پاش بەردەوامیی مانگرتن و فشارەكان سەردانیكردنی كەسوكاریان بۆ لای دەستگیركراوانی بادینان ئاسایی كرایەوە

24-09-2021 07:35

پەرەگراف

پاش بەردەوامیی فشارەكان و مانگرتنی دەستگیركراوانی بادینان، ئاسایشی هەولێر سەردانیكردنی كەسوكاریانی بۆ لای ئەو دەستگیركراوانە ئاسایی كردەوە.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر سەردانیكردنی ڕاگیراوانی بادینانی ئاسایی كردەوە، كەسوكاریان دەتوانن سەردانی دەستگیركراوان بكەن بەو مەرجەی كە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنایان وەرگرتبێت".

ئەو پارێزەرە وتیشی "سەردانیكردنی سزادراوانی بادینان كە لە چاكسازیی گەورانی هەولێرن، لە هەفتەی ڕابردووەوە ئاسایی كراوەتەوە، ئەم بڕیارە بۆ ئەو ڕاگیراوانەیە كە لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێرن".

بەشدار حەسەن وتیشی "لە سبەینێوە سەردانیكردنەكە ئاسایی دەكرێتەوە. سبەیێ‌ سەردانیكردن بۆ ئافرەتانە و شەممەی داهاتوویش بۆ پیاوانە".

سەبارەت بە بارودۆخی دەستگیركراوان، ئەو پارێزەرە وتی "بارودۆخی دەستگیركراوان خراپە و لە مانگرتن بەردەوامن. دوو جار مانگرتنیان پێ‌ شكاندوون، بەڵام دەستیان پێ‌ كردووەتەوە".