سیداد بارزانی: نیەتیان بوو سەرۆك بارزانی بە دەستبەستراوی ببەن بۆ بەغدا و ئیعدامی بكەن

28-09-2021 12:48

پەرەگراف

سیداد بارزانی، برای مەسعود بارزانی، لەبارەی ڕووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، دەڵێت "نیەتیان بوو پارتی نەمێنێت و جەنابی سەرۆك بە دەستبەستراوی ببەن بۆ بەغدا، دادگایی و ئیعدامی بكەن".

سیداد بارزانی كە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتییە، لە كاتی باتگەشەی هەڵبژاردن لە شەقلاوە، وتی "خەڵكانێك زماندرێژن و دەڵێن ڕیفراندۆم بووە هۆی ئەمە و ئەوە، بەڵام ڕیفراندۆم تاكە وەسیقەیەكی شەرعییە كە بەدەستی میللـەتی كوردەوەیە كە داوای سەربەخۆیی دەكات".

سیداد بارزانی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی بە "خیانەت و شۆكێكی گەورە" ناو برد و وتی "نیەتیان بوو پارتی نەمێنێت، جەنابی سەرۆك بە دەستبەستراوی ببەن بۆ بەغدا، دادگایی و ئیعدامی بكەن، یان بە هەر شێوەیەك كە ئەوان مەبەستیان بوو، شتێك بە ناوی كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت".

بەڵام بە قسەی سیداد بارزانی "داستانەكانی سحێلێ‌ و پردێ‌ و مەخموور و هەموو شوێنەكانی دیكە"، ئەو هاوكێشانەیان گۆڕی كە "دەیانویست هەولێر و دهۆكیش بە چەند سەعاتێك تەسلیی هەندێك لایەن بكەن كە ئێستا لە هەندێك شوێن حوكمڕانی دەكەن".