كۆنگرەیەك لە هەولێر حكومەت و سەركردەكانی عێراق تووڕە دەكات؛ موقتەدا سەدر هەڕەشە دەكات

25-09-2021 05:07
وێنەیەكی كۆنگرەكە

پەرەگراف

ڕاگەیاندنی پەیامی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل لە كۆنگرەی ژمارەیەك كەسایەتیی عەرەب لە هەولێر، حكومەت و سەركردەكانی عێراق تووڕە دەكات. موقتەدا سەدر هۆشداریی دایە "هەولێر" كە ڕێگری لەو جۆرە كۆنگرە "تیرۆریستی و زایۆنیزمییانە" بكات. حكومەتی هەرێمیش خۆی بێبەری كرد و دەڵێت "كۆبوونەوەكە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی و بەشداریكردن"ی ئێمە ئەنجام دراوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "حكومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەك ئەو كۆبوونەوە نایاساییە ڕەت دەكاتەوە كە هەندێك كەسایەتیی هۆزە (عەرەب)ـەكانی نیشتەجێی هەولێر لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە، تێیدا دروشمی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەرز كراوەتەوە".

نووسینگەی كازمی جەختی كردووەتەوە كە ئەو جۆرە كۆبوونەوانە نوێنەرایەتیی خەڵكی عێراق ناكەن و كۆنگرەكەی بە "هەوڵێك بۆ شێواندنی دۆخی گشتی و زیندووكردنەوەی ئاوازی تائیفیی قێزەون" ناو بردووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا "ئاساییكردنەوە"ی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕووی دەستووری و یاسایی و سیاسییەوە ڕەت كراوەتەوە و هەڵوێستی حكومەتی عێراق دووپات كراوەتەوە كە "پشتوانیی دۆزی فەڵەستین و بەرگریكردنە لە گەلی فەڵەستین، لە سەرووی هەموویانەوە دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە پایتەختەكەی قودس بێت".

هەر لە كاردانەوەی ئەو كۆنگرەیەدا، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێكدا دەڵێت "پێویستە هەولێر ڕێگری لەم جۆرە كۆنگرە تیرۆریستی و زایۆنیزمییانە بكات، حكومەت دەبێت هەموو ئەوانەی كۆبوونەوەتەوە تاوانبار بكات و دەستگیریان بكات، ئەگەرنا لەسەرمانە لە ڕووی شەرع و عەقل و نیشتمانییەوە بە ئەركی خۆمان هەڵبستین و لە لۆمەی كەسیش ناترسین".

سەدر كە زۆر لەو هەڵوێستەی ناو كۆنگرەكەی هەولێر تووڕەیە، دەشڵێت "پێویستە باوەڕداران چاوەڕوانی فەرمانێكمان بن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو جۆرە نموونە قێزەونانە، چونكە عێراق لە ئاساییكردنەوەی (پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل) دوورە. لە دوای بەدەستهێنانی زۆرینە و سەرۆكایەتی وەزیرانیش، هەڵوێستمان دەبێت".


هاوكات عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، كاردانەوەی لە دژی كۆنگرەكەی هەولێر نیشان داوە لە تویتێكدا دەڵێت "كۆنگرە و كۆبوونەوە و بانگەوازكردن بۆ ئاساییكردنەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنیی داگیركەر، ڕەت دەكەینەوە و سەرۆكۆنەی دەكەین".

عەمار حەكیم دۆزی فەڵەستینی بە "دۆزی عەرەب و موسڵمانان" ناو بردووە و تەواوی پشتیوانیی خۆی بۆ دووپات كردووەتەوە و دەڵێت "دۆزی فەڵەستین مافێكە كە ناكەوێت، بەڵكوو لە ویژدانی نەوەكانی عەرەبی و ئیسلامیدا زیاتر ڕیشە دادەكوتێت".

میسال ئالووسی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، یەكێك بووە لە بەشداربووانی ئەو كۆنگرەیە، بە ڕووداوی وتووە "پێشتر چەندین دیدار و كۆبوونەوەی عەرەب و سوننەكان و هۆزەكان لە پارێزگاكانی عێراق كراون، كە داوا دەكەن سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی، دیپلۆماسی و سەروەریی عێراقی هەبێت، دوور لە هەژموونی میلیشاكان و ئێران. داوای بونیادنانی دەوڵەتی عێراقی دەكەن، كە لەسەر بنەمای پێویستی و بەرژوەندییەكانی خۆیدا سیاسەت و دیپلۆماسییەتی رەسەنی خۆی دیاری بكات".

"ئەو دیدار و كۆبوونەوانە كە دوایینیان كۆنگرەی هەولێر بوو، داوای بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگی لە نێوان دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی ئیسرائیل كرد. عێراق و عێراقییەكان پێویستیان بە زمانی سەردەمییانەیە. سەدان هەزار ئیسرائیلی بە ڕەچەڵەك عێراقی هەن. پەیوەندیی هەیە لەنێوان ئەوان و عێراقییە موسڵمانەكان"، ئالوسی وا دەڵێت.

كۆنگرەكە دوێنێ‌ هەینی لەژێر ناوی "كۆنگرەی ئاشتی و ساڕێژكردنەوە" بە "چاودێریی ناوەندی پەیوەندییەكانی ئاشتی" لە هەولێر بەڕێوە چوو.

پاش كاردانەوەكان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "كۆبوونەوەكە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی و بەشداریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە. هەروەها بە هیچ شێوەیەك لە شێوەكان گوزارشت لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات و ڕێكاری پێویست دەگیرێتە بەر بۆ بەدواداچوونی چۆنییەتی بەستنی ئەم كۆبوونەوەیە".

بەستنی ئەو كۆنگرەیە بووە جێی دڵخۆشیی ئیسرائیل و كاردانەوەی خێرای لە میدیای ئەو وڵاتەدا بەدوادا هات.

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، سەبارەت بەو كۆنگرە بە ڕۆژنامەی ئەلیكترۆنی تایمز ئۆف ئیسرائیلی وتووە "ئەو ڕووداوە لە عێراق سەرچاوەی هیوا و گەشبینییە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە كردووە كە "ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان سوودی بۆ هەموو ناوچەكە هەیە و هاوكار دەبێت بۆ دووركەوتنەوە لە توندڕەوی و پشێوی".

"خەڵكی جوو پەیوەندییەكی مێژوویی قووڵیان لەگەڵ عێراقدا هەیە. بە خەڵكی عێراق دەڵێین: هۆكاری زۆر زیاترمان هەیە بۆ یەكخستنمان، بەراورد بەو هۆكارانەی جیامان دەكەنەوە"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وا دەڵێت.