قسەكانی كاكەمین نەجاڕ دەربارەی بوونی ئەنجامدەرانی ئەنفال لە هەولێر، كاردانەوەی توندی لێ‌ دەكەوێتەوە

23-09-2021 01:44

پەرەگراف

30 ڕێكخراو، نووسەر و لێكۆڵەری بواری جینۆساید، كاردانەوەیان لە بەرانبەر قسەكانی كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی نیشاندا كە باسی لەوە كرد تاوانبارانی جینۆسایدی كورد لە هەولێرن. داوا لە داواكاری گشتی دەكەن بە ئەركی خۆیان هەڵبستێت و "چیتر رێگە بەو جۆرە سۆكایەتییە بە یاسا و قوربانیانی جینۆساید نەدەن".

لە ڕاگەیەندراوێكدا لەژێر ناوی "داڵدەدانی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید شەرمەزار دەكەین"، ئەو ڕێكخراو و لێكۆڵەر و نووسەرانە دەڵێن "دوێنێ 22-9-2021 لەسەر زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناوی (كاكەمین نەجاڕ)، بۆ یەكەم جار ڕاشكاوانە ئاشكرا كرا كە كوردستان بووەتە مۆڵگەی پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئەوەی كاكەمین نەجاڕ ئاشكرای كرد، 30 ساڵە لە كوردستان جێبەجێ دەكرێت لەژێر ناوی لێبوردنی بەرەی كوردستانی و ئاشتەواییدا، لە كاتێكدا تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە".

"ئەم دانپێدانانە ڕاستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە، نەك بە تەنها جاش و موستەشارەكان لە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون، بەڵكوو دانپێدانانێكی ڕاستەوخۆیە بەوەی كە سەرانی ڕژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەژین و داڵدەراون"، ئەو ڕێكخراو و لێكۆڵەر و نووسەرانە وا دەڵێن.
هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە كە "لە ماوەی ڕابردوودا عززەت دووری و ئەرشەد زێباری لە كوردستان مردن و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حیزبی بۆ دانرا، كە هەموو سوكایەتی بوون بە ڕابردوو و ئێستامان".

لە ڕاگەیەندراوەكەی ڕێكخراوەكانی بواری جینۆسایدی گەلی كورد، "بە توندی ئیدانەی داڵدەدان و دادگایی نەكردنی تاوانبارای جینۆساید" كراوە و بە "پاڕانەوە و بەرگری لە تاوانباران" ناو براوە، دەشڵێن "داكۆكی و پاڕانەوە لە تاوانباران، جۆرێكە لە تاوان و لە زۆر وڵات سزای بۆ دانراوە".

لە كۆتاییشدا داوایان لە داواكاری گشتی كردووە كە "بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و چیتر ڕێگە بەو جۆرە سوكایەتییە بە یاسا و قوربانیانی جینۆساید نەدەن و تاوانباران و داكۆكیكاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆسایدی گەلی كورد ڕاپێَچی دادگا بكەن". دەشڵێن "لە ڕابردوودا داواكاری گشتی سكاڵای ئێمەی دژ بە تاوانبارانی ئەنفال وەرنەگرتووە".

دوێنێ‌ لە كاتی هەڵمەتی بانگەشە بۆ حیزبەكەی، كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، وتی "ئەو خەڵكەی پێشتر ئەنفال و تەعریبی دەكرد و دایك و خوشكی ئێمەی ئەنفال دەكرد، كە هاتنە كوردستان ڕەئیان گۆڕا".

كاكەمین نەجاڕ وتیشی "زۆریش لەو قیادانەی كە كاتی خۆی قیادەی ئەو نەهامەتییەی سەر كوردستانیان دەكرد، ئێستایش لە هەولێرن و پەیشمانن".

ئەم قسانەی كاكەمین نەجاڕ كاردانەوەی خێرا و توندی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ‌ كەوتەوە.