ئەمەریکا تەئکید لە مانەوەی لە کوردستان دەکاتەوە؛ مەسرور بارزانی دەڵێت: زۆر گەشبینم بە داهاتووی پەیوەندییەکانمان

22-09-2021 08:16
کونسوڵی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی لە مەراسیمەکەی ئەمڕۆدا.

پەرەگراف

یادی ١٠ ساڵەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر کرایەوەو ھەیکەلی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەش تەواو بووە کەدەبێتە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەرئاستی جیھان، کونسوڵی ئەمەریکا تەئکید لە مانەوەی وڵاتەکەی لە ھەرێم دەکاتەوە، مەسرور بارزانیش گەشبینیی زۆری خۆی پیشاندەدات بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا.

رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد لەباڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر.

پالەدینۆ رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە و بۆ هەردوولا باشتر کە پێکەوەبین".

باڵەخانە نوێیەکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا 60٪ی تەواو بووە، کە لە ساڵی 2018 بەردی بناغەی دانرا، لە ساڵی 2023 باڵەخانەکە تەواودەبێت و کونسوڵخانە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو باڵەخانەیە کە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەبێت لە سەرانسەری جیهان.

"ئەگەر بپرسین بۆچی ئەمەریکا ئەم کونسوڵخانە گەورە لێرە دروست دەکات؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بەو ژینگەیەوە هەیە بۆ گەشەکردن، ئەم کونسوڵخانەیە دەبێتە ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی کە بە شەقامی 150 مەتری دادەڕۆن، بیریان بێتەوە کە ئەمەریکا لێرەیە و زۆرپابەندە و لێرەش دەمێنێتەوە، ئێمە پێمان وایە باشترە بۆ ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کە پێکەوەبن" کونسوڵی ئەمەریکا وای وت.

وتیشی "بوونی ئەمەریکا لێرە مایەی سەقامگیرییە  بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێمە نیازمان وایە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان کاربکەین، لە بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر، لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتوودا، بوونی ئەمەریکا لێرە سوودی هەیە و سەقامگیری لەگەڵ دەبێت، بە دڵنیاییەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، کە بۆچەندین دەیەی لەمەوبەر دەگەڕێتەوە".

مەسرور بارزانی لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو وتی: سەرەتای ئەمساڵ، باسی گرنگیی پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر کوردستانمبۆ باڵیۆزی ئەمەریکا ماتیۆ تولەر کرد، ئەویش لەوەڵامدا گوتی؛ بەڕێز سەرۆک وەزیران، ئێمە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان، لەهەولێر دروست دەکەین، چی لەمە زیاتر بکەین بۆ پیشاندنی پابەندی ئەمریکا؟

سەرۆکی حکومەت وتیشی: ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکەين. هەستێکی بەهێزم هەیە کە ئەم باڵەخانەیە، دەبێتە سیمبولێکی زیندووی پابەندی ئەمریکا بۆ کوردستان و هیوادارم، دۆستە ئەمریکییەکانیشمان هەمان هەستیان هەبێت.

دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئامادەبووانی بەڕێز:

خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لە ڕێورەسمی تەواوبوونی دروستکردنی هەیکەلی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر.

بەڕێز ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا:

دەمەوێت سوپاسی هەوڵ و کاری دۆستایەتیی تۆ و تیمەکەت بکەم لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانیئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانیی و هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان، هەرێمیکوردستان بە کاروچالاکیی و ئامادەبوونی ئێوە بەهێزترە.

ئێمە ئەمڕۆ لە کات و شوێنێکی زۆر گرنگ کۆبووینەتەوە، لێرە زۆر بیرەوەری لە بارەی پەیوەندی  بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە.

هەروەک چۆن لە سەرەتای ئەمساڵ، سەرۆک بایدن بە سەرۆک مەسعود بارزانی ڕاگەیاند کە بە یەکەوە ساتی زۆر سەختمان بەڕێکردووە وبەهۆی پەیوەندی دۆستایەتی درێژخایەنەوە ئەمڕۆ بەیەکەوەین. جیا لەمەش، ئێمە بە بەها هاوبەشەکان و لە ڕێگەی بەرگریکردن لەو بەهایانە،بەیەکەوە بەستراوین.

شەش ساڵ بەر لە ئێستا ، بەیەکەوە بووین بۆ پشتگیريکردن لەو خەڵکانەی لە ترسی چەوساندنەوەی داعش هەڵاتبوون، یەکەم هێرشیئاسمانی ئەمریکا، لە مەخموور بوو، کە 40 مایل(65 کم) لێرەوە دوورە، ئەوکاتە بۆردومانە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا ، یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەیپێشمەرگە، هێرش لە دژی داعش دەست پێ بکات.

ئێمە پێشەنگ بووین لە  تێکشکاندنی داعش و ڕێگریکردن لە گەیشتنی داعش بە ئەوروپا و دەوروبەری، هەروەها شەڕمان بۆ پاراستنیبەهاکانی ئەمەریکا و پاراستنی خۆمان کرد. شەڕ دژی داعش، نموونەیەکی زیندووی کاری هاوبەشی هەردوو لامان بوو بۆ تێکشکاندنیدوژمنێکی هاوبەش، هەرچەندە ئەمە یەکەمجاریش نەبوو کاری هاوبەشی لەم شێوەیە بکەین.

