لیژنەی پارائۆڵۆمپی كوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشێتە جەلالی سام ئاغا

25-09-2021 09:36

پەرەگراف

شاندێكی لیژنەی پارائۆڵۆمپی كوردستان سەردانی ماڵی جەلالی سام ئاغا كەسایەتی دیارو سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری داراییان كرد لە سلێمانی و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشی.

شاندەكە بە سەرۆكایەتی فەرسەت شاڵی، جێگری سەرۆكی لیژنەی پارائۆڵۆمپی عێراق بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان‌و بەڕێوەبەری فیدراڵی لیژنەی پارائۆڵۆمپی كوردستان بوو، سەرۆك‌و ئەندامانی شاندەكە سوپاسی لیژنەكەیان‌و سەرجەم كەمئەندامانی وەرزشكاریان پێشكەش بە جەلالی سام ئاغا كرد لە بەرامبەر هەوڵەكانی بۆ خزمەتی كەمئەندامان‌و كەرتی وەرزش.

ئەندامانی شاندەكە سوپاس‌و ستایشی كارەكانی جەلالی سام ئاغایان كرد لە ماوەی ئەرك‌و لێپرسراوێتییەكانیدا لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هیوای تەمەن درێژیی‌و تەندروستیی باشی بۆ خواست.

جەلالی سام ئاغا كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.