بەرهەم ساڵح: سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیەو بەشداریی هۆشیارانە خاڵی وەرچەرخانە
پەرەگراف
بەرهەم ساڵح داوا لە خەڵكی عێراق دەكات، سبەینێ بەشداریی بكەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنو ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ چاكسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەكاری.
سەرۆككۆماری عێراق لە پەیامێكدا دەڵێت "بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنووساز دەبێت و رێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوە و رێگە لە یاریكردن بە چارەنووسی وڵاتەكەمان دەگرێت".
دەقی پەیامەكەی بەرھەم ساڵح سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتیانی خۆشەویست..
ئێمە ئێستا لەبەردەم ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەداین، لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووساز و مێژوویداین لە عێراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەركردنی كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆ پێداچوونەوەی دەستوور و هێنانەكایەی گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ، كە زامنی مافی تاك و پێكهاتەكانی عێراق بێت. ئەمانەش لەرێگەی پەرلەمانێكی كارا و راستەقینەوە دێتەدی، پەرلەمانێك كە بەڕاستی نوێنەری ئیرادەی ئازاد و دەنگی ئێوە بێت و بتوانێت حكومەتێك پێكبهێنێت كە توانای چارەسەری قەیرانەكانی هەبێ، بەتایبەت كێشەكانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و بژێوی ھاووڵاتیان.
بێگومان دەسكەوتی لەناوبردنی دیكتاتۆریەت و دامەزراندنی حوكمڕانی دەستووری لە عێراق گرنگ و بایەخدارە، بەڵام دەبێ بیشیسەلمێنین كە قۆناغی دوایی 2003 و سیستمە حوكمڕانیەكەی جۆرەها كێشە و كەموكورتی هەیە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی ریشەی هەیە.
ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ئەم ڕێڕەوە بە ئاڕاستەی چاكسازی و گوڕانكاری ببەن. لەم پێناوەشدا بە ڕەچاوكردنی ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری، یاسای تازەی هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا و كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكانیش پێكهێندرا، كە ھاوكاتە لەگەڵ دابینكردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری پرۆسەكە، بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانەمان لەپێناو پارێزگاری لەدەنگی ئێوە و رێگری لە ساختەكاری گرتەبەر، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن و سەرئەنجام ئەو پەرلەمان و حكومەتەی دێتە كایەوە رەنگدانەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت و قەرەبووی كەموكورتی هەڵبژاردنەكانی پێشووش بكاتەوە.
هاووڵاتیانی ئازیز..
سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیە، چاوەڕوانی تاقیكردنەوەی ئیرادەی ئێوەن كە بەزەبری شەڕ و تیرۆر نەشكا، ئیرادەیەك كە توانی شكست بە داعش بھێنێ و بەسەر مەترسی تیرۆردا زاڵبێت و لەبری هەموو جیهان بجەنگێ و قوربانی بدات. بۆیە هیوادارم سبەی ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی راستەقینەی خۆتان بۆ چاكسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەكاری، چونكە مێژوو فێری كردوین كە هیچ دەنگێك لە دەنگی میللەت بەرزتر و هیچ ئیرادەیەك لە ئیرادەی خەڵك بەهێزتر نییە، و بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنووساز دەبێت و رێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوە و رێگە لە یاریكردن بە چارەنووسی وڵاتەكەمان دەگرێت.
هەڵبژاردنی سبەی بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی و دەرفەتێكی گەورەیە كە خودی خۆت بەشداردەبیت لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا، بۆیە بێ دوودڵی بەشداری بكە و بەھوشیارییەوە دەنگ بدە.
لێرەشەوە سوپاسی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ دەزگانی حكومەت و كۆمیسیۆن، و بە تایبەتیش بۆ هێزەكانی ئاسایش كە ئەركی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆیە، لەم بۆنەیەشدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان.
با پێكەوە هەوڵ بدەین ئەم هەڵبژاردنە بكەینە مایەی گۆڕانكاری راستەقینە، و بە هیوای ئەنجامێكی باش بۆ هەڵبژاردن و سبەینێیەكی ڕوون بۆ گەل.
ئێوەش، ئازیزان، هەر شاد و سەركەوتوو و ئاسوودە بن.