مەسرور بارزانی وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە

04-10-2021 04:11

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لە وەڵامی قوباد تاڵەبانیدا ڕایگەیاند، پارتی داوای کوێخایەتی و ئاغایەتی ناکات داوای سەروەری یاسا دەکات لە ھەموو کوردستان.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی حزبەکەی لە ھەولێر، وتیشی "ئێمە ئاغاو کوێخا نین، خزمەتکاری خەڵکی کوردستانین".

ئەو وەڵامە دوای ئەوەدێت کە قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ھاوپەیمانیی کوردستان لە کەلار، وتی: پارتی زۆرباش دەزانێت ئەگەر پێگەی ھاوپەیمانیی کوردستان لاوازببێت، شتێک نامێنێت بەناوی ھاوسەنگیی ھێزو خۆی دەبێتە ئاغاو کوێخای ئەم کوردستانەو لە بەغداوھەولێر قسە ھەر قسەی خۆی دەبێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی ھەڵبژاردن کە یەکشەممەی داھاتووە، بانگەشەی لایەنەکان بەرەو تووندبوون دەڕوات.

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ، وتیشی "داواتان لێ دەکەم دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن کە نەک تەنھا ڕاستگۆ دەبن لەگەڵ بەڵێنەکانیان، بەڵکو توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان ھەیە".

ڕەخنەشی لە ھەندێک پەرلەمانتاری ئێستای عێراق گرت، وتی: ھەندێک لەوانەی پێشتر بە دەنگی خەڵک چوونە بەغدا داوای بڕینی مووچەودابەشکردنی کوردستانیان دەکرد، بە پشتیوانی خواو ئێوە نەمانھێشت و نایەڵین و دەسبەرداری مافەکانمان نابین.