عەلی باپیر ڕوونكردنەوە دەدات‌و باسی نەوشیروان مستەفا دەكات

03-10-2021 05:13

پەرەگراف

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی ڕوونكردنەوە لەبارەی ئەو وتەیەی دەدات كە ڕووەو بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: ئەونە وەزیرو پەرلەمانتارەكانتان ھەڵوەرین، ئێمەشتان شەرمەزار كرد، عەلی باپیر دەڵێت: ئەو وتەیەم لە دڵسۆزییەوە بووەو خۆم بە دڵسۆزی گۆڕان دەزانم.

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی ئەمڕۆ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە سەیدسادق، وتی "پێمناخۆشە لایەنێكی سیاسی كە خەڵكێك هیواو ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنیوە گۆڕانكاریی‌و چاكسازیی بۆ بكات، پێمناخۆشە كە هەندێك خەڵكی لێ ببینم هەڵدەوەرن، قسەكەی من لەو چوارچێوەیەدایە".

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی باسی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕانی كرد، وتی "بەتایبەت لە سەردەمی كاك نەوشیروانی ڕەحمەتیدا كە هاوڕێیەتی‌و دۆستایەتیی كۆنمان پێكەوە هەیە، خەڵك ئومێدو هیوایەكی زۆری لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان هەڵچنیبوو، پێمناخۆشە كەسانێك ناڵێم گۆڕان هەمووی، هەڵوەرن‌و بەملاولادا بڕۆن، دەڵێم وریای خۆتان بن‌و هەموومان با پەیوەندی خۆمان لەگەڵ خودا مەحكەم بكەین".

"هەركەسێك بابەتییانە تەماشای قسەكانم بكات دەزانێت كە لە دڵسۆزییە، من بەردەوامیش دەبم لە دڵسۆزیی نواندن بۆ هەموولایەك هیواداریشم هیچ كەس بە مانای خراپ قسەكانم لێَك نەداتەوە" عەلی باپیر وای وت.

ڕوونكردنەوەكەی عەلی باپیر دوای ئەوەدێت، وتەكانی پیشتری گۆڕانی نیگەران كردو بە فەرمیی وەڵامیان دایەوە.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی فەرمیی گۆڕان لە وەڵامی عەلی باپیردا وتی "پارتێكی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزوتنەوەی ئیسلامی)، كە بەئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) كرانە ھێزێكی ئۆپۆزسیۆن. لەبری باسی كێشەكانی خۆیان و پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ یەكێتی و پارتی، پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن".

وتەبێژەكەی گۆڕان ڕووەو عەلی باپیر، وتیشی "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیكردنی خەڵك واز لە ناوی ئاینەكەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەكەی خۆت، جگە لە زاواكەت متمانەت بە كەسی دیكە نەبێ، بۆ پەرلەمانی كوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری كابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو كاندید بكەی! كەواتە ئەوە «ئیمان» نیە كە نوێنەرەكانتان پەیوەست دەكا و ھەڵناوەرێن، بەڵكو ئەوە پەیوندی خزمایەتی و حساب نەكردنە بۆ توانای مرۆیی ھەمو ئەوانەی دیكە كە لە دەورتان كۆبونەوە".