كێ براوەی هەڵبژاردن دەبێت؛ كاندیدی خێڵ یاخود حزبەكان؟

29-09-2021 02:25

پەرەگراف

پێدەچێت مۆركی خێڵایەتی بەتەواوی باڵی بەسەر دیمەنی سیاسی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كێشابێت بەتایبەت لە باشورو ناوەڕاستی وڵات، كێبڕكێیەكی توند لەنێوان كاندیدانی خێڵەكاندا هەیە، هەر خێڵێك كاندیدی خۆی دیاریكردووە و دەیەوێت و بینێرێتە پەرلەمان لە هەڵبژاردنەكەی 10-10.

ڕۆڵێكی كاریگەر

موئەیەد خەڵەف دلەیمی مامۆستای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی و شیكەرەوەی سیاسیی عێراقی ئاماژە بەوەدەكات، خێڵ لە عێراق ڕۆڵێكی چالاك و كاریگەری هەیە لە دیمەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنیدا، ئەمە هەر لە سەرەتای دروستبونی وڵاتەكەوە سەرچاوەی گرتووە، بەتایبەت لەكاتی جەنگی یەكەمی جیهانی و داگیركاریی بەریتانیا، دواتر لە سەردەمی پاشایەتی و كۆماری تا دەگاتە عێراقی دوای 2003.

سروشتی كاریگەرییەكە بەپێی گۆڕانی قەیران و تواناكان و جیاوازی دۆخەكە دەگۆڕێت، بەتایبەتیش لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت، ئەوەش بەهۆی ئەو عەقڵییەتی ئیدارەدانەی كە هەموو دەسەڵاتێكی لەدەستدایە بەڵام دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەسەڵاتی خێڵەوە، دلەیمی وادەڵێت.

ئەوە شیكەرەوە سیاسییە ئاماژەبەوەش دەكات، لە زۆربەی دۆخەكاندا خێڵەكان هەموو دەسەڵاتێكیان لەدەستدایە، لای ئەوانەوە گرێبەستەكان دەكرێن، بۆیە خێڵ كاریگەرییەكی تەواوی بەسەر بڕیارە سیاسییەكانەوە هەیە.

لەگەڵ ئەو كاریگەرییە زۆرەی خێڵ هەیەتی، بەڵام ناتوانن لەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەی كاندیدەكانیان بگەیەننە ئەنجومەنی نوێنەران، بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كە پارێزگا و شارەكانی دابەشكردووە بۆ چەند بازنەیەكی جیاواز، ئەوەش كاندیدی خێڵەكانی بەسەر ئەو بازنانەدا دابەشكردووە، هەروەها بونی زیاتر لە كاندیدی خێڵێك لەناو بازنەیەك یاخود ناوچەیەكدا ململانێیەك دروست دەكات كە هەلی سەركەوتنیان كەمدەكاتەوە.

لاوازیی دەوڵەت

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سیاسی عێراق، دەبینین خێڵەكان ڕۆڵێكی گەورە و كاریگەریان هەبووە بەتایبەت لە بیست و سییەكانی سەدەی ڕابردوودا، ئەو ڕۆڵەیان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا گەورەتربوو، ئەمەش بەڕای ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی.

شمەری بەهێزبونی ڕۆڵی خیڵەكانی لەدوای 2003 بەستووەتەوە بە لاوازیی دەوڵەت و جێبەجێنەكردنی یاساوە، چونكە تا دەوڵەت لاواز بێت ڕۆڵی خێڵەكان زیاتر دەبێت، نەبونی یاساش ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ هاتنە پێشەوەی زیاتر لەسەر حسابی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت.

خیڵەكان دەتوانن پشتگیری و پشتیوانی كاندیدەكانیان بكەن بۆ گەیشتن بە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەش پەیوەندی بە پشت بەستنی خێڵەكە هەیە بەو كاندیدە، بەڵام بەهۆی كێبڕكێی نێوان حزبەكان، لە هەر خێڵێك چەند كاندیدێك هەن كە سەر بە چەند لایەنێكی جیاوازن، ئەوە تا ڕادەیەك ڕۆڵەكەی لاوازكردووە.

ئیحسان شمەری پێیوایە، هەر كاندیدێك پێگەیشتن و ڕۆشنبیری سیاسی نەبێت، تەنها بەهۆی حزبێكی سیاسی و شوێنی جوگرافیاكەی ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران‌و تیشك نەخاتەسەر دۆسیە باڵاكانی وڵات "ناتوانێت چالاك و كاریگەریی هەبێت لە دیمەنی سیاسی عێراقدا".

هاوسەنگی هێزەكان

غانم عەیفان توێژەر لە بواری ئەمنی و سیاسی دەڵێت، خێڵە عێراقییەكان بە قۆناغی بەهێز و لاوازی جیاوازدا ڕۆیشتوون، ئەوەش بەپێی پێویستی دەوڵەت بەو خێڵانە گۆڕاوە، بەنمونە لەكاتی نەمانی هەڕەشەی ئەمنیدا ڕۆڵیان بەتەواوەتی پاشەكشەی كردووە، لەمڕۆشدا ڕۆڵە سیاسییەكە لە ڕۆڵە كۆمەڵایەتییەكە كاریگەری زیاترە.

ئەو توێژەرە ئەوەدەخاتەڕوو، بەشێكی خیڵەكان ڕۆڵی سیاسی بەهێزیان هەیە، بەجۆرێك وەك هاوپەیمانێتییەكی لێهاتووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، ئەوەش بۆتەهۆی پاشەكشەی دەوڵەت و دامەزراوە بێلایەنەكانی.

لە حزبەكان بەهێزترن

شێخ سەباح محەلاوی شێخی خێڵی ئەلبو محەل لە ئەنبار، باس لەوەدەكات، كێبڕكێی هەڵبژاردن لە پارێزگاكەیان زۆر بەهێزە، زۆرینەی كاندیدەكان ئەندامی خێڵەكانن، لە بابەتی هەڵبژاردندا خێڵ لە حزب بەهێزترەو هەموو كاندیدەكان دەگەڕێنەوە بۆ خێڵەكانیان و پشت بە حزبەكانیان نابەستن.

شێخ قاسم شەرشاب یەكێك لە شێخەكانی خێڵی بدور لە باشوری عێراق، ئاماژە بەوەدەكات، كێبڕكێی هەڵبژاردن لە نێوان كاندیدانی خێڵەكاندا بونی هەیە، ئەوانیش وەك هەر چینێكی دیكەی كۆمەڵگە وان دەیانەوێت لەڕێی كێبڕكێی هەڵبژاردن و سیاسییەوە بونی خۆیان بسەلمێنن.

شەرشاب جەخیكردۆتەوە لەوەی، نوێنەری خێڵەكان لە خولەكانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و لە خولی ئێستا لە سەرۆكی كوتلەكان بەهێزتربوون، چونكە ئەوان لە ناو خێڵەوە شەرعیەتیان پێدراوە، باشترین بەڵگەش بەڕای ئەو شێخە ئەوەیە كە كوتلە سیاسییەكان بۆ ئەوەی كاندیدێكیان دەنگ بهێنێت لە دەرگای ئەوان دەدەن.