لە 24 كاتژمێردا 205 كەس لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوون؛ مردن گەیشتە 43 كەس

29-02-2020 01:46


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ئێران نوێترین ئاماری لەبارەی تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە ئاشكرا كرد، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 205 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوە.

كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە 593 حاڵەت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 205 حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.

جەهانپوور ئەوەشی خستە ڕوو، ژمارەی ئەو كەسانەی بەو ڤایرۆسە مردوون بۆ 43 كەس بەرزبووەتەوە، هەروەها تائێستا 123 كەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە چاكبوونەتەوە.

ئێران زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای ھەیە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست، لە زۆریی ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسە ئێران لە دوای چین پلەی دووەمی هەیە ، ڤایرۆسەكە زۆربەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوەو چەندین پەرلەمانتارو بەرپرسی حكومیی لەناو تووشبوواندان‌و لەناو ئەو كەسانەشی كە بە كۆرۆنا مردوون بەرپرسی باڵا هەن.

لەسەر ئاستی جیهان تووشبوون بە كۆرۆنا 85 هەزاری تێپەڕاندووەو زیاتر لەسەدا 95یان لە چینن، دوای چین زۆرترین تووشبوو لە كۆریای باشوورە كە 3 هەزاری تێپەڕاندووەو دوای ئەویش ئیتاڵیایە كە نزیكەی 900 تووشبووی هەیە.


مردن بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا 2 هەزارو 800 كەسی تێپەڕاندووەو زۆرینەیان لە چینن، دوای چین زۆرترین حاڵەتی مردن لە ئێرانەو پاشان ئیتاڵیا پلەی سێیەمی هەیە كە زیاتر لە 20 حاڵەتی مردن بە كۆرۆنای هەیە.