بۆچی دادگاییكردنی چالاكی بادینان دواخرا؟ پارێزەرێكی دۆسیەكە: دادگا هیچ بڕیارێكی بەدەست نییە

04-10-2021 11:43

پەرەگراف

جارێكی دیكە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر دادگاییكردنی چوار كەس لە چالاكانی دەستگیركراوی بادینانی دواخست. پارێزەرێكی دۆسیەكە دەڵێت: دادگا هیچ بڕیارێكی بە دەستی خۆی نییە. هاوكات لە چەندین شار و شارۆچكە خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی لە دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بەڕێوە چوو و كەسوكاری دەستگیركراوانیش مانگرتنیان لەبەدەم دادگا ڕاگەیاند.

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، بۆ میدیاكان وتی "دادگاییكردنەكەی ئەمڕۆ بە پاساوی نقڵبوونی دوو لە دادوەرانی دادگای تاوان دواخراوە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "گیراوانی بادینان نزیكەی ساڵێكە لە زینداندان، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان تەواو بووە، بەڵام بە پاساوی لاوازی وردبینی كردن و نەهاتنی دادوەر و نقڵكردنی داوەر، دادگاییكردنیان دوا دەخات. ئەگەر ڕەقابەی قەزایی هەبوایە، دەبوو ئەوانەی لەم دادگا هۆكاری یەكلانەكردنەوەی چارەنسووی هاووڵاتیانی هەرێمن، سزا بدرێن".

"دادوەران و داداگای تاوان سەلماندیان كە توانای بڕیاردانیان نییە و هیچ بڕیارێزیان بە دەست خۆیان نییە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا تەنیا لەبەر هەڵبژاردن بوو، نایانەوێت لەم كاتەدا بڕیار لە چارەنووسیان بدەن"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

هەروەها جەختی كردەوە كە "هیچ بەڵگەیەكی تاوانكاری لەناو پەڕاوەكەدا بوونی نییە و هەموو دەستگیركراوەكان تۆمەتەكانیان ڕەت كردووەتەوە. ئەوەی كە ئێستا ئەو كەسانە لە زیندان، سزادانیانە".

هەریەك لە (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) كە بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییكردنیان لە دادگای تاوانەكانی دووی هەلێر بەڕێوە بچێت، بەڵام بۆ چەندەمین جار دواخرا.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "دواخستنی دادگاییكردنەكە سیاسییە، 14 مانگە چالاكانی بادینان لە زیندانی ئاسایشن. تۆمەتبار كراون بە گرووپی چەكداری و سیخوڕی، بەڵام بچووكترین بەڵگە و تەقەمەنی و شاهێدێك بوونی نییە".

ئامەد سڵێمان، كوڕی سڵێمان كەمال كە یەكێكە لە دەستگیركراوان، ئەمڕۆ دوای دواخستنی پرۆسەی دادگاییكردنەكە وتی "ئێمە مان دەگرین و لێرە دەمێنینەوە تا ئەو كاتەی چارەنووسی كەسوكارەكانمان دیاری دەكرێت و ئازاد دەكرێن. دەبێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێخۆشبوون بۆ سزادراوەكانیش دەربكات".

هاوكات لەگەڵ وادەی دادگاییكردنی چالاكانی بادینان، لە هەولێر، سلێمانی، ڕانیە، هەڵەبجە، سەیدسادق و چەند شوێنی تر گردبوونەوە لەبەردەم دادگا بۆ پشتیوانی لە دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینا بەڕێوە چوو.