بارزانی: لەسەدا ٩٣ی دەنگی بەڵێ لە ڕیفراندۆمدا سەركەوتنێكی مەزن و مێژوویی بوو

25-09-2021 10:55

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لە چوارەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا دەڵێت: لەسەدا ٩٣ی دەنگی بەڵێی خەڵكی كوردستان لە ڕیفراندۆمداسەركەوتنێكی مەزن و مێژوویی بوو.

بارزانی كە ئاڵا هەڵگری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لە تویتێکدا دەشڵێت: لە ساڵیادی ئەو سەركەوتنەدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و دەستخۆشی لەو قارەمانانە دەكەم كە خۆیاننەچەماند و چاویان ماچ دەكەم.

وەك چۆن سەرەتا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم حیزب‌و كۆمەڵگای كوردیی دابەشی دوو بەرە كرد، دەرئەنجامەكانیشی بەهەمان شێوە ئەو دابەشكارییەی دروست كرد، نەیارانی پڕۆسەكە دەڵێن، شكستیهێناوەو زیانی بە كوردستان گەیاندووە، بەڵام لایەنگرانی بەتایبەتی پارتی كە ئاڵا هەڵگری سەرەكی پڕۆسەكە بوو، دەڵێن، دەستكەوتێكی گرنگ‌و مێژوییەو كاركردن بە دەرئەنجامەكەی هەڵگیراوە.

بەرەبەیانی 25-9-2017 دەرگای دەنگدان بەڕووی خەڵكی كوردستاندا كرایەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك كە فشارو هەڕەشەیەكی زۆری ناوخۆیی‌و دەرەكیی هەبوو هەتا كورد ئەو ڕۆژە وەڵامی ئەو پرسیارە نەداتەوە.

ئایا دەتەوێت هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ ئەمە پرسیارەكەیەو بژاردەكانیش تەنها بەڵێ و نەخێر بوون، دواجار زیاتر لەسەدا 92ی خەڵكی كوردستان بەڵێ-یان هەڵبژاردو دەنگدانەكە لە دونیادا دەنگیدایەوە. 

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆم كوردستان لە دۆخێكی سەخت‌و پڕ كێشمەكێشدا بوو، فشاری ناوخۆیی، ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی لەسەر سەركردایەتی كورد‌و بەتایبەت مەسعود بارزانی بوو بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت‌و دوابخرێت، بەڵام بارزانی نەچووە ژێرباری فشارەكان.

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە چەندین ڕێكاری دژی كوردستان گرتەبەر، فڕۆكەخانەكانی داخست‌و ئابڵوقەی دیبلۆماسیی خستەسەر هەرێم، دوای 3 هەفتە لە ڕیفراندۆم‌و لە 16ی ئۆكتۆبەردا لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لەناویاندا شاری كەركوك.

ئەو ڕۆژانە هەرێمی كوردستان لە لێواری داڕماندابوو، خەڵكێكی زۆر لە ناوچە دابڕاوەكان ئاوارەبوون‌و پێشمەرگە دەیان شەهیدو برینداری هەبوو.

پارتی‌و لایەنگرانی دیكەی ڕیفراندۆم، لە ناویاندای بەشێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، پێیانوایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پیادەكردنی مافێكی گرنگ‌و دەستكەوتێكی مێژووییەو گروپێكی ناو یەكێتی "خیانەت"یان لە دەرئەنجامەكانی كردووە، مەبەستیان ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەو ئەو گروپە تۆمەتبار دەكەن بە دەست تێكەڵكردن لەگەڵ ئێرانییەكان.

نەیارانی پڕۆسەكە پێیانوایە ڕیفراندۆم بۆخۆی "خیانەت"بووە، بەو پێیەی دوای پڕۆسەكە نیوەی خاكی كوردستان لەدەستدراو حكومەتی ناوەندیی سزای قورسی بەسەر هەرێمدا سەپاند.

