شاسوار عەبدولواحید: بڕۆن یەك ملیۆن دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ

08-10-2021 03:32

پەرەگراف

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا دەكات خەڵك بەشدارییەكی فراوان لە هەڵبژاردن بكەن‌و دەڵێت: ڕۆژی دەنگدان مێژوویەكی نوێی سەركەوتن بۆ ئەم هەرێمەو جوڵانەوەكەتان دەنووسنەوە.

شاسوار عەبدولواحید لە وتاری كۆتایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، وتی "10-10 بە حەماسێكی زۆرەوە بڕۆنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و تۆڵە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بكەنەوە.. تۆڵەی بەتاڵانبردنی داهاتەكانتان، دەستگیركردنی كەسوكارتان‌و دزینی مووچەكانتان.. تۆڵەی ڕابردو و ئێستاو ئایندەی خۆتانیان لێ بكەنەوە".

"هێزێكی نوێی پڕ ئومێد تاقی بكەنەوە كە نەوەی نوێیەو دژی دەسەڵات وەستاوەتەوە.. ئەگەر كەسێك بەدوای فرسەتێكدا دەگەڕێت بۆ سزادانی ئەم دەسەڵاتە ئەوا ڕۆژی 10-10 باشترین فرسەتە" شاسوار عەبدولواحید وای وت.

سەرۆكی نەوەی نوێ وتیشی "بڕۆن یەك ملیۆن دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ.. یەكێتی‌و پارتی‌و هاوپەیمانەكانیان چییان لەدەست دێت با بیكەن.. پشتیوان بەخوا ئەم دەسەڵاتە دەڕووخێت‌و زۆریان نەماوە".

بەیانیی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێراق دەستی پێكرد كە هێزە ئەمنیی‌و چەكدارەكان‌و ئاوارەكان ‌و زیندانییان دەگرێتەوە.

لە سەرانسەری عێراقدا یەك ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ كەس لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریكردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە‌و لە گرتووخانەكانیشدا ٦٧١ كەس مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەت ھەیە.

ڕۆژی یەكشەممەی داهاتووش ناوەندەكانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوەو 24 ملیۆن‌و 907 هەزارو 679 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ كاندید بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێك لە كاندیدەكانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان كێبڕكێ دەكەن بۆ پڕكردنەوەی ٣٢٩ كورسیی پەرلەمانی عێراق.