پاش بانگەوازەكەی جەمیل بایك؛ تەڤگەری ئازادی پاڵپشتیی بۆ ژمارەیەك كاندیدی یەكێتی ڕاگەیاند

02-10-2021 05:13

په‌ره‌گراف

تەڤگەری ئازادی جگە لە چوار كاندید كە وەكو كاندیدی خۆی ناساندوونی، پاڵپشتیی بۆ ژمارەیەك كاندیدی یەكێتی ڕاگەیاند. ئەم هەڵوێستەی تەڤگەری ئازادی پاش ئەوە دێت كە جەمیل بایك، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی كەجەكە داوای پشتیوانیكردنی یەكێتیی لەم هەڵبژاردنەدا كرد.

لە پلانەكەیدا بۆ بەشداری لەم هەڵبژاردنە كە درێژكراوەی پلانی پەكەكەیە، تەڤگەری ئازادی دەڵێت "پارتی بەردەوام ڕێگر بووە لە دروستكردنی ھاوپەیمانی و پێكەوە كاركردنی ھێزە كوردییەكان بە تایبەتی ناوچە كێشە لەسەرەكان، لە ئەگەری سەركەوتنیدا پیلانی مەترسیداری بۆ كەركووك ھەیە كە جێبەجێكردنی ئەجێندای توركیایە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە پاڵپشتیی بۆ ئەو كاندیدانە "لەسەر بنەمای قبووڵكردنی پڕۆژەی تەڤگەری ئازادییە (بۆ دروستكردنی بەرەیەك دژ بە ھەوڵە داگیركارییەكان) كە پێش ماوەیەك ڕامان گەیاند و بەشێك لەو كاندیدە سەربەخۆ و تەنانەت حیزبییانەش بە خۆشحاڵییەوە قبووڵیان كردووە، بەڵێنیان داوە لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەكاندا كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەكانی دیكەی تەڤگەریش بكەن".

"لە بازنەی یەكی كەركووك، پارێزەر شیرین عەبدوڵڵا و لە بازنەی دووی سلێمانی، ڕووناك مەجید و لە بازنەی چواری دەڤەری ڕاپەڕین (پشدەر و بیتوێن)، محەمەد حەسەن و لە بازنەی پێنجی گەرمیان، یوسرا ڕەجەب بژاردەی ئێمەن"، تەڤگەری ئازادی وا دەڵێت.

تەڤگەری ئازادی لە بازنەكانی سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم و كەركووك، پاڵپشتیی بۆ ژمارەیەك كاندیدی هاوپەیمانیی كوردستان دەربڕیوە كە هەموویان كاندیدی یەكێتین، لە بازنەی سێی دھۆك پاڵپشتیی بۆ ئیمان عەبدولڕزاق دەربڕیوە، لە بازنەی دووی كەركووك دكتۆر گەیلان قادر، لە بازنەی یەكی ھەولێر فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی، لە بازنەی سێی ھەولێر ھەرێم كەمال، لە بازنەی سێی سلێمانی چرۆ حەمەشەریف، لە بازنەی یەكی سلێمانی نەرمین مەعرووف و دەشڵێت "لە پارێزگاكانی دیالە و سەلاحەدین پشتگیریی كاندیدی كورد دەكەین".

هەروەها پاڵپشتیی بۆ دوو كاندیدی سەبەخۆی ئاشووری دەربڕیوە كە بریتین لە ھیلان عیسا لە بازنەی یەكی ھەولێر و سباح نمرود لە بازنەی یەكی دھۆك.

پاڵپشتیی تەڤگەری ئازادی بە تایبەت بۆ كاندیدەكانی یەكێت، پاش ئەوە هات كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەمیل بایك، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، وتی "دوژمنان بەتایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كۆمەڵكوژییە سیاسییەكانیان زیاد كردووەتەوە. لەم بارودۆخەدا دوژمن دەیەوێت بە زیادكردنی هێرشەكانی، بە قووڵكردنەوەی ئاڵۆزی و گەورەكردنەوەی كێشەكانی ناو یەنەكە، خەڵك لە یەكتر دوور بخاتەوە و بەمشێوەیە یەنەكە ئەنجامێكی بەهێز لەو هەڵبژاردنە وەرنەگرێت تا لە ناوچەكانی یەنەكەدا هەندێك پیلانی خۆی جێبەجێ بكات".

جەمیل بایك ئەو پیلانەی بە ئاشكرا بۆ یەكێتی و خەڵكی سلێمانی ناو برد و ڕایگەیاند "لایەنگرانی یەنەكە و دەرەوەی یەنەكە، سەرەڕای هەموو جیاوازییەكی بیركردنەوەییان، پێویستە هەوڵ بدەن یەنەكە لەم هەڵبژاردنەدا سەربكەوێت و دەستكەوتێكی بەهێزی هەبێت".