ئومێد بەرۆشكی سزای ساڵێكی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا

23-09-2021 02:49
ئومێد بەرۆشكی

پەرەگراف

ئومێد بەرۆشكی یەكێك لە ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی بادینان، ئەمڕۆ لە دوو دۆسیەدا لە دادگای دهۆك سزای ساڵێك زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، مانگی شەشی ئەمساڵیش بە هەمانشێوە لە دوو دۆسیەی دیكەدا هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێڤین یاسین پارێزەری دۆسیەی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەڕۆشكی، بە پەرەگرافی وت، ئەمڕۆ بەرۆشكی لەسەر سێ دۆسیە دانیشتنی دادگاییكردنی هەبوو، دوو دۆسیەیان بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیی بووە كە بۆ هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.

دۆسیەی سێیەمیش بە تۆمەتی ناوزڕاندنی پەرلەمانتارێكە، ئەم دۆسیەیە بۆ ١٧ی مانگی داھاتوو دواخرا.

پێشتریش لە 22-6-2021 ئومێد بەرۆشكی لە سێ‌ دۆسیەدا دادگایی كرا و لە دوو دۆسیەیاندا سزای ساڵێك زیندانیی و لە دۆسیەی سێیەمیش 240 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەركرا.

"هەر چوار سزاكە نادادپەروەرانەیەو دوانەكەی پێشووترمان تەمیز كردووەتەوەو هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتووە، ئەم دوو سزایەی ئەمڕۆش تەمیز دەكەینەوە" پارێزەرەكەی وای وت.

ئەو سێ سكاڵایەی پێشووتر، دوو سكاڵایان بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی بووە، لە هەریەكەیاندا شەش مانگ سزای زیندانیكردنی بۆ دەركرا، "تۆمەتبار كرابوو بەوەی كە لە فەیسبووك داوای كردووە بچنە پاركی ئازادیی دهۆك بۆ خۆپیشاندان".

سكاڵای سێیەمی دادگاییەكەی 22-6 بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر بەرۆشكی تۆمار كرا بوو، بە تۆمەتی ئەوە بوو كە "هانی خەڵكی داوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان".

ئومێد بەرۆشكی لە مانگی 4ی ساڵی ڕابردووەوە لە زینداندایە.

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (سی پی تی) دەڵێت "خراپ بەكارھێنانی یاسا و ئەم جۆرە لە حكومدان و تاوانباركردنانە بۆ سنورداركردنی ئازادی ڕادەربڕینە لە ھەرێمی كوردستانی عێراقدا".