ڕێواز فایەق بۆ نێچیرڤان بارزانی: من دەتناسم خۆیشت باوەڕت بە قسەكانت نییە

27-09-2021 03:07

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەڵامێكی تووندی سەرۆكی هەرێم دەداتەوەو دەڵێت: لەسەر چ بنەمایەك حساب بۆ كەس ناكرێت؟ لەسەر بنەمای ئەو زۆرینە ساختەیەی كە هەیە؟ هەر حیزب‌و كەسێك حساب بۆ یەكێتی نەكات و نەیخوێنێتەوە، یەكێتیش حسابی بۆ ناكات و نایخوێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی دوێنێ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە هەولێر، ڕایگەیاند "ئەم قۆناغەی ئێستا هەرێمی كوردستان، قۆناغی دەسەڵاتی پارتییە و تەنیا حیزبێك كە حیسابی بۆ دەكرێت، پارتییە".

ڕێواز فایەق ئەمڕۆ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا تایبەت بەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پەرلەمان وتی "خۆیشی باوەڕی بەو قسەیە نییە، دڵنیام دەیناسم، بەڵام ئەمە بووە بە بەشێك لەو فەرهەنگی سڕینەوەیەی كە پارتی پیادەی دەكات لەسەر هەموو ئاستەكان‌و بە بچووك بینینی شەریكەكانی ‌و حیزبەكانی ترە".

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی "حساب لەسەر چییە؟ لەسەر چ بنەمایەك؟ لەسەر بنەمای ئەو زۆرینە ساختەیەی كە هەیە؟"، باسی لەوەش كرد ئەگەر هێزەكانی یەكێتی نەبوونایە لە شەڕی دژی داعشدا هەولێر لەژێر مەترسیدا بوو.

لەبارەی پرسی زۆرینە لە پەرلەمانی كوردستان‌و 45 كورسییەكەی پارتی، ڕێواز فایەق وتیشی "دەمەوێت هەقیقەتێك باس بكەم واقیعی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان هەموو كەس دەیبینێت‌و تەنها من نایبینم، نامەوێت بچمە ئەو وردەكارییەی چی دەكرێت‌و چی ناكرێت لە پڕۆسەی دەنگداندا، بەڵام دەمەوێت ڕاستییەك بەبیر هەموو ئەوانە بهێنمەوە كە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبن بە خۆیشمەوە، زیاتر لەسەدا 50ی خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەسڵەن دەنگی نەداوە.. دەبێت بیرلەوە بكەینەوە چۆن خەڵك ئاشت بكەینەوە كە بەشداریی لە پڕۆسەیەكی هەقیقیی هەڵبژاردندا بكات".

"واجبێكی یەكێتییانەمە وەكو سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوەكان وەڵامی بدەمەوە، دەمەوێت پێی بڵێم بەپێی عورفی سیاسی لە هەرێم، سەرۆكی هەرێم دەبێت كۆكەرەوەو پارێزەری یەكڕیزیی بێت، بەڵام دوێنێ بەو قسەیە سەرۆكی هەرێم هەموو ئەو بنەمایانەی تێكشكاندو وێرانی كردن كە لای خەڵك گەڵاڵە بوبو بەوەی دەتوانین بە یەكڕیزیی بچینە بەغداد بۆ پاراستنی ئیستیحقاق‌و شایستەییەكانی هەرێمی كوردستان" ڕێواز فایەق وای وت.