەسێكی نەناسراو پۆستەرەكانی فەتلاوییان لە بازنەكەی لە شاری بابل سوتاندووە، هەروەها چەند پۆستەر و وێنەیەكی دیكەی لیستەكەی مالكی لە چەند بازنەیەكی دیكە سوتێنراون‌و تێكدراون.

بەئامانجگرتنی حزبە نوێیەكان

لە بەغدادی پایتەخت موشریق فەریجی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی "هاتوم داوای مافی خۆم دەكەم" كە كاندیدی هەڵبژاردنەكانە، توشی شۆك بووە كاتێك بینیویەتی پۆستەرەكانی بزوتنەوەكەیان ئاگری تێبەردراوە، لەكاتێكدا ئەوان حزبێكی نوێن و دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دروستبوون.

فەریجی دەڵێت "ماوەی ڕابردوو ململانێیەكی توندی بەخۆیەوە بینینی، كە دەتوانین ناوی بنێین سەركوتكردنی هەڵبژاردن، ئەویش سوتاندنی پۆستەرەكانمان بوو، پێویستە دەزگا ئەمنییەكان ڕونكردنەوە لەم بارەیەوە بدەن كە ئایا دووبارە دەبێتەوە؟ چونكە ئەمە كاریگەری مەترسیداری لەسەر دۆخی هەڵبژاردن هەیە بەشێوەیەكی گشتی، دیمەنێكی ناشرینی كێبڕكێ نیشان دەدات".

پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە وای لە بەشێكی خاوەن باڵەخانەو كۆگا بازرگانییەكان كرد، ڕەتی بكەنەوە وێنەی كاندیدەكان لە نزیك یاخود لەسەر شوێنەكانیان هەڵبواسرێن، ئەوەش لە ترسی سوتاندن و هێرشكردنە سەریان.

ناشرینكردنی دیمەنی هەڵبژاردن

حكومەتی عێراق كاردەكات لەسەر هێوركردنەوەی دۆخەكە و ڕەخساندنی كەشێكی هێمن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا، هەرچەندە چەند لایەنێكیش بڕیاری كشانەوەیانداوە كە ژمارەیان تائێستا گەیشتووەتە پێنج لایەن، چەند لیژنەیەكی تایبەتمەندیش پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان دەكەن لە دابینكردنی كەشێكی گونجاو بۆ هەڵبژاردنەكان.

ئیهاب عوبەیدی ئەندامی تۆڕی چاو بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان، دەڵێت "ئەم هەڵبژاردنە توندترینە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو كە لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی دۆخی ئێستا، ئالیەتەكانی كێبڕكێ، هەروەها یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، بۆیە پێویستە سنورێك بۆ ئەو ململانێیە دابنرێت جا لەلایەن كۆمسیۆنەوە بێت یاخود حكومەت".

ئەو چاودێرەی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەكردووە، سوتاندنی پۆستەری بەشێك لە كاندیدەكان، تێدان و ناشرینكردنی بنەماكانی ململانێ و كێبڕكێیەكی تەندروستە، وێنەیەكی نەگونجاو لەسەر دۆخی سیاسی نیشان دەدات، دژی ئەو پەیماننامەیەشە كە لایەنە سیاسییەكان واژۆیان كردووە.

هەفتەی ڕابردوو لایەنە سیاسییەكان بە دەستپێشخەری بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار، پەیماننامەی ڕەفتاری هەڵبژاردنیان واژۆكرد، كە مەبەست لێی پابەندبوونە بە ئیتیكی كاری سیاسی و ئەنجامدانی بانگەشەی هێمنانە و ڕەخساندنی هەلی یەكسان بۆ كاندیدەكان.