گۆڕان وەڵامی عەلی باپیر دەداتەوە: شەرمەزاری ئەوەیە جگە لە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ

02-10-2021 10:54

پەرەگراف

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی فەرمیی گۆڕان وەڵامی عەلی باپیر دەداتەوەو دەڵێت، لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن، "شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!".

ئەو وەڵامە دوای ئەوەدێت، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی، ھێرشی کردەسەر گۆڕان و وتی: یەکێک لە لایەنەکان کاتی خۆی پێکەوە ئۆپۆزسیۆن بووین، پێمگوتن ئەونە وەزیرو پەرلەمانتارەکانتان ھەڵوەرین، ئێمەشتان شەرمەزار کرد.

وتەبێژی گۆڕان لە وەڵامەکەیدا، دەشڵێت "پارتێکی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزوتنەوەی ئیسلامی)، کە بەئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) کرانە ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن. لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن".

گرژیی پەیوەندییەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و ھێرشکردنەسەر یەکتر لەکاتێکدایە، ھەفتەیەک ماوە بۆ پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەو دوو حزبە بەتایبەت کۆمەڵ لە بازنەی ھەڵەبجەو شارەزوور لە ململانێیەکی توونددایە لەگەڵ ڕکابەرەکانی و دەنگی گۆڕان کە لەوبازنەیە کاندیدی نییە، یەکلایی کەرەوە دەبێت لەو ململانێیەدا، بەو پێیەی کاندیدەکەی یەکێتی کە ھاوپەیمانی گۆڕانە پێویستی بە دەنگی گۆڕان نییەو بە پشتبەستن بە ئاماری ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەرچوونی مسۆگەرە بە دەنگی یەکێتی خۆی.

عەلی باپیر لە وتارەکەیدا کە لەچوارچێوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بۆ ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەی پێشکەشی کرد، باسی لەوەکرد ئەولایەنە(گۆڕان) گوتویانە نازانین چی بکەین و چۆن بکەین؟ "گوتم تەگبیر ئەوەیە ئەو خەڵکەتان پەیوەست بکەن بە ئیمانەوە، بە خواوە بەقیامەتەوە، ئەگەر مرۆڤ بڕوای بە خواو ڕۆژی دوایی ھەبو دونیا وەکخۆی دەبینێت خۆی بە دونیایەکی کەم نافرۆشێت".

"ئێمە ھێزێکین سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بوین، خەڵکانێکیش پێشتر لە ژێر باڵی گۆڕان گەورە بون و ئێستا باسی شەرمەزاری دەکەن" دلێر عەبدولخالق وادەڵێت.

وتەبێژی گۆڕان دەشڵێت "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئاینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی! کەواتە ئەوە «ئیمان» نیە کە نوێنەرەکانتان پەیوەست دەکا و ھەڵناوەرێن، بەڵکو ئەوە پەیوندیخزمایەتی و حساب نەکردنە بۆ توانای مرۆیی ھەمو ئەوانەی دیکە کە لە دەورتان کۆبونەوە".