قوباد تاڵەبانی لەبارەی حوكمدانی بەرۆشكی: دژی ئەوەین ڕاگەیاندنكار حوكم بدرێ‌و زیندانیی بكرێت

23-09-2021 05:36

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ بیستم ڕاگەیاندنكارێكی دیكە حوكمدراوە، ئێمە دژی ئەوەین ڕاگەیاندنكار حوكم بدرێت‌و زیندان شوێنی ڕاگەیاندنكار نییە، زیندان شوێنی تاوانبارانە.

تاڵەبانی كە سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانەو بۆ بانگەشەی هاوپەیمانییەكە لە دهۆكە، بە میدیاكانی وت "ڕاگەیاندنكارێك كە ڕای خۆی دەردەبڕێت‌و دەیەوێت گلەییەك بكات‌و ڕەخنەیەك بگرێت، بە هیچ شێوەیەك هیچ هۆكارێك نییە بۆئەوەی زیندانی بكرێت".

"ئەمە خراپ بەکارھێنانی یاسایەو من بە ھەموو پێگەکانمەوە؛ حکومی، حزبی و کەسایەتییمەوە دژی وەستاوم و دژی دەوەستم. ئێمە ئەگەرلایەنە ئازادیخوازەکان بەھێزبین دەتوانین ڕێگری لەم جۆرە غەدرانە بکەین کە دژی ئازادیی دەکرێت لەم دەڤەرەو شوێنەکانی دیکەیکوردستان" قوباد تاڵەبانی وای وت.

ئەو وتانەی تاڵەبانی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ ئومێد بەرۆشكی یەكێك لە ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی بادینان، لە دوو دۆسیەدا لە دادگای دهۆك سزای ساڵێك زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، مانگی شەشی ئەمساڵیش بە هەمانشێوە لە دوو دۆسیەی دیكەدا هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێڤین یاسین پارێزەری دۆسیەی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەڕۆشكی، بە پەرەگرافی وت، ئەمڕۆ بەرۆشكی لەسەر سێ دۆسیە دانیشتنی دادگاییكردنی هەبوو، دوو دۆسیەیان بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیی بووە كە بۆ هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.

دۆسیەی سێیەمیش بە تۆمەتی ناوزڕاندنی پەرلەمانتارێكە، ئەم دۆسیەیە بۆ ١٧ی مانگی داھاتوو دواخرا.

پێشتریش لە 22-6-2021 ئومێد بەرۆشكی لە سێ‌ دۆسیەدا دادگایی كرا و لە دوو دۆسیەیاندا سزای ساڵێك زیندانیی و لە دۆسیەی سێیەمیش 240 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەركرا.

"هەر چوار سزاكە نادادپەروەرانەیەو دوانەكەی پێشووترمان تەمیز كردووەتەوەو هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتووە، ئەم دوو سزایەی ئەمڕۆش تەمیز دەكەینەوە" پارێزەرەكەی وای وت.

ئەو سێ سكاڵایەی پێشووتر، دوو سكاڵایان بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی بووە، لە هەریەكەیاندا شەش مانگ سزای زیندانیكردنی بۆ دەركرا، "تۆمەتبار كرابوو بەوەی كە لە فەیسبووك داوای كردووە بچنە پاركی ئازادیی دهۆك بۆ خۆپیشاندان".

سكاڵای سێیەمی دادگاییەكەی 22-6 بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر بەرۆشكی تۆمار كرا بوو، بە تۆمەتی ئەوە بوو كە "هانی خەڵكی داوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان".

ئومێد بەرۆشكی لە مانگی 4ی ساڵی ڕابردووەوە لە زینداندایە.

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (سی پی تی) دەڵێت "خراپ بەكارھێنانی یاسا و ئەم جۆرە لە حكومدان و تاوانباركردنانە بۆ سنورداركردنی ئازادی ڕادەربڕینە لە ھەرێمی كوردستانی عێراقدا".

لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی بادینان دەستی پێكردووە، هەڵمەتەكە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی گرتەوە لە ناویاندا ئومێد بەرۆشكی، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون.