دەنگدانی تایبەت كۆتایی هات؛ كۆمیسیۆن و كازمی قەسەی خۆیان لەبارەی پرۆسەكەوە كرد

08-10-2021 07:50

پەرەگراف

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت كۆتایی هات و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت: هیچ پێشێلكارییەك تۆمار نەكراوە. مستەفا كازمییش پرۆسەكە بە "سەركەوتوو" وەسف دەكات و دەڵێت "قارەمانەكانی هێزە ئەمنییەكان بە ڕێكوپێكی و پابەندییەوە ئەمڕۆ دەنگی خۆیان دا".

جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەنگدان بەبێ كێشە و بەبێ تۆماركردنی هیچ پێشێلكارییەكی ئەمنی كۆتایی هات".

سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بەبێ‌ ئەوەی ڕێژەی بەشداری ڕابگەیەنێت، وتیشی "ڕێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەنگدانەكە سەركەوتوو بووە".

جەلیل عەدنان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ڕایگەیاند "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی، پاش 24 كاتژمێر لە كۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی، ڕادەگەیەندرێت"، كە دەكاتە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11-10-2021.

لای خۆیشیەوە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا وتی "قارەمانەكانی هێزە ئەمنییەكان بە ڕێكوپێكی و پابەندییەوە ئەمڕۆ دەنگی خۆیان دا، سەرجەم ڕێوشوێنەكانیش بۆ مسۆگەركردنی بێگەردی و دادگەریی پرۆسەكە سەركەوتوو بوون".

كازمی دەشڵێت "هەنگاوێكی سەركەوتوو بوو بە ئاراستەی بەشداریكردنی فراوان لە دەنگدانی گشتی بۆ تەواوكردنی ئەركی نیشتمانیی دروستكردنی گۆڕانكاری".

ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن، لە ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەڵێت "هەرچەندە پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەكی گشتی ئاسایی بەڕێوەچوو، لە ‌كاتژمێرەكانی بەیانیدا بەدەمەوەچوونێكی زۆر بۆ دەنگدان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاودێرەكانمان ژمارەیەك لادان و سەرپێچییان تۆمار كردووە".

ئەو پێشێلكارییانەی كە ڕێكخراوەكە تۆمار كردوون خۆی دەبنێتەوە لە "دواكەوتن لە دەستپێكردنی دەنگدان، وێنەگرتن و دەنگدانی بەكۆمەڵ، بەردەوامبوون لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پاڵێوراوەكان و سنوورداركردنی كاری چاودێران".

"بەپیێ ڕێكارەكان بردنە ژوورەوەی مۆبایل قەدەغە بوو، بەڵام لە ‌هەندێك شوێن چاودێرەكانمان سەرپێچییان لەوبارەیەوە تۆمار كردووە، لەوانە: لە قەزای كفری، لە قەزاری كەلار"، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن وا دەڵێت.