ئێران دەربارەی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكان پەیامێكی توند ئاراستەی هەرێم و بەغداد دەكات

04-10-2021 04:29
ژمارەیەك لە بەرپرس و پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

پەرەگراف

كۆماری ئیسلامیی ئێران جارێكی دیكە لەبارەی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێم، هۆشداری دەدات و دەڵێت "پەیامی ئێمە بۆ هەرێم و بەغداد ئەوەیە كە چیتر ناتوانین ئارام بگرین و ئەم ڕێگەی ئارامگرتنە درێژەی نابێت". لەبارەی چەككردنی ئەو حیزبانە و داخستنی بارەگاكانیانەوە، ئێران دەڵێت "هەرێم و بەغددا وتویانە لە هەوڵداین".

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند "ناكرێت بنكە و بارەگای سەربازیی گرووپە تیرۆریستییەكانی دژ بە ئێران كە تێیدا مەشق و پەروەردەی سەربازی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دەكرێت، لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هەبن، ئەمە پێچەوانەی مافە نێودەوڵەتییەكانە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "بە هەرێم و بەغداد وتراوە كە ئەمە جێگای قبووڵكردن نییە، ئەم گرووپانە و بارەگاكانیان دەبێت كۆبكرێنەوە و چەك بكرێن، هەرێم و حكومەتی ناوەندیی عێراق دەبێت بە ئەركی یاسایی خۆیان هەڵسن".

"هەڵبەت دۆستانمان لە هەرێم و بەغداد گوتوویانە كە لە هەوڵدان، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونكە ئێمە لەمە زیاتر تەحەمولی دەستدرێژیی منداڵانە لە سنوورەكانی خۆماندا ناكەین"، سەعید خەتیبزادە وا دەڵێت.

خەتیبزادە ئاماژەی بە ماددەی حەوتی دەستووری عێراق كردووە و باس لەوە دەكات كە ماددەكە دەڵێت "نابێت سنوورەكانی عێراق بۆ كاری تیرۆریستی بەكار بهێنرێن".

لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران، هێرشەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێم، زیادیان كردووە. ڕەئیسی یەكەم گفتوگۆیشی دەربارەی چالاكییەكانی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی هەرێم ئەنجام دا.

پاش ئەوەی ڕۆژی 5-8-2021 بەرپرسانی هەرێم لەناویاندا سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەشدارییان لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران كرد، ڕۆژی دواتر ڕەئیسی و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوە، چالاكیی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێم، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بووە.

ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی بڵاوی كردەوە كە سەرۆكی هەرێم "جەختی لەوە كردووەتەوە هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی كۆماری ئیسلامی و ڕێگە بە دروستكردنی هیچ مەترسییەك لە خاكی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران نادرێت".

دواتر ئێران لە زاری چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنییەوە چەند جارێك هۆشدارییان داوەتە هەرێم سەبارەت بە چالاكیی سەربازیی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێم و هێرشەكانیشی بۆ سەر بارەگاكانیان زیاد كردووە.

فشارەكانی ئێران بەردەوام بوون تا كار گەیشتووەتە ئەوەی كە ئێستا داوای چەككردنی ئەو حیزبانە و داخستنی بنكە و بارەگاكانیان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەكات.

* ئێران هەڕەشەی بەردەوامی و فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ سەر نەیارانی لەناو خاكی هەرێم دەكات

* ئێران داوای چەككردن و دەركردنی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەكات

* بەرپرسێكی باڵای سەربازیی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش لەناو خاكی هەرێمدا دەكات

* ئێران لەبارەی هێزە نەیارەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات

* نێچیرڤان بارزانی: ڕێگە بە دروستكردنی هیچ مەترسییەك لە خاكی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران نادرێت

* حزبی دیموكرات: ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیمان لە لایەن ئێرانەوە لە هەولێر تیرۆر كرا

* "چالاكێكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان" لە سلێمانی كوژرا