فازڵ میرانی: لە هەڵبژاردندێكدا یەكێك لە شەریكەكانمان كەمترین كورسیی هێنابوو كردمان بە سەرۆكوەزیران

28-09-2021 03:49

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت "باسی ئەوە دەكەن كە ئەم حیزبە (پارتی) بە تەزویر دەرچووە، كە وا نییە، بەڵام خەڵكێك لە ئێمە زیاتر سوودی لەو تەزویرە كردووە، خەڵكێك بووە سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكوەزیران، جێگری سەرۆكی وەزیران". دەشڵێـت "لە هەڵبژاردندێكدا یەكێك لە شەریكەكانی ئێمە كەمترین كورسیی هێنابوو، كردمان بە سەرۆكوەزیران".

فازڵ میرانی لە وتارێكدا لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی حیزبەكەی، وتی "لە دوای ڕووداوەكانی پاش ڕیفراندۆم، وەكوو كاك مەلا بەختیار دەڵێت (كاڵفامەكان) لێرە و لەوێ‌، لای خۆمان و لە بەغدایش، ویستیان ئەم دەستكەوتە نەهێڵن و بیرۆكەكەی كاڵ بكەنەوە".

سەبارەت بەو كەس و حیزبانەی قسە لەسەر حیزبەكەی دەكەن، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی وتی "ئەوەی سەیرە مونافیسینی ئێمە، تەنیا باسی ئێمە دەكەن، واتە ئێمە بەتەنیاین هەرچیمان كردبێت بە چاك و خراپەوە. ئەی خۆتان؟".

لەو ڕووەشەوە فازڵ میرانی وتی "زەحمەت نەبێت با واز لە یەكتر بهێنین و لەبری ئەوەی بە خراپە باسی یەكتر بكەین، با باسی چاكەكانی خۆمان بكەین".

"لە 10-10 سەركەوتنێكی گەورە و زۆرینەیەكی تر لە كورسی دەهێنینەوە"، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی وای وت.

فازڵ میرانی چیرۆكی سەردانێكی پۆڵ بیرمەری حاكمی مەدەنیی عێراقی بۆ لای مەسعود بارزانی گێڕایەوە و وتی "ڕۆژێك پۆڵ بریمەر دەیویست بێتەوە بۆ لای جەنابی سەرۆك، لە حەمرین بەولاوە تۆز و عاسیفە بووە، لە حەمرین بەملاوەیش بەفر بووە، ناچار بوون بە تەیارە بێنەوە. پۆڵ بریمەر وتی: سەرۆك بارزانی ئەم وڵاتە سەیرە، لەوبەری حەمرین وا بووە و مەمبەریش وا بووە. سەرۆك بارزانییش وتی: ئاخر مستەر بریمەر، خوا ئەم وڵاتەى بەش كردووە، ئێوە دەتانەوێت سنوورەكانی خوا بگۆڕن".