قوباد تاڵەبانی: هەتا من هەبم ڕێگە نادەم دادگاییكردنی وەكوو ئەوەی بادینان لەمدیو دێگەڵەوە بكرێت

25-09-2021 03:30

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: بە داخەوە ھێشتا دوو ئیدارەین و دوو فەرهەنگ و دوو شێوازی حوكمڕانیی جیاوازمان هەیە، ڕەخنەش لە پڕۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان دەگرێت و دەڵێت: هەتا من هەبم ڕێگە نادەم دادگاییكردنی وەكوو ئەوەی بادینان لەمدیو دێگەڵەوە بكرێت.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "لە كفری تا دێگەڵە شێوازێكە و لە دێگەڵە تا زاخۆیش شێوازێكی دیكەیە. خۆتان ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن کامیان باشترە".

ئەم وتانەی قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا هات لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی كە تێیدا پەرەگراف ئامادە بوو.

جێگری سەرۆكی حكومەت جەختیشی كردەوە كە لە پشتیوانیكردنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی بەردەوام دەبێت، ئەوەشی خستە ڕوو، کاریان کردووە ئەو فەرھەنگ و شێوازی حکومڕانییە یەک بخەن و باشتری بکەن، بۆئەوەش نموونەی بە پڕۆژەی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و کارەبا ھێنایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی کردو تیشکی خستەسەر ئەوەی، "ئەو ھاشوھوشەی بە پارەی زەبەلاح لە سۆشیاڵ میدیا دروستکرابو بەرەو کپبوونەوە دەڕوات" ئەوەشی وەک دروستبوونی دەرفەت لەبەردەم گەشەی میدیای سەربەخۆو جددی ناوبرد.

"تەنھامانگی ٦ی ئەمساڵ لە سلێمانی ٨٠٠ ھەزار دۆلار بۆ سۆشیاڵ میدیا خەرجکراوە لە سلێمانی. بە سۆشیاڵ میدیاو سیاسەتی پۆپۆلیستی ناتوانرێت سیاسەت بکرێت و لە پارتی ببەیتەوە" قوباد تاڵەبانی وای وت.

لەبارەی کێشەی نێوان ھاوسەرۆکانی یەکێتیش وتی "پێموسیە حخب چارەسەری دەکات بە تەواوەتی و یەکلایی دەکاتەوە، ئەگەر پێویستی کرد دەبرێتە دادگاو دەخرێتەبەردەم ڕایگشتی. تا ئێستا ئێمە وەکو ماڵی مام جەلال ھیچ دۆسیەیەکی یاساییمان نەجووڵاندووەو باوەڕی تەواویشمان بە سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دادگا ھەیە".

لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، قوباد تاڵەبانی بایكۆتی پڕۆسەکەی وەک "مەترسییەکی گەورە" لەقەڵمداو وتی "بایکۆت مەترسیدارەو پێگەی کورد لاواز دەکات لە بەغداد، پەرتکردنی دەنگەکانیش بۆ ھەندێک لایەن کە ئەزموونیان نییە مەترسییەکی گەورەیە".

قوباد تاڵەبانی وتیشی "یەکێتی نایەوێت دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار ببێت لە بەرامبەر ھیچ پۆستێکی دیکەدا".

جێگری سەرۆکی حکومەت، پێیوابوو ھەرێمی کوردستان دوای ھەڵبژاردن دەکەوێتەژێر فشاری تووند لە بەغداو وڵاتانی دراوسێوە، ئەوەشی پەیوەستکردەوە بەو پێشکەوتنەی لە ھەرێم ھەیە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، وتیشی "ئەگەر یەکگرتوو بەھێز نەبین و بە پەرتیی بچینە بەغداد ڕەنگە نەتوانین ڕێگریی لەو فشارانە بکەین، بەتایبەت کە نیەتێک ھەیە دەستوری عێراق ھەموار بکرێتەوەو لە پەرلەمانەوە بە یاسا دەسەڵاتەکانی ھەرێم و داراییەکەی سنووردار بکرێت، زۆر بەداخەوە ھەندێک کەسایەتیی کوردیش ھاوکارییان دەکەن لە ڕقی پارتی و یەکێتی".