سێ كیلۆو 500 گرام تلیاك لەناو دۆشەك‌و لێفەی منداڵاندا دەستی بەسەردا گیرا

28-04-2019 12:58
ئاسایشی سلێمانی ئەو دۆشەك‌و لێفانەی خستەبەرچاوی ڕۆژنامەنووسان كە تلیاكەكەی تێدا شاردراوەتەوە.


پەرەگراف

سێ كیلۆو 500 گرام تلیاك لەناو دۆشەك‌و لێفەی منداڵاندا دەستی بەسەردا گیرا كە ویستراوە لە هەرێمەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت.

عەمید جەلال مینەبەگ، بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا ئەوەی خستەڕوو، بەهاوكاریی ئاسایشی هەولێر توانیویانە ئەو كەسە لە هۆتێلێكی هەولێر دەستگیر بكەن كە ویستویەتی ئەو بڕە تلیاكە بنێرێتە دەرەوەی هەرێم.

"دانی بەوەدا ناوە چەندجارێك لە هەولێرەوە ماددەی هۆشبەری ڕەوانەی كەنەدا كردووە"، بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی وای وت، وتیشی"ئێمە هاوكارێكی گەورەی وڵاتانی دراوسێ‌و ئەوروپاین. دەتوانین ئەو كەسانە دەستگیر بكەین كە ماددەی هۆشبەری دەنێرنە وڵاتانی دەرەوە."

ئەو بڕە تلیاكە لەناو دۆشەك‌و لێفەی منداڵاندا بووەو تۆمەتبارەكە ویستوویەتی لەڕێی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی كەلوپەلەوە(پۆستە) ڕەوانەی دەرەوی بكات. جەلال مینەبەگ وتی، كەسەكە بە ڕەگەز عێراقییەو لە ساڵی 1980وە لە ئێران دەژی‌و 9 ساڵە هاتووەتە هەرێم‌و لە هەولێر كار دەكات.

ئاسایش كۆمپانیاكانی گواستنەوەی كەلوپەل ئاگادار دەكاتەوە هۆشیاربن، جەلال مینەبەگ ئەوەی خستەڕوو، كۆبووەنەوەیان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە كردووە‌و ئاگاداریان كردوونەتەوە كە هەرشتێك گومانیان لێی هەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەنەوە، "ئەگەر بەسەریاندا تێپەڕببێت دەیاندەینە دادگا."

بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی، ئەوەی بە بیر هێنایەوە پێشتریش تۆمەتبارێكی دیكەیان دەستگیركردووە كە زیاتر لە 20 جار بەوجۆرە ماددەی هۆشبەری لە هەرێمەوە ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە كردووە، وتیشی"ئەمساڵ زیاتر لە 50 كەس لە بازرگان‌و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون."

ماددە هۆشبەرەكان، كە بە "تیرۆری سپی" دەناسرێن، ساڵانە دەیان گەنج‌و هاووڵاتی كورد بەرەو سەرگەردانی دەبەن.

بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی، پێشتر لە بەدواداچوونێكی پەرەگرافدا ئەوەی خستەڕوو، "لەساڵی ڕابردوودا بە فەرمانی دادوەر 240 كەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، ئەوەش كەمیكردووە بەراورد بەساڵی 2017، كە ژمارەی دەستگیركراوان 310 كەس بوون."

ئەو كەسانەی دەستگیركراون؛ هەندێكیان تاك و بەشێكیان لە شێوەی باند و گروپدا بون، ماددەكانی تلیاك، حەشیش، هیرۆیین و شیشە(كریستاڵ)یان پێبووە، تەواوی ماددەكانیش لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردەكراون‌و تەنیا یەك كێڵگەی ماددەی هۆشبەر لە جۆری گیای گراس دەستی بەسەرداگیراوە، بەپێی ئامارەكانی ئاسایش.

وەك جەلال مینەبەگ باسیكرد، ئەو ماددە هۆشبەرانەی بەوجۆرە لەناو دۆشەك‌و لێفەو بەتانی‌و شتی لەو جۆرەدا دەشاردرێنەوە، تایبەت بۆ ناردنیەتی بۆ وڵاتانی دەرەوەو بەوجۆرە نایەتە ناو هەرێم، لەبارەی شوێنی بەرهەم هێنانەكەی وتی"سەرچاوەی تلیاك ئەفغانستانە."

ئینفۆگرافیكێكی پێشتری پەرەگراف دەربارەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان‌و گواستنەوەی بۆ ئەوروپا