ئاڕاستەكردنی تۆمەتی قورسی "خیانەت" بۆیەكتر لەلایەن حیزبە كوردییەكانەوە شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت لە نیو سەدەی ڕابردوودا زۆربەی ئەو ڕوداوانەی بەسەر كورددا هاتوون‌و زیانی گەورەیان هەبووە، بەردەوام لایەنێك لایەنەكەی دیكەی بە "خیانەت" تۆمەتبار كردووەو ئەو لایەنەش بەرگریی لە خۆی كردووەو هەمان تۆمەتی ئاڕاستەی بەرامبەرەكەی كردووەتەوە.

بەدەر لە پارتی‌و بەشێكی یەكێتی، حیزبە گەورەكانی دیكەی كوردستان بەڕوونی پشتیوانیی ڕیفراندۆمیان نەكردو هەڵمەتی بانگەشەیان بۆ دەنگدان بە بەڵێ ئەنجام نەدا، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبانە لە دوا ساتەكاندا پاڵپشتییان دەربڕی، لەناویاندا ڕێكخەری گشتی گۆڕان ڕایگەیاند، دەنگی بە بەڵێ داوە.

یەكێتی وەك زۆر پرسی دیكە بووبوو بە دوو لەتەوە، ئەو حزبە لە ڕۆژەكانی سەرەتای ڕیفراندۆمدا سووربوو لەسەرئەوەی بەبێ ناوچە دابڕاوەكان پشتیوانیی ڕیفراندۆم ناكات، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی دەنگدان، هەڵوێستەكەی گۆڕی‌و داوای كرد ناوچە دابڕاوەكان نەگرێتەوەو تەنها لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكرایەوە، دواجار یەكێتی بە فەرمی ڕایگەیاند، لەگەڵ قبوڵكردنی دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن.

لەو نێوەندەدا جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكە دەكرد.

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حوكمڕانی خۆیان دەناساند، ئێستاش دەڵێن، پێشبینی‌و زانیارییەكانی ئەوان ڕاست دەرچوون دەربارەی كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم. 

ئێران‌و توركیا؛ وەك دوو وڵاتی دراوسێ كە پەیوەندیی‌و بەرژەوەندییان لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەتووندی دژی ڕیفراندۆم وەستانەوەو چەندین هەڕەشەو فشاریان خستەسەر كورد بۆ پاشگەزبوونەوە لە پڕۆسەكە، توركیا هەڕەشەكانی نەكرد بە كردار، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە.

قاسم سلێمانی خاوەنی كۆتا قسەی ئێران بوو لەسەر ئەو پرسانەی دەستێوەردانی تێدا دەكەن لە عێراق، ئەو پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ كورددا هەیە بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی، مەسعود بارزانی نەچووە ژێرباری فشارو هەڕەشەكانی قاسم سلێمانی، لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكەشدا قاسم سلێمانی ئەو هەڕەشانەی جێبەجێكرد كە بەرلە ڕیفراندۆم ئاڕاستەی بەرپرسانی كوردی كرد بوو.

بەدەر لەو دوو وڵاتە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمەریكا، بەریتانیاو فەڕەنساو نەتەوەیەكگرتووەكان، بە چڕی لە هەوڵدابوون بۆ ڕازیكردنی بارزانی بە دواخستنی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەدا "بەدیل"ی ڕیفراندۆمیان خستەڕوو، بەڵام بارزانی بە بەدیلەكە قایل نەبوو. 

هەرچی دەربارەی بڕیاری عێراقە، دادگای فیدڕاڵی ڕیفراندۆمەكەی بە نادەستوریی لەقەڵەمداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا بە ڕوونی دانی بە هەڵوەشانەوەكەدا نەناوەو سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها ئەوەندەی وتووە، ڕێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن، بە پێچەوانەوە پەرلەمانی كوردستان‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم، سوورن لەسەر ئەوەی هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.