‏مستەفا كازمی داوا لە خەڵك دەكات پەلە بكەن لە وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان

26-09-2021 04:47

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق داوا لە خەڵك دەكات پەلە بكەن لە دەستخستنی كارتی دەنگدان لەپێناو ئایندەی خۆیان و ڕۆڵەكانیان.

"دەنگی ئێوە سپاردەیە و بەفیڕۆی مەدەن، ئەوانەی هەوڵی چاكسازی و گۆڕانكاری دەدەن بەرەو باشتر، دەبێت بەشدارییەكی فراوان لە هەڵبژاردندا بكەن" مستەفا كازمی لە تویتێكدا وادەڵێت، دەشڵێت "‏دەنگی ئێوە ئایندەی عێراقە".

هەر ئەمڕۆ بۆ هاندانی خەڵك بە مەبەستی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان، جەلیل عەدنان خەڵەف، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند "ئەو كەسانەی بە زوویی بچن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانەكانیان كە تەواو بووە، پاداشتێكی دارایی دەكرێن".

دانیشتوانی عێراق زیاتر لە 40 ملیۆن كەسن‌و زیاتر لە 25 ملیۆن هاوڵاتی مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەیە؛ بەڵام لەو ژمارەیە 17 ملیۆن كە ڕێژەكەی كەمترە لە سەدا 70 تۆمارەكانیان بۆ پڕۆسەكە نوێكردووەتەوە. ئەوەش بەپێی ئەو ئامارانەی لە سایتی ڕەسمیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا بڵاوكراونەتەوە.

لەو 17 ملیۆن دەنگدەرەی تۆماری نوێ و كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە زیاتر لە 14 ملیۆن كەسیان كارتەكانیان وەرگرتووەتەوە و ئامادەن بۆ دەنگدان، ئەوانی دیكە كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە كە بەشێكی بەهۆی بایكۆت‌و بێئومێدییە لە هەڵبژاردنەكەی 10ی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

واتە لە كۆی دەنگدەرانی عێراق كەمێك لە نیوە زیاتریان كارتی نوێی دەنگدانیان هەیە كە بە بایۆمەتری ناسراوە، وێنەو زانیاری دەنگدەری لەسەرە و لەڕێی پەنجەمۆرەوە بە تۆڕی زانیارییەكانی كۆمسیۆنەوە دەبەسترێتەوە.