بافڵ تاڵەبانی: دۆخی بادینان جێگای قبوڵكردن نییە‌و ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان لەسەر گوتنی ڕاستیی زیندانی دەكرێن

26-09-2021 05:48
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان/٢٦-٩-٢٠٢١.

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی هاوسۆزیی بۆ كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان دەردەبڕێت‌و دەڵێت: ئەوان لەبەرامبەر گوتنی ڕاستی و داكۆكی لە مافی گشتی زیندانیكراون‌و ئەو دۆخەی لە بادینان دروستكراوە جێگای قبوڵكردن نییە.

هاوسەرۆكی یەكێتی دەشڵێت: ئەو ڕەفتارانە ھی حیزبە تاكڕەو و خۆسەپێنەكانە كە لەگەڵ ئەزموونی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەكناگرێتەوە، بۆیە داوامانكردووە كۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بهێنرێت.

ئەو وتانەی هاوسەرۆكی یەكێتی لە دیدارێكیدا هاتووە لەگەڵ كەسوكاری زیندانیكراوان كە ئەمڕۆ لە سلێمانی ئەنجام دراوە، تێیدا باسی لەوەش كردوو، لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەكان بەرتەسككراوەتەوە، "چالاكوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەكانیان، وتنی راستی و داواكردنی مافەكانیان زیندانی دەكرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لە پەیجی بافڵ تاڵەبانی بڵاوكراوەتەوە، تاڵەبانی دەڵێت، دۆخی ئازادیی‌و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان لە بادینان، "بۆتەهۆ ئەوەی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وێنایەكی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بە ئاشكرا رەخنەمان لێبگیرێت".

هاوسەرۆكی یەكێتی تەئكیدی كردووەتەوە كە حزبەكەی باوەڕی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبارهەیە بۆ رۆژنامەنووسان، دەشڵێت "یەكێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و كاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین كە رۆژنامەنووس لەسەر گوتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەكان لەسەر داكۆكی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویكردنی مافی خەڵك، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و كەسانێكیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بكرێن".

"ئەم رەفتارانە ھی حیزبە تاكڕەو و خۆسەپێنەكانە، كە لەگەڵ ئەزموونی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەكناگرێتەوە، بۆیە داوامانكردووە كۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بهێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاكان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم كەیسانە بدات" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی كوردستان لەكەدار دەكات زیندانیكردن و كپكردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستكردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستكردنە بەناوی دادگاكانەوە.

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "بەھیچ شێوەیەك ئەو دۆخەی لە بادینان دروستكراوە جێگای قبوڵكردن نییە و رێنادەین یاسا بكرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلكاریانە، چونكە لە ھیچ یاسایەكی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی كرابێت، ساڵی زیندانییەكەی و مانەوەی لەزیندان دیاریكرابێت كە ئەمە دەستوەردانی ئاشكرایە لەكاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە".