نێچیرڤان بارزانی: ئێستا قۆناغی دەسەڵاتی پارتییە و تەنیا حیساب بۆ پارتی دەكرێت

26-09-2021 08:23

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئەم قۆناغەی ئێستا هەرێمی كوردستان، قۆناغی دەسەڵاتی پارتییە و تەنیا حیزبێك كە حیسابی بۆ دەكرێت، پارتییە". جێگری سەرۆكی پارتی ئەوەش بە "بەرپرسیارێتی" ناو دەبات و دەڵێت "ئەمە شتێك نییە ئێمە پێی مەغروور بین".

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەیدا لە شاری هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "بەردی بناغەی سیستەمی دیموكراسی لەم وڵاتەدا، بە هەموو كەموكووڕییەكانیەوە، پارتی دایناوە. سەرۆكی پارتی یەكەم كەس بووە كە لە كۆیە باسی ئەوەی كرد كە دەبێت ئێمە كێشەكانی خۆمان لە ڕێگەی هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدانەوە یەكلا بكەینەوە".

"هەرێمی كوردستان لە پێگەیەكی تەواو جیاوازدایە، هەم لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی، هەم لە پەیوەندییە ئیقلیمییەكان و پێگەی لە بەغدا. ئێمە ناڵێین خەلەل و كەموكووڕی نییە، بەڵام لەوە دڵنیاین پارتی لەسەر ڕێچكەیەكی دروست دەڕوات بەرەو ئایندەیەكی گەش بۆ ئەم میللـەتە"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

جێگری سەرۆكی پارتی باسی لەوە كرد كە "دوای ئەو كێشانەی لە كوردستان دروست بوون لە دوای ڕیفراندۆم، هەموو پیلانێك بۆ ئەوە بوو كە پارتی بە قوەتەوە نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئەوەی پیلانی دوژمنانی پوچەڵ كرد، ئەو هێزی پشتیوانییەی میللەت بوو كە پارتی پێیەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا".

سەبارەت بە شەڕی دژی داعشیش، هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە "ڕاستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بوو بۆ تێكشكاندنی داعش"، بەڵام وتی "ئەوەی كە خۆڕاگر بوو لە پێش سەنگەرەكان، ئەو پێشمەرگانە بوون كە بە مێشكی پارتی ئاو درابوون، ئەو سەرۆكە بوو كە سێ مانگ هەر لەنێو ئۆتۆمبێل نووست بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو دڕندانە ببێتەوە".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی پارتی، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "ڕەنگە بۆچوونی جیاواز لەناو پارتیدا هەبێت، ڕایەكی جیاواز لەسەر چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشەیەك هەبێت، ئەمە بە دڵنیاییەوە هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا پارتی حیزبێكی یەكگرتووە، لەژێر یەك سەركردایەتیدایە، یەك ئاڵا و یەك سەركردەی هەیە و لەپێناو یەك ئامانجیش خەبات دەكات كە میللەتە".

نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵی داهاتووی عێراقی بۆ "بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان" بە گرنگ ناوبرد و وتیشی "زۆر شت لە هەگبەی پارتیدا هەیە كە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەكە دەتوانن بە شانازییەوە باسیان بكەن و بۆ خەڵكی ڕوون بكەنەوە كە بۆچی دەبێت دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی بدەن".