پەرەگراف
لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ٢٤ کەس دەستگیرکران لە گەنج و خێزان کە ڤیزای ساختەیان لەلایەن قاچاخچییەوە بۆ کراوە بە مەبەستی گەشتیئەوروپا.
فڕۆکەخانەى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: بنکەی نشینگەى فڕۆکەخانە بە هاوکارى ئاسایشی فڕۆکەخانە لە ڕۆژى (5/10/2021) لەگەشتى (سلێمانی- دوسلدۆرف) توانییان ڕێگرى بکەن لە هەوڵێکى ساختەکارى گروپێکى گەشتیاران کە ژمارەیان ٢٤ گەشتیار بوو بەنیازبوون گەشتى دەرەوەى وڵات بکەن.
"دوای ووردبینی لە دۆکیومێنت و بەڵگەکانیان دەرکەوت هەڵگرى جۆرێک لە دۆکیومێنتن کە هیچ بەڵگەیەکى فەرمییان نەبووە بۆ سەفەرکردن بۆدەرەوەى وڵات" فڕۆکەخانەکە وادەڵێت.
گروپەکە دوای دەستگیرکردنیان گواستراونەتەوە بۆ پۆلیس و دەبرێنە بەردەم دادوەر.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت، ئەو كەسانە لە چوارچێوەی گروپێکی گەشتیاریدا لەلایەن قاچاخچییەوە ڤیزای ساختەی وڵاتی ئەندۆرا-یان بۆكراوە بە بڕی ١٤٠ هەزار دۆلار(١٤ دەفتەر).
ویستویانە لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بەو ڤیزایە بچنە وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام لە فڕۆكەخانە دەستگیركراون و رەوانەی لێكۆڵینەوە كراون.