ئەمریكا و تاڵیبان ڕێككەوتننامەیەكیان واژوو كرد بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگێكی 18 ساڵە

29-02-2020 07:16
زاڵمای خەلیلزاد و عەبدولغەنی برادەر لەكاتی واژووكردنی ڕێككەوتنەكە


پەرەگراف

ئەمریكاو بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕێككەوتنێكی ئاشتییان واژوو كرد بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە جەنگێك كە 18 ساڵە لەو وڵاتە بەردەوامە، لەمڕۆوە تاڵیبان سەرجەم هێرشەكانی ڕاگرت.

ڕێككەوتننامەكە بەرهەمی 18 مانگ گفتوگۆی بەردەوامی نێوان شاندی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی زاڵمای خەلیلزاد و شاندی تاڵیبان بە سەرۆكایەتیی عەبدولغەنی برادەرە كە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوون، ئەمڕۆ ئەو دوو كەسە وەك ڕێككەوتنەكەیان واژوو كرد.

مەلا هەیبەتوڵڵا، ڕابەری بزووتنەوەی تاڵیبان، لە یەكەم كاردانەوەدا دەربارەی واژووكردنی ڕێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئەمریكا، ڕایگەیاند " ئەمارەتی ئیسلامی بە پشتیوانیی پەروەردگار و نوێنەرایەتیی خەڵكی ئەفغانستان، توانیی دوای نزیكەی ۱۹ ساڵ جیهاد و ڕووبەڕووبوونەوە، دواجار بۆكۆتاییهێنان بە داگیركاریی ئەفغنستان، بگاتە ڕێككەوتن".

ڕابەری تاڵیبان دەڵێت "ڕێككەوتن لەسەر چوونە دەرەوەی هەموو هێزە بیانییەكان لە ئەفغنستان و نەمانی هیچ دەستوەردانێك لە ئایندەدا، دەستكەوتێكی گەورەیە. ڕێككەوتنەكە بەڵێنێكە كە لەسەر هەمووان پێویستە پێوەی پابەند بن. هیچ بەرپرسێكی ئیمارەتی ئیسلامی و هیچ تاكێكی وڵات نابێت ڕێككەوتننامەكە پێشێل بكات. لەو ڕووەوە خۆتان بە بەرپرسیار بزانن، چونكە خیانەت و فێڵ لە ئیسلامدا جێگەی نابێتەوە و بە گوناهی گەورە ئەژمار دەكرێت".

بەرلەوەی ڕێككەوتنەكە واژوو بكرێت، سوهەیل شاهین، وتەبێژی نووسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە قەتەر، ڕایگەیاند "پاش واژووكردنی ڕێككەوتننامەكە لەگەڵ ئەمریكا، زیندانییەكان ئازاد دەكرێن و گفتوگۆی نێوان لایەنە ئەفغانییەكان بۆ ئاشتی دەست پێ دەكات".

هاوكات ئەسەدوڵڵا خالید، وەزیری بەرگریی ئەفغانستان، دەڵێت "ڕێككەوتن لەگەڵ تاڵیبان مەرجدارە، ئەگەر پێشێلكاری بكەن ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە".

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوو، داوای لە تاڵیبان كرد بە بەڵێنەكانیەوە پابەند بێت.

مەلا عەبدولسەلام زەعیف، باڵیۆزی پێشووی تاڵیبان لە پاكستان، كە وەكو میوان بۆ مەراسیمی واژووكردنی ڕێككەوتننامەكە بانگهشت كرابوو، بە بی بی سیی ڕاگەیاند "تاڵیبان لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا سەلماندویەتی كە بە ڕێككەوتننامەكەوە پابەند دەبێت".

هەروەها حەمدوڵڵا موحیب، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە "دەوڵەتی ئەفغانستان ئاگای لە وردەكاریی ڕێككەوتنی ئەمریكا لەگەڵ تاڵیبان هەیە، بەڵام لەگەڵ هەندێك لە خاڵەكانی هاوڕانین".

هەر ئەمڕۆ مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا، گەیشتە ئەفغانستان و لەگەڵ ئەشرەف غەنی، سەرۆككۆماری ئەفغانستان كۆبووەوە.

ئەشرەف غەنی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هەموو بەند و خاڵەكانی ڕێككەوتننامەكە مەرجدارە و دەبێت تاڵیبان بە مەرج و بەڵێنەكانەوە پابەند بێت".

لایخۆیەوە وەزیری بەرگری ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، "ئەگەر تاڵیبان بە ڕێككەوتننامەكەوە پابەند نەبێت، ئەمریكا ڕێككەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە".

پاش ئەوەی لە ساڵی 2001 ئەمریكا هێرشی بۆ سەر ئەفغانستان ئەنجام دا، ئەو هێرشە بوو بە سەرەتای درێژترین شەڕی ئەمریكا لە مێژووی خۆیدا، كە زیاتر لە 18 ساڵە بەردەوامە.

هەرچەندە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كۆتاییان بە دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان هێنا، بەڵام پاش سێ ساڵ و لە ساڵی 2004، پاشماوەكانی چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان بە بەهێزی دەركەوتنەوە و هێرشەكانیان بۆ سەر دەسەڵاتی نوێی ئەفغانستان و هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەست پێ كرد.

ساڵی 2010 ئەنجوومەنی باڵای ئاشتی لە ئەفغانستان پێك هات. ئەم ئەنجوونە بە سەرۆكایەتیی بورهانەدین ڕەببانی، سەرۆككۆماری پێشووی ئەفغانستان، ڕاسپێردرا كە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان دەست پێ بكات.

بۆ ڕەخساندنی كەشی گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان، دەوڵەتی قەتەر ڕازی بوو نووسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە دەوحە بكرێتەوە.

لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆكانی ئاشتی و بەردەوامییان تا ئێستا، بزووتنەوەی تاڵیبان لە هێرشەكانی بەردەوام بووە و دەسەڵاتی خۆی لە ئەفغانستان بەرفراوان كردووە.

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆكی ئەمریكا، پلانی گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە ئەفغانستان دەست پێ كرد و لەو چوارچێوەیەدا زاڵمای خەلیلزادی وەكو نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان دیاری كرد.

لە ساڵی 2019دا شاندی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی زاڵمای خەلیلزاد و شاندی تاڵیبان بە سەرۆكایەتیی عەبدولغەنی برادەر، چەندین كۆبوونەوەیان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی ئەنجام دا.

گرنگترین داواكاریی تاڵیبان، دانانی خشتەیەك بوو بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە ماوەیەكی دیاریكراودا. گرنگترین خواستی ئەمریكاش پچڕاندنی پەیوەندییەكانی تاڵیبانە لەگەڵ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لەوانەش ئەلقاعیدە.

پاش ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2019دا واژووكردنی ڕێككەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئەمریكا‌و تاڵیبان ڕاگیرا بەهۆی كوشتنی سەربازێكی ئەمریكییەوە لەلایەن ترەمپەوە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، نزیكبوونەتەوە لە واژووكردنی ڕێككەوتننامەكە.

قۆناغەكانی دواتری ئەم ڕێككەوتننامەیە، گفتوگۆ دەربارەی خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و دانوستانی نێوان لایەنەكانی ئەفغانستانە دەربارەی ئایندەی سیاسیی وڵاتەكە.