لە ساڵی 1991 ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی پێکهێنا، کە گەورەترین هەڵمەتیی مرۆیی بوو لە مێژوودا بۆ پاراستنی خەڵکی ئێمە لەجینۆساید. سوپاس بۆ فڕۆکەوانانی ئەمەریکی و هاوپەیمانان، کە لە ئاسمانەوە یارمەتی مرۆییان گەیاندە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزارکەس، کە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە چیاکاندا گیریان خواردبوو.

لە مانگی نیسانی رابردوودا، 30 ساڵ بەسەر دەستێوەردانی مرۆیی تێپەڕی، زۆر قسە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وئەمەریکا گووتران، بەڵام دەمەوێت لێرە دووپاتی بکەمەوە، کە پەیوەندییەکانمان، پەیوەندیی بەردەوام  و ستراتیجین.

بەهێزی پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە كاتی ڕوودانی چەندین پێشهات و گۆڕانکاریی ئێرەو دەرەوە سەلمێنراوە.

لە ساڵی 2003، بە توندی پاڵپشتیمان لە پرۆسەی  ئازادی عێراق و لابردنی رژێمی سەدام حوسێن کرد.

لە ساڵی 2005، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یارمەتیدەر بوون بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی نووسینەوەیدەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ. لە دەستووری عێراقدا، ئاماژە بە یەکێتيی ئارەزوومەندانەی نێوان  گەل وخاک و سەروەریی عێراقکراوە، ئەمەش دانپێدانان بوو بە بنەما هاوبەشەکانمان و شێوازی بەیەکەوەژیانمان.

ئەم رووداوە گرنگانە، بەها هاوبەشەکان و پەیوەندی دۆستانەی ئێمەی بەهێزتر کرد.

ڕووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییە، بە تایبەتی ڕووداوەکانی ئەفغانستان. هەڕەشەی چەوساندنەوە و چارەنووسێکی نادیاری رووبەڕوویهەموومان کردەوە.

گەلی کوردستان بەشێکی زۆری لە بارگرانییەکانی  چارەنووس نادیاریی، بەرکەوتووە، لە پێناو بەرگریکردن لە بەهاو مافەکانیشی،قوربانییەکی زۆری داوە

لەم هەرێمەدا شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش داعش هەڕەشەیە بۆ سەر بەها هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی و ئاشتی لەناوچەکە و جیهان.

بەڵام تاوەکو بەیەکەوەبین، خۆڕاگریمان بەهێزتر دەبێت، پێشمەرگە توانا و  پابەندی خۆی بۆ شەڕی دژی داعش،  لە مەیدانەکانی شەڕ،سەلماندووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش، پابەندی خۆی وەک هاوبەشێک، بۆ ئێمە دووپات کردووەتەوە.

سەرەتای ئەمساڵ، باسی گرنگیی پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر کوردستانم بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا ماتیۆ تولەر کرد، ئەویش لەوەڵامدا گوتی؛بەڕێز سەرۆک وەزیران، ئێمە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان، لە هەولێر دروست دەکەین، چی لەمە زیاتر بکەین بۆ پیشاندنیپابەندی ئەمریکا؟

ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ، پێشوازی لە تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکەين. هەستێکی بەهێزم هەیە کە ئەمباڵەخانەیە، دەبێتە سیمبولێکی زیندووی پابەندی ئەمریکا بۆ کوردستان و هیوادارم، دۆستە ئەمریکییەکانیشمان هەمان هەستیان هەبێت.

زۆر گەشبینم بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان، پەیوەندییەکانمان تەنیا لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش،سنووردار نەکراوە ، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە.

بەهێزبوونی پەیوەندییەکانمان، لە ڕێگەی پەرەپێدانی کاری بازرگانی و کولتووری و بەهێزکردنی پەیوەندیی گەشتیاریی نێوان هەردوولاماندەبێت. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی دارایی (DFC )، بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار، پاڵپشتیوەبەرهێنانی کەرتی تایبەتیان لە بواری نەوت و غازی کوردستان کرد. ئەمەش دووپاتکردنەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان و دروستکردنیئەو کەشە دۆستانەیە ، کە بۆ وەبەرهێنان رەخسێندراوە.

هیوادارم وەبەرهێنانی زیاتری ئەمەریکی، لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازیدا ببینم. هەروەها ئێمە زۆر گرنگیمان بە بابەتیژینگە و وزەی خاوێن داوە. بە پەرۆشم بۆ دۆزینەوە و بینینی هەلی زیاتر لەم بوارانەدا، بەتایبەت لە بوارەکانی تایبەت بە گاز و پێترۆکیمیایيدا.

دەمەوێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دڵنیا بکەمەوە، کە ئێمە لە کوردستان ، هەمیشە پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکەین. حکومەتەکەم ئامادەیە،هەموو کارئاسانییەک بکات بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییەی کە هەیە.

زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو کارانەی کە لێرە کردووتانە. بەو هیوایەم لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەم باڵەخانەیە بە تەواوکراوی ببینم.