عەلی باپیر: كاندیدەكانی كۆمەڵ خۆیان بە خوا فرۆشتووە‌و دەرفەتیان نەماوە خۆ بە كەس بفرۆشن

26-09-2021 07:07

پەرەگراف

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، داوا لە دەنگدەران دەكات كە دەنگ بە كاندیدەكانی حیزبەكەی بدەن كە "خاوەنی عیززەت ‌و كەسایەتیی خۆیانن ‌و خۆیان هەرزانفرۆش ناكەن". دەشڵێت "كاندیدەكانی كۆمەڵ خۆیان بە خوا فرۆشتووە ‌و دەرفەتیان نەماوە خۆ بە كەس بفرۆشن".

عەلی باپیر ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی لە شاری سلێمانی دەركەوت و تێیدا سەبارەت بە هەوڵەكانی پێشوویان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی "هەوڵمان دا هاوپەیمانییەكی فراوان دروست بكەین، بەڵام بەدەستمانەوە نەهات. ناچمە وردەكارییەكەیەوە، چونكە بەباشی نازانم، بەڵام هەبووە لەگەڵی ڕێك نەكەوتووین، هەشبووە متمانەمان پێی نەبوو، بە هاوڕێی باشمان نەدەزانی بۆ ئەو ڕێیە".

هەر لەبارەی ئەو هەوڵانەوە بەر لە هەڵبژاردن، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری ئاشكراى كرد كە "بە كەسایەتییەكی دەرەوەی خۆمانم گوت: وەرە سەرۆكی ئەو لیستە بە كە دروستی دەكەین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام بە دەستمانەوە نەهات، ئەمەش مانای وا نییە ئاخیری دونیایە، سبەینێ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانن باشترین تەباییان هەبێت".

عەلی باپیر ئاماژەی بەوە كردە كە "خەڵك ئازادە" دەنگ بە كێ‌ دەدات، بەڵام نەیشاردەوە كە چاوەڕوانییان لە خەڵكی هەیە دەنگیان پێ بدەن و تی "بۆیە دەنگ بە كاندیدانی كۆمەڵ بدەن، چونكە پەروەردە كراون ‌و تێگەیەندراون، كەسایەتییان وایە خاوەنی عیززەت ‌و كەسایەتیی خۆیانن ‌و خۆیان هەرزانفرۆش ناكەن".

"پەرلەمانتاری خۆمان بۆی باس كردووم و وتوویەتی: لایەن ‌و كەسی دیاریكراو وتوویەتی وەرە ئەوەندە ملیۆن دۆلارت بدەمێ، بەڵام ئەو قسانە مەكە، ڕەتم كردووتەوە. خەڵكی دیكەمان لە حكومەتدا وتوویەتی: دەرفەتم بۆ هاتووەتە پێش وتوویانە كاكە قازانجی زۆر دەكەیت ئەوە با وابێت، وتوومە چۆن شتی وا دەبێت؟! وتویانە وەزیرەكانی دیكە هەموو وا دەكەن! كاكە ئێمە وا ناكەین ‌و مەعقوول نییە و حەرامە"، عەلی باپیر وای وت.

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج كاندیدی هەیە، سیان لە بازنەكانی پارێزگای سلێمانی و دوان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام لە پارێزگای دهۆك هیچ كاندیدێكی نییە.