میدیای سوپای پاسداران باس لە ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەسەر پۆستی سەرۆكی پارتی دەكات

03-10-2021 05:06

پەرەگراف

میدیای سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاپۆرتێكدا باس لە پێگەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی ئەو حیزبە لە كۆنگرەی داهاتوو لەسەر پۆستی سەرۆكی پارتی دەكات. هەروەها سەرهەڵدانی باس و خواسی كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بەو ململانێیانەوە دەبەستێتەوە. دەشڵێت "پارتی بە پاڵپشتیی میدیا، شكستی ڕیفراندۆمی خستە ئەستۆی باڵێكی یەكێتی".

ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاپۆرتێكدا دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و پێگەی حیزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، تیشكی خستووەتە سەر كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە تا ئێستا چەند جارێك وادەی ئەنجامدانی دواخستووە و دواجاریش دواخستنی بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، كۆنگرەی 14ی پارتی بە "چارەنووسسازترین كۆنگرەی ئەو حیزبە" ناو بردووە و دەڵێت "بە سەرنجدان لە تەمەنی مەسعود بارزانی و ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، كۆنگرەكە ڕووداوی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت".

لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە كە پارتی هەر لە ئێستاوە كار لەسەر ئەوە دەكات لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پۆستی سەرۆككۆمار بۆ خۆی یەكلایی بكاتەوە، كە تا ئێستا ئەو پۆستە لای یەكێتی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی تەسنیم، لە ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان "باس لە كاندیدبوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری داهاتووی عێراق دەكرێت". كە بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەكەی سوپای پاسداران، كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی "دابڕاو نییە لە ناكۆكی و ململانێكانی ناو پارتەكەی مەسعود بارزانی" كە لەسەر پۆستی سەرۆكی حیزبەكە دروست بووە، كە مەبەست لەمەیش كردنی نێچیرڤان بارزانییە بە سەرۆككۆمار تا بە چوونە بەغدای پۆستی سەرۆكی پارتی بۆ مەسرور بارزانی یەكلا ببێتەوە.

كۆنگرەی 13ی پارتی لە ساڵی 2010 ئەنجام درا. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكە، كۆنگرە چوار ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت و بڕیاربوو لە 11/12/2014 كۆنگرەی 14 ببەسترێت، بەڵام دوو ڕۆژ بەر لەو وادەیە، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كۆبووەیەكدا بڕیاری دواخستنی دا.

هەرچەندە پێشتر لە سەردەمی جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسومدا پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كە پشكی كورد بووە، بە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ یەكێتی یەكلا بووەتەوە، بەڵام لە كاتی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، ململانێ‌ لەناو یەكێتی و پارتی دروست بوو و پارتی هەوڵی زۆر دا ئەو پۆستەیش بۆ خۆی ببات بە كاندیدكردنی فوئاد حسێن، بەڵام زۆرینەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق پاڵپشتیی كاندیدەكەی یەكێتییان كرد.

سەبارەت بە پێگەی پارتی لە هەرێمی كوردستان، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە "هێشتا پارتی فەرمانڕەوای یەكەمی هەرێمی كوردستانە، كۆنترۆڵی دەمودەزگا هەستیارە سیاسی، ئابوور، سەربازی، ئەمنی و میدیاییەكانی كردووە. پارتی بە پاڵپشتیی توانا میدیاییەكان توانیویەتی شكستی ڕیفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی یەكێتیی نیشتمانی و هێشتایش بانگەشەی دیاركردنی چارنووسی كوردەكان دەكات".

"یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی پارتی، پەیوەندیی بە ناكۆكی و بارودۆخی ناوخۆیی حیزبەكانی دیكەوە هەیە، بە تایبەت كە حیزبەكانی دیكە ململانێی هەڵبژاردنیان بردووەتە سلێمانی و گۆڕەپانی ململانێی هەڵبژاردنیان لە هەولێر و دهۆك بۆ پارتی چۆڵ كردووە".

تەسنیم باس لەوە دەكات كە "ململانێی ناوخۆیی یەكێتیی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی حیزبەكەی بارزانی بووە، بە تایبەت لاهوور شێخ جەنگی كە دیارترین كەسایەتیی نەیاری پارتی دیموكرات و بازانییەكانە، بە جۆرێكك لە جۆرەكان لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان دوور خراوەتەوە".

وەكوو لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پارتەكەی بارزانی كە زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدایە، "لە تێڕوانیی گشتییەوە بەرپرسیارێتیی قەیرانەكان و كێشەكانی هەرێمی دەكەوێتە ئەستۆ". ئاماژەی بەوەش كردووە كە قەیرانی ئابووریی هەرێم، لێبڕینی مووچە لەلایەن كابینەكەی مەسروور بارزانی، دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك كە كاردانەوەی لە ناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لێ‌ كەوتووەتەوە، ڕەنگە كاریگەریی لەسەر ژمارەی دەنگەكانی پارتی دابنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بە پێچەوانەوە، بەرپرسانی باڵای پارتی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، نەك دەنگیان كەم ناكات، بەڵكوو بